ئابووری

سه‌باره‌ت به‌ کێشەداراییەکان لیژنەیەکی پسپۆڕ بۆ ماوەی 60 رۆژ سەردانی ھەرێم دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


سه‌باره‌ت به‌ کێشەداراییەکان لیژنەیەکی پسپۆڕ بۆ ماوەی 60 رۆژ سەردانی ھەرێم دەکات
مه‌ودا میدیا-

ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت "چارەسەرکردنی کێشەداراییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا پەیوەستە به‌ ھەمواری بودجەی عیراقەوە کە پێکھاتووە لە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان". ده‌شڵێت "لیژنەیەکی تایبەتی پسپۆڕ بۆ ماوەی 60 رۆژ سەردانی ھەرێم دەکات و شوێن و کێلگە نەوتییەکان و گرێبەستەکان دەبینێت".

سروه‌ محه‌مه‌د، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق بۆ مه‌ودا میدیا رایگه‌یاند "سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەداراییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، دیارە بەشێک لەو چارەسەرە پەیوەستە به‌ ھەمواری بودجەی عیراقەوە کە پێکھاتووە لە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان".

وتیشى "ھەموارکردنەوەی یاسای بودجه‌ى عیراق ھاتە پەرلەمان و خوێندنەوەی دووەمی بۆ کرا که‌ پێکھاتووە لە ھەموارکردنەوەی مادەی 12، بڕگەی (ج) کە تایبەتة بە نەوتی ھەرێمی کوردستان".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد "به‌پێی ئەو کۆبوونەوانەی ئاگادارن كه‌ لە نێوان ھەرێم و بەغدا کراوە، دیارە ھەموارەکه‌ ده‌کرێت و نرخی تێچووی بەرمیلێک نەوت لە شەش دۆلارەوە دەکرێتە 16 دۆلار، جگە لەوەش لیژنەیەکی تایبەتی پسپۆڕ چ لە دەرەوەی عیراق چ لە ناوخۆی عیراق بۆ ماوەی 60 رۆژ سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات، شوێن و کێلگە نەوتییەکان و گرێبەستەکان دەبینێت لە کوردستان و لە سەر بنەمای ئەوە راپۆرتێک دەداتە حکومەتی فیدراڵی و سەرۆک وەزیرانی عیراق، بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەکی گشتی کێشەکان لە نێوان ھەردوولا چارەسه‌ربکەن".

جه‌ختیشى كرده‌وه‌ "ئومێد ده‌که‌ن بە ھەموارکردنەوەی پرۆژەیاسای بودجە کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا لە رووی داراییەوە چارەسەربکرێن".

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan