کوردستانی
ناکرێت خۆپیشاندانی خۆڕسکانەی خەڵک بە حزبی بکرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
دوای دوو مانگ لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی مامۆستایان و فەرمانبەران و گرتنەبەری چەندین رێگە بۆ تەوتینکردنی مووچەکانیان و دابەشکردنی مووچەکانیان لە وادەی خۆیدا، کۆتا بژاردەی مامۆستایان رێگەگرتن بوو لە تانکەرەکانی نەوت بەڵام بە بەکارهێنانی هێزی سەربازیی کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکانیان هێنراو پەرلەمانتارێکیش جەخت لە پشتیوانی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکاتەوە.
مستەفا عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "هەر لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە پشتیوانی تەواوی داخوازییەکانیان بوون بەڵام ئەوان نایانەوێت وەک ئۆپۆزسیۆن خۆپیشاندانی خۆڕسکانەی خەڵک بە حزبی بکەن".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "باشتر وایە هیچ لایەنێکی سیاسی سواری شەپۆلی ناڕەزایی دەستە پیشەییەکان نەبێت، بەڵکو رێگەی تر بگرێتەبەر بۆ پشتیوانی لە مافەکانیان، ئەوان وەک یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ماوەی 10 ساڵی تەواوە لەگەڵ مامۆستایان بوون و لە ئێستا و داهاتووش بە پڕۆژەی گەورەوە لەگەڵیان دەمێننەوە".
ئەوەشتی خستەڕوو "وەک یەکگرتوو لەسەر ئاستی حزب و فراکسیۆنەکەیان لەگەڵ کونسوڵگەریی و نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان و لە بەغدا کاریان لەسەر داوا رەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران کردووە".
ب ح
بیروڕا



