کوردستانی

باندێكى گه‌وره‌ى سواڵكردن ده‌ستگیركرا كه‌ چه‌ندین فێڵیان كردووه‌

مەودا میدیا - سلێمانی |


باندێكى گه‌وره‌ى سواڵكردن ده‌ستگیركرا كه‌ چه‌ندین فێڵیان كردووه‌
مه‌ودا میدیا-

پۆلیسی کەرکوک رایده‌گه‌یه‌نێت "سه‌رۆكى باندێكى گه‌وره‌ى سواڵكردنیان ده‌ستگیركردووه‌، كە چه‌ندین ئامێرى نایاسایی و نووسراوى ساخته‌یان پێبووه‌، هه‌روه‌ها منداڵیان بەكرێی رۆژانەی 10 هەزار دینار، به‌كار هێناوه‌"

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوک رایگه‌یاندووه‌ "دوای بەدواداچوونی ورد و ئەمنیی، هێزەكەیان سەرۆکی باندێکی گەورەیان لە نزیك بینای قائیمقامیەت دەستگیركردووە كە بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی تۆڕێکی فراوانی سواڵکەران لە شارەکە".

ئه‌وه‌ش هاتووه‌ "دوای ئەوەی لەلایەن مەفرەزەكانی پۆلیسی فریاكەوتنەوە گومان لە ئۆتۆمبێلێكی جۆری (جێب) دەكرێت، لە خاڵێكی پشكنین داوای لێدەكرێت بوەستێت، بەڵام شۆفێرەكە هەوڵی هەڵاتنی داوە، بۆیە بەفەرمانی بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی كەركوك گەمارۆدراوە و دەستگیركراوە".

راشیگه‌یاندووه‌ "دوای پشكنینی ئۆتۆمبێلە گومان لێكراوەكە، دەركەوتووە كە دوو كەسی خەڵكی كەركوك و بەغدای پێبووە، ئەو جگە لە دەستبەسەردا گرتنی ژمارەیەك ئامێری پەیوەندی نایاسایی، مۆبایل و بڕە پارەیەك، هەروەها تابلۆی نوسراوی ساختە كە بۆ  بەدەستهێنانی هاوسۆزی هاوڵاتییان بەکاریانهێناوە".

روونیشیكردووه‌ته‌وه‌ "باندەکە تۆڕێکی بەرفراوانی منداڵانی سواڵکەریان بەڕێوەبردووە، کە رۆژانە لە شەقامەکاندا دابەشیانكردوون بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە سۆزی خەڵك رابكێشن و مناڵەكان بۆ بەدەستهێنانی پارە بەكاربهێنن".

پۆلیسى كه‌ركوك ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو "دواتر بەدواداچوونیان كردووە و دەركەوتووە كە ئەو منداڵانەی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رزگار كراون دانیان بەوەدا ناوە کەرۆژانە بڕی 10  هەزار دیناریان بۆ سواڵكردن  وەرگرتووە، تەواوی ئەو پارەیەشی كۆیانكردووەتەوە دراوە بەسەرۆكی باندەكە".

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan