کوردستانی

یەکێتی داوای یەک لیستی دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


یەکێتی داوای یەک لیستی دەکات
مەودا میدیا-

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ بەشداریکردنی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق دەستپێشخەرییەکی راگەیاند و داوای یەک لیستی کورد دەکات. 

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند "هەموو کاتێک ئەگەر لایەنە سیاسییەکان یەکڕیز و یەکگرتووبن ، کورد دەستکەوتی گەورەی بەدەستهێناوە، بە پێچەوانە و کورد زیانی لە ناکۆکی و دووبەرەکی نێوان حزبەکان کردووە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "یەکێتی لە کاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان داوای یەک لیستی و یەکڕیزی کوردی کردووە لە ناوچە دابڕێندراوەکان، بەڵام بەهۆی نەبوونی یەک لیستی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی کورد بەشداریی لە هەڵبژاردن نەکردووە، یان دەنگێکی زۆری کورد فەوتاوە بەهۆی فرە لیستییەوە".

ئەوەشی خستەڕوو "بانگەوازەکەی یەکێتی لە خەمی دەنگ و پێگەی کورد دا بووە ئەگینا یەکێتی لە پارێزگاکانی (کەرکوک، موسڵ، دیالە، سەڵاحەدین) سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، بەڵام لە کەرکوک بە یەک لیستی کورد دەیتوانی خۆی بە تەنها ئەنجومەنی پارێزگاکە پێکبهێنێت، ناکرێت ئەو هەڵە لە ناوچە دابڕیندراوەکان دووبارە بکرێتەوە".

باسی لەوەشکرد "داواکردنی یەک لیستی دەستپێشخەری بافڵ جەلال تاڵەبانی-یەو ئامادەکاریی باشیان بۆ بەشداریی لە پرۆسەی هەڵبژاردن کردووەو بۆ پێکهێنانی یەک لیستی کوردیش لەئێستادا تۆپەکە لە گۆڕەپانی پارتیدایەو دەرگاش لەبەردەم لایەنە سیاسییەکانی تریشدا کراوەیە".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan