کوردستانی
مژدەیەك دەدرێتە خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
ماوەیەكە بازاڕی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان تا رادەیەك وەستاوە و مەوداش میدیاش لە زاری یەكێك لە نوێنەرەكانی ئەو خاوەن ئۆتۆمبێلانەوە هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات و مژدەیەكیش دەداتە خاوەن ئۆتۆمبێلەكان.
هونەر فەتاح، نوێنەری خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان لە كەلار بە مەودا میدیای راگەیاند"دوای بڕیارەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ رێگەپێدان بە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان، چاوەڕێی ئەوە دەكرا نرخیان لە بازاڕەكاندا بەرز ببێتەوە بەڵام بەرزنەبووە و تا رادەیەكیش خواست لەسەر كڕینی كەم بووەتەوە".
وتیشی"ئێستا لە كەلار هەندێك لەو كەسانەی كە كڕین و فرۆشتن بە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكانەوە دەكەن دێنە بازاڕەكان و هەواڵی ناڕاست لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانە بڵاو دەكەنەوە بۆئەوەی كەس نەیكڕێت و دواتریش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەواڵی چەواشەكاری بڵاو دەكەنەوە بۆئەوەی خۆیان بە نرخێكی زۆر كەمتر بیكڕنەوە".
ئەو نوێنەرەی خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان داواشی لەو كەسانە كرد كە ئەو ئۆتۆمبێلانەیان هەیە، دان بە خۆیاندا بگرن و ئۆتۆمبێلەكانیان هەرزانفرۆش نەكەن، چونكە لە ناوەڕاست و خوارووی عیراق ژمارەیان پێدراوە و لەگەڵ هەرێمی كوردستانیش چەند كۆبوونەوەیەك كراوە بۆ چارەسەركردنیان و لە كۆتاییشدا بە دڵنیاییەوە هەر ژمارەیان پێدەدرێت، بەڵام ئەوە تەنها لەسەر كات و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت وەستاوە".
ئ پ
بیروڕا



