کوردستانی

ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی: خەڵک پێشوازیی لە پڕۆژەکەمان دەکەن

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی: خەڵک پێشوازیی لە پڕۆژەکەمان دەکەن
مەودا میدیا-

پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان پڕۆژەی دابەشکردنی یەک ملیۆن نانی بێبەرانبەر لە هەرێمی کوردستان راگەیاند و پڕۆژەکەش کاردانەوەی لێکەوتەوە چاودێرانیش بەبێ رێزیکردن بە خەڵک پێناسەی دەکەن و داوا دەکەن لەبری دابەشكردنی نانی خێر، با كار و مووچە دابین بكەن، ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حزبەش جەخت لە گرنگی پڕۆژەکەیان دەکاتەوە.

دلێر حەمەکەریم، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی لقی 12ی پاتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵەبجە بە مەودا میدیای راگەیاند "پڕۆژەکەیان بۆ خزمەتکردنە بە خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت و لە رابردووشدا چەندین پڕۆژەی تریان لە سنووری هەڵەبجە، شارەزوور، پێنجوێن و هەورامان هەبووە وبەردەوام دەبن و گوێ بە رەخنە و دژایەتی کەس نادەن".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "پڕۆژەی دابەشکردنی نان بڕیاری سەرۆکی پارتی نەبووە، بەڵکو بیرۆکەی خۆیان بووەو لەسەر بودجەی لق و بارەگاکانیان لە هەر شارو شارۆچکەیەک چەند نانەواخانەیان راسپاردووەو خەڵکیش پێشوازی لە هەنگاوەکەیان کردووەو بەردەوام ژمارەی نانەواخانەکان زیاد دەکەن، بەڵام چەند لایەن و نەیارێکی پارتی دەیانەوێ بە رەخنەگرتن لە پڕۆژەکەیان هێرش بکەنەسەر (مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتەکەیان)".

ئەوەشی خستەڕوو "ئەو پارانەی ئەوان لەرێی پڕۆژەی دابەشکردنی نان یان هەر پڕۆژەیەکی تر دەیبەخشن، لایەن و خەڵکی تریش هەیەتی بەڵام کۆیدەکاتەوەو نایخاتە خزمەتی خەڵک، نانەواخانەش شوێنێکی گشتگیرە و هەموو کەس رووی تێدەکات و هەموو کەس لە مانگی رەمەزاندا پێویستی پێیدەبێت، بەڵام ئەوانەی دژایەتی پڕۆژەکەیان دەکەن خۆیان تێر وپڕن  و پێویستیان بە نانی بازاڕ نییە و گوێ بە سکی برسی خەڵکی هەژار نادەن".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan