کوردستانی

یەكێتی و پارتی لەسەر ئاستی باڵا کۆدەبنەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


 یەكێتی و پارتی لەسەر ئاستی باڵا کۆدەبنەوە
مەودا میدیا-

کۆبوونەوەی لیژنەکانی یەکێتی و پارتی لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بەردەوای هەبووەو بڕیارە جارێکی تر لەسەر ئاستی باڵا کۆببنەوە.

د.مەجید حەمەئەمین ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند "وەفدی دانوستانكاری یەكێتی و پارتی لە 90%ی كارەكانی تایبەت بە نووسینەوەی رەشنووسی حكومڕانییان لە هەرێمی كوردستان تەواوكردووە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد " ئەو بابەتانەی کە بە گفتوگۆ زیاتر هەڵدەگرێت، پێویستی بە كۆبوونەوەیەكی لوتكەیە لەنێوان سەرۆكی یەكێتی و سەرۆكی پارتی هەیە، ئامادەكاریش كراوە و بڕیارە ئەم كۆبوونەوەكە بەڕێوەبچێت".

مەودا میدیا پەیوەندی بە ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتییەوە کرد بەڵام ئامادە نەبوو کات و زانیاریی تەواوی کۆبوونەوەی باڵا بخاتەڕوو کە تاوەکو ئێستا هەردوو لایەن لەسەری نەگەیشتوونەتە رێککەوتن".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی بە مەودا میدیای راگەیاند "کۆبوونەوەکە لەسەر ئاستی باڵا لەنێوان (بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی یان نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی) لە پیرمام بەڕێوەدەچێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "دابەشکردنی پۆستەکانی سێ سەرۆکایەتییەکە، رێککەوتن لەگەڵ بەغدا ، چارەسەرکردنی بەشە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەو بابەتانەن کە پێویستی بە کۆبوونەوەی باڵا هەیە تاوەکو یەکلایی بکرێنەوە".

ب ح

Qaiwan
Qaiwan