ئابووری
بڕیارێك لە بەرژەوەندی ئەم خاوەنكارانە دەرچوو
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، رێگە دەدرێت بە هاتووچۆكردنی خاوە كێڵگە پەلەوەرییەكان بۆ ئەوەی مریشك بۆ ناوچەكانی عیراق ڕەوانە بكەن و بگوازنەوە.
لە راگەیەندراوێكی وەزارەتی كشتوكاڵ هاتووە "لەچوارچێوەی بەدواداچوونی بەردەواممان بۆ ئەو كێشەو گرفتانەی رووبەڕووی پڕۆژە كشتوكاڵیەكانمان دەبنەوە، بەتایبەت خاوەن كێڵگە پەلەوەریەكان، دوای راوێژ لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ بڕیاردرا بەرەچاوكردنی رێكارەكانی خۆپارێزی و تەندروستی رێگا بكرێتەوە بۆ ناردنی مریشك بۆ ناوەڕاست و خواروی عێراق دوای ئەوەی لەپێداویستی بازاڕی ناوخۆیمان زیاد دەبێت".
ئەوەش خراوەتەڕوو "بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی خاوەن كێڵگەكان و پاڵپشتیكردنیان وەك بنەمایەكی گرنگی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستاندا، بۆ ئەو مەبەستە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاكان كار ئاسانی دەكەن بۆ خاوەن پڕۆژەكان".
نازم عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی پارێزگای سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەو بڕیارە زۆر باشبوو، لە بەرژەوەندی خاوەن كێڵگەكاندایە و لە رابردوو زیانێكی زۆرمان كرد بەهۆی ئەوەی قەدەغەی هاتووچۆ هەبوو مریشكێكی زۆر لە ناو كێڵگەكان مابوونەوە".
ئەوەشی خستەڕوو "بەهۆی ئەو بڕیارەوە دەتوانین مریشك لە بەشی پێویستی ناوخۆی سلێمانی كە زیادە رەوانەی ناوچەكانی عیراق بكەین و ئەوەشی سودی بۆ خاوەن كێڵگەكان دەبێت و لە زیان نەجاتمان دەبێت".