کوردستانی
رۆشتنی شاندێكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا رەتدەكرێتەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
دوای ئەوەی وڵاتانی ئۆپێك رێككەوتن لەسەر كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، باس لەوە دەكرێت شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات، بەڵام نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا رەتی دەكاتەوە هیچ بڕیارێك هەبێت.
فارس عیسا، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەوەی دەوترێت لە بارەی سەردانی شاندێكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، تەنیا لە چوارچێوەی راگەیاندندایە و نەبووە فەرمی".
ئەوەشی باسكرد "تائێستا لە بارەی ئەو سەردانە وەك نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا ئاگادار نەكراوینەتەوە، هەركات ئەو سەردانە بوو بە فەرمی ئێمەش ئاگادار دەكرێینەوە".
كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانە عیراقیش دەگرێتەوە و لەو چوارچێوەیەش هەرێمی كوردستان پێویستە پابەندی كەمكردنەوەی نرخی نەوت بێت.