کوردستانی
ستران عەبدوڵڵا: دیداری یەکێتی رێکخستنەکانی نوێکردووەتەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
رۆژی پێنجشەممە ی رابردوو 2025/3/13، دووەمین دیداری یەکێتی لەسنووری مەڵبەندی شارەزووری یەکێتی لە هەڵەبجە بە بەشداریی سەدان ئەندام و کادرو لایەنگری ئەو حزبە بەڕێوەچوو، ئەندامێکی لیژنەی باڵای دیداریش ئاشکرایکرد رۆژی چوارشەممە شەمەندۆفێری دیدار دەگاتە سلێمانی.
ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتی و لیژنەی باڵای دووەمین دیداری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "دیداری یەكێتی لەماوەی رابردوودا خوێنی گەرمی بەدەمارەكانی یەكێتیدا كردووەو ئەمجارەش لە دیداری دووەمدا گفتوگۆ لەبارەی سەرجەم بوارەکان دەکرێت و پلان و پڕۆژی نوێ دەخەنەڕوو بۆ سیاسەت و روئیایی یەکێتی لە قۆناغی داهاتوو، خولی دووەمی دیداریش بە پتەویی لەسەر راسپاردە و بڕیارەکانی دیداری یەکەم دامەزراوە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "کادر و لایەنگرانی یەکێتی بە پەرۆشەوە بەشداریی لە لیژنە تایبەتمەندییەکاندا دەکەن و گفتوگۆی جددی لەسەر پڕۆژەی نوێبوونەوەو بەرەوپێشبردنی کاری رێکخستنەکان دەکەن، کە دوای پەسەندکردنی پڕۆژەکانیان لە دیدارە گەورەکە پڕۆژەکانیان دەخرێتەڕوو،ئامانجی دیدارەکەش قسەکردنە لەسەر کۆی پرسەکانی ئەم قۆناغەی کاری حزبی و رێکخراوەیی".
ئەوەشی خستەڕوو "دیداری یەکێتی دیاردەیەکی ناوازە و سەرەنجڕاکێش پێکدەهێنێت، چونکە نوخبەی حزبی و کادرە دێرینەکان بە نازناو و جۆراوجۆرەکانیانەوە بەشداریی لە گفوگۆیەکی گەرم و بەرهەمدارادا دەکەن کە تێیدا بەدەستهێنانی ئەزموون و حەماسەتی گەنجان تێکەڵ بە چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگ و سەختیانە دەبن کە لە ئەنجامی رەقبوونی خوێنبەرەکانی ناو رێکخستن و شلبوونەوەی لە چەرخی حزبیدا دێنەئاراوە".
باسی لەوەشکرد "پێویستە لە کۆنفرانسە ناوخۆییەکاندا کادرو نوخبەی حزبی کە لە رێکخستنەکاندا کار دەکەن پێشنیار و دیدگاکانی خۆیان بخەنەڕوو ، دەبێت رەخنە لە دیاردە نەرێنییەکان بگرن و نیگەرانییەکانی خۆیان لەبارەی ئەدای حزب و تیمەکەی لە حکومەت لە دامودەزگاکان لەسەر ئاستی حکومەتی خۆجێی و هەرێم و عیراق دەرببڕن".
ب ح
بیروڕا



