مهودا پۆلهتیك
مام جەلال، جێگە و پێگەیەکی بەهێزی لە کوردستان، عیراق، ناوچەکە و جیهاندا هەبوو
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا پۆلەتیک
محەمەدی حاجی مەحمود:
محەمەدی حاجی مەحمود:
محەمەد حاجی مەحمود، سکرتێری حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ مەودا پۆلەتیک، لە بارەی سەرۆک مام جەلال و رۆڵ و پێگەیەوە دەڵێت: "مام جەلال، جێگە و پێگەیەکی بەهێزی لە کوردستان، عیراق، ناوچەکە و جیهاندا هەبوو".
ساڵانێکی زۆر هەڤاڵ و هاوخەباتی مام جەلال بوون، هەستت چییە بۆی و چۆن وەسفی دەکەیت؟ مام جەلال لە ژیانی سیاسیی ئێوەدا چییە؟
ئێمە له سەرەتای ساڵی 1976ەوە زانیمان مام جلال لە دەرەوەی وڵات جموجووڵی خۆڕێکخستنەوەی هەیە و ئەویش بەشداری شۆڕشە، هەر لەو ساڵەدا نامەیەکی بەناوی جووتیارەوە ناردبوو، کە سەرقاڵی بەدەستخستنی چەک و پێویستییەکانی هێزی پێشمەرگەیە بۆ شۆڕش. له مانگی تەمووزی ساڵی 1977 مام جەلال و ژمارەیەک لەو برادەرانەی دەرەوە گەڕانەوە بۆ کوردستان، منیش له مانگی تشرینی یەکەمی 1977 لە شارەزوورەوە بۆ سورێن، شلێر، سورکێو، بێژوێ، قەلەڕەشە، بێروران، شێنێ، بێدەلان، قەڵاتووکان، قڕناقە، ئاشقولکە، بادیناوێ، کۆنەلاجان، داڵاوان، زێوکە، ماشکان، قەڵاتەڕەش، میراوا، کێلەشین، دۆڵی سالاریا، بێخڕە، قولەسیو، گردیگلان و دواتر بۆ جورجان، لەوێ له 5ی تشرینی دووەمی 1977 مام جەلالم بینی. لە بن چەند بەردێکی گەورە لەگەڵ کاک تاهیری عەلی والی بەگ، دکتۆر خالید، کاک عەلی عەسکەری، کاک رەسوڵ مامەند، کاک سالار عەزیز و چەند کەسێکی تر دانیشتبوو. لەگەڵمان دانیشت، باسی شۆڕشی کرد و سوپاسی ئێمەی کرد کە زیاتر لە یەک ساڵ بێ ئیمکانیەت ئێمە شۆڕشمان دروست کردووەتەوە.
ئێمە لە 26ی حوزەیرانی 1976 وەک یەکەمین مەفرەزەی کوردستان چووینە شاخ و دەستمان بە کاری سەربازی و هۆشیارکردنەوە کرد، لەو کاتەدا تازە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێکهێنرابوو؛ مام جەلال وەک سکرتێری گشتی، کاک رەسوڵ مامەند و کاک عەلی عەسکەری لە سۆسیالیست، کاک سالار عەزیز و کاک ئارام له کۆمەڵە، کاک دکتۆر فوئاد مەعسوم و کاک عومەر شێخموس له خەتی گشی، بوونە ئەندامی مەکتەبی سیاسی، بە مام جەلالەوە حەوت کەس بوون.
لە کاتی پلاندانان بۆ راپەڕین، ئێوە لە حزبی سۆسیالیست پەیوەندیتان لەگەڵ جەنابی مام جەلال چۆن بوو؟
پێش راپەڕین، کۆبوونەوەکانی بەرەی کوردستانی بەردەوام بوون، بارەگاکانی سەرکردایەتیی سۆسیالیست و یەکێتی نزیک بوون، سەرکردایەتیی سۆسیالست لە نۆکان و یەکێتی لە قاسمەڕەش بوو، رۆژانە یەکمان دەبینی. مام جەلال له بواری ئاشتیدا لەگەڵ سۆسیالیست و لەگەڵ پارتی رۆڵێکی گرنگ و کاریگەر و بەرچاو و بەتوانای هەبوو، رۆڵی بنەڕەتیی هەبوو بۆ ئاشتیی نێوان هێزە سیاسییەکان. کاتێکیش بووە سەرۆککۆماری عیراق، دەورێکی گرنگ و کاریگەری هەبوو له جێگیرکردنی مافەڕەواکانی کوردستان. مام جەلال رۆڵی دیاری هەبوو لەسەر خەباتی پارچەکانی تر، هێزی پشتیوانییش شایەتیی ئەوەی بۆ دەدات.
پێگەی مام جەلال لەسەر ئاستی عیراق، ناوچەکە و جیهان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
مام جەلال، جێگە و پێگەیەکی بەهێزی هەبوو لە کوردستان، عیراق، ناوچەکە و جیهاندا، بە کوردی قسەکردن له نیویۆرک لە کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەلمێنەری ئەو راستییەیە.
ر.س
ر.س