کوردستانی
ئازاردانی جووتیارانی کورد لەهیچ لایەنێک قەبوڵناکەین
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
هەفتەی رابردوو جووتیارانی کورد لە سنووری کەرکوک لەلایەن سوپای عیراقەوە رێگرییان لێکرا زەوییەکانیان بکێڵن ئەمەش بووەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزیی لەنێوان جووتیاران و سەربازانی عیراقی.
د.ئەحمەد کەرکوکی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە مەودا میدیای راگەیاند "هەرگیز دەستبەرداری جووتیاری ناحەی سەرگەڕان و گوندەکانی نابن و هەمیشە پشتیوانیان دەبن، دوای رووداوەکەی سەرگەڕان رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک پەیوندی بە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراقەوە کردووە لیژنەیەکی تایبەتی بە هەماهەنگی خالید شوانی وەزیری داد رەوانەی کەرکوک کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "هەوڵدەدەن دۆسییەی ئەمنی ئەو ناوچانە بدرێنە دەست هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ، بەڵام کشانەوەی سوپای عیراق لەو گوندەکان پێویستی بەبڕیاری سەروو خۆیانە، لە هەوڵدان ئەو کێشانەش دووبارە نەبنەوەو دەستبەجێ ئەو سەربازەیان رووبەڕووی یاسا کردووەتەوە کە پەلاماری جووتیارەکەی داوە".
ئەوەشی خستەڕوو "دوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەرکردایەتی بەناو شۆڕش (بەعس) و پەسەندکردنی یاسای گەڕاندنەوەی زەوی و زار بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان، بە فەرمی و یاسایی زەوییەکان بۆ جووتیارانی کورد دەگەڕێتەوە و بەمزووانە رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دەردەچێت".
باسی لەوەشکرد "ئەوان بە یاسا مامەڵە لەگەڵ رووداوەکان دەکەن و لەسەر ئاستی پارێزگار و ئەنجومەن هەوڵدەدەن ئەم رووداوانە دووبارە نەبێتەوە و لە هیچ لایەنێکیشی قەبوڵناکەن دەستدرێژی بکاتەسەر خەڵکی کورد، ئەم دۆسیەش پێویستی بە پشوو درێژی هەیە و گەڕاندنەوەی زەوی و زاری جووتیارانی کوردیش کاتێکی کەمی ماوە".
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی 2025/1/21، پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان پەسەندکراو بووە یاسا، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ رێکارەکانی ماون و نەچووەتە جێبەجێکردنەوە، بەپێی یاساکە تەنیا لەسنووری پارێزگای کەرکوک 300 هەزار دۆنم زەوی کورد دەگەڕێتەوە.
ب ح
بیروڕا



