کوردستانی

سوپای عیراق رێگری جووتیارانی کورد دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


سوپای عیراق رێگری جووتیارانی کورد دەکات
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ یەکشەممە 2025/2/16، جووتیارانی گوندی شناغەی سەربە ناحیەی سەرگەڕان بەسوود وەرگرتن لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەناو شۆڕش (بەعس)  بەمەبەستی کێڵانی زەوییەکانیان کۆبوونەوە، بەڵام لەلایەن سوپای عیراقەوە رێگرییان لێکرا.

جووتیارانی گوندی شناغە رایانگەیاند "دوای پەسەندکردنی یاسای گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنەکانیان لەلایەن پەرلەمان و سەرۆک کۆماری عیراق، بەڵام هێشتا رێگرییان لێدەکرێت بچنەوە سەر زەوییەکانیان".

ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد "دوای کێڵانی بەشێک لە زەوییەکان، هێزێکی سوپای عیراق لەسەر داوای عەرەبی هاوردە هەڵیانکوتاوەتە سەریان و رێگرییان لێکردوون".

ئەوەشیان خستەڕوو "دوای گەیشتنی چەند هامەرێکی سەربازیی سوپای عیراق لەسەر داوای عەرەبی هاوردە، ئەوان بەردەوام بوونی لە کێڵانی زەوییەکانیان و ئامادە نین دەستبەرداریی زەوییەکانیان بن، بۆیە داوای هێزی زیاتر کراوە".

ئەمەش لە کاتێکدایە، کە یاسای گەڕاندنەوەی زەوی و زار و موڵک بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان، مانگی رابردوو لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە هاوشان لەگەڵ یاسای باری کەسیی و لێبوردنی گشتیی پەسەندکرا، وە هەروەها عەرەبی هاوردە لەناوچە کوردستانییەکان قەرەبووکراونەتەوە بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان بەڵام تاوەکو ئێستا پرۆسەی تەعریب لەسنووری کەرکوک و خانەقین و خورماتوو بەردەوامی هەیە.

ب ح
Qaiwan
Qaiwan