کوردستانی

بافڵ جەلال تاڵەبانی: وه‌ك یەکێتی هاریکاریی سەرخستنی ئەم هەوڵە مێژووییە دەبین بۆ پرسى ئاشتى له‌ توركیا

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ جەلال تاڵەبانی: وه‌ك یەکێتی هاریکاریی سەرخستنی ئەم هەوڵە مێژووییە دەبین بۆ پرسى ئاشتى له‌ توركیا
مه‌ودا میدیا-

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە وەفدی ئیمراڵی بە سەرۆکایەتیی خاتوو پەروین بوڵدان و سری سورەییا ئوندەر کرد و ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات "وەک یەکێتی هاریکاریی سەرخستنی ئەم هەوڵە مێژووییە دەبین کە بەردی بناغەکەی لە ساڵی (1993) سەرۆک مام جەلال داینا".

لە دیدارەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوو، وەفدی ئیمراڵی سڵاو رێز و پەیامی (عەبدوڵا ئۆجەلان)یان گەیاندە بافڵ جەلال تاڵەبانی و بڕیار و سیاسەت و بژاردەکانی خۆشیان لەسەر رووداوە سیاسییەکانی ناوچەکە، پرسی ئاشتی لە تورکیا و گفتوگۆکانیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان روونکردەوە.

لەبەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی، بیروبۆچوونی خۆی و ستراتیژیی یەکێتی لەبارەی قۆناغی نوێی ئاشتی لە تورکیا بە راشکاوانە خستەڕوو و رایگەیاند "پشتگیری و پشتیوانی لەهەر دەستپێشخەرییەک دەکەن کە مافی گەلەکەمان لە تورکیا دەپارێزێت و وەک یەکێتیش هاریکاریی سەرخستنی ئەم هەوڵە مێژووییە دەبین کە بەردی بناغەکەی لە ساڵی (1993) سەرۆک مام جەلال داینا".

هەر لە دیدارەکەدا سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روونیکردەوە "تاوەکو پرسی کورد چارەسەر نەکرێت ناوچەکە ئاشتی و ئارامی سەرتاسەری بەخۆیەوە نابینێت، وەک وتوشمانە پرسی کورد بە چەک و شەڕ نە چارەسەر دەبێت، نە ئەنجامی دەبێت، چونکە تاکە بژاردە گەڕانەوەیە بۆ گفتوگۆ و دیالۆگی جدی، هیوادارین هەموومان دەربەست و پەرۆشانە کار بۆ سەرخستنی ئەم دەرفەتە مێژووییە بکەین لەسەر بنەمای هاوبەشی و برایەتی و پەرۆشی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی".

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "باوەڕمان بە برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە هەیە، هەرگیزیش نابینە هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێکی دراوسێمان و پەرۆشی ئەوەین هەموومان بە برایەتی و ئاشتی بژین، ئەمڕۆش دەستپێشخەر دەبین تاوەکو لەبری هەڕەشە زمانی دیالۆگ زاڵبکەین، دەستی برایەتی بۆ هەموولایەک درێژدەکەین، هیوادارین نیەتێکی جدی هەبێت بۆ پتەوکردنی برایەتی کورد و تورک و سەرخستنی ئەم هەوڵە نیشتمانییە".

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan