کوردستانی

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ جەلال تاڵەبانی لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە
مەودا میدیا

ئەمڕۆ یەكشەممە 2025/3/16، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەیادی 37 ساڵەی جینۆسایدكردن و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە پەیامێکی بڵاوکردەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند "ئەركی حكومەتە خزمەتكردنی هەڵەبجە و ئاوەڕدانەوەی زیاتر لە شارەكە، بكاتە ئەولەویەتی كاركردنی و بودجە و شایستەی دارایی پێویست دابین بكات كە لە ئاست گەورەیی هەڵەبجەدا بێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "ئیتر كاتی هاتووە دوور لە درووشم، هەنگاوی كرداری بنرێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی زیاتری هەڵەبجە و بە یەك دەست هەمووان بە پرۆژەیەكی نیشتمانییەوە كاربكەن بۆ سەرخستنی هەنگاوەكانی دەنگدان بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عیراق و قەرەبووكردنەوەی قوربانیان".


دەقی پەیامەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ یادی کیمیابارانی هەڵەبجە:

هەمیشە دەست لەسەر سنگ، هاوسۆزین لەگەڵ خانەوادەی سەربەزری شەهیدان و قوربانیانی چەكی كیمیایی.

هەڵەبجە بۆ ئێمە هێمای قوربانی و مەزڵومیەتی گەلەكەمانە، دوای ٣٧ ساڵ لە جینۆسایدكردن و كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی هەمیشە زیندوو، تاوەكو ئێستا ئاسەوار و كاریگەرییە خراپەكانی بەسەر خەڵك و خاكی شارەكەوە ماوە. 

ئێمە لە ئازاری كەسوكارەكانمان، داواكاری و خواستەكانیان لە هەڵەبجەی سەربەرز تێدەگەین، بۆیە لەگەڵ هەموو گلەیی و پێویستییەكانیاندام و لە پێشەوەی بەرگری لە مافەكانتان و پارێزەری راستەقینەشتان دەبم بۆ هێنانەدییان.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەرۆشانە لە رێگای نوێنەرەكانی لە ناوەندەكانی دەسەڵات و یاسادانان وەك هەمیشە بێ درێغیكردن بۆ پرسی هەڵەبجە كاردەكات و بەردەوام لە هەوڵدا دەبین تا خزمەتی شاری شەهیدان و خەڵكە خۆشەویستەكەی بكەین، ئەمەش ئەركە لەسەرشانی هەموو یەكێتییەك كە خزمەتكاری هەڵەبجە بێت.

ئیتر كاتی هاتووە دوور لە دروشم، هەنگاوی كرداری بنرێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی زیاتری هەڵەبجە و بە یەك دەست هەموومان بە پرۆژەیەكی نیشتمانییەوە كاربكەین بۆ سەرخستنی هەنگاوەكانی دەنگدان بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و قەرەبووكردنەوەی قوربانیان، و گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر بە ناوچەكە.

ئەركی حكومەتیشە خزمەتكردنی هەڵەبجە و ئاوەڕدانەوەی زیاتر لە شارەكە بكاتە ئەولەویەتی كاركردنی و بودجە و شایستەی دارایی پێویست دابینبكات كە لە ئاست گەورەیی هەڵەبجەدا بێت.

سڵاوی وەفاداریمان بۆ گیانی پاك و نەمری شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە، سەربەرزی بۆ هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

ب ح
Qaiwan
Qaiwan