کوردستانی
پرۆژەی رووناكی لە سلێمانی چووە بواری جێبەجێكردنەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
پڕۆژەی رووناكی بۆ دابینكردنی كارەبای نیشتمانی 24 كاتژمێری لە شاری سلێمانی چووە بواری جێبەجێكردنەوە و لە سەرەتاشدا نۆ هەزار هاوبەشی كارەبا پرۆژەكە دەیانگرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كارەبای سلێمانی رایگەیاند، شەوی رابردوو یەكەم قۆناغی پڕۆژەی رووناكی لە شارەكە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و لە سەرەتاشدا لە هەردوو وێستگەی ناوەندی شار و مەڵكەندی جێبەجێكراوە و نزیكەی نۆ هەزار هاوبەشی كارەبای ماڵان و بازرگانی سودمەند دەبن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، ئەو بەشداربووانەی كە كارەبای بەردەوامیان لە چوارچێوەی پرۆژەكە بۆ دابینكرا، كە دەكەونە گەڕەكەكانی سەركارێز، توی مەلیك، سابونكەران، مەڵكەندی، ئیبراهیم پاشا، دارۆغا، حاجی حان، شەقامی ئۆرزدی، ئەسحابەسی و شەقامی كاوە.
بەپێی راگەیەنراوەكەی كارەبای سلێمانی، پڕۆژەكە لە سلێمانی بەردەوام دەبێت و لە ماوەی داهاتووشدا لە سەرجەم گەڕەكەكان دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
پرۆژەی رووناكی، پرۆژەیەكی نوێی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمە و كارەبای 24 كاتژمێریی نیشتمانی بۆ هاوڵاتییان دابین دەكات، بەڵام بەشێك لە چاودێران ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە پرۆژەكە بارگرانییەكی زۆر لەسەر هاوڵاتییان درووست دەكات بەهۆی ئەوەی كە مانگانە بڕە پارەیەكی زۆر لەسەر هاوڵاتییان دەكەوێت.
ئ پ
بیروڕا



