کوردستانی

عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێکی بڵاوکردەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێکی بڵاوکردەوە
مەودا میدیا-

رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە چوارچێوەی بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی، پەیامێکی لەبارەی ئێزدییەکان بڵاوکردەوە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رایگەیاند "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی وەڵامە بۆ 73 کۆمەڵکوژیی، ئەو پڕۆسەیەی، کە دەستیان پێکردووە زۆرترین بوون و ئازادیی بۆ گەلی ئێزدی دەهێنێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد " گەلی ئێزدی بە زوویی گەیشتنە تێکۆشانی ئازادیی، خۆیان رێکخست و دەستیان بە بەرخۆدان کرد، بۆیە هەر روانگەیەک دان بە ئازادیی گەلی ئێزدی نەنێت و پشتگوێی بخات نایاسایی و ناڕەوایە".

دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان:

“مێژووی گەلی ئێزدیمان مێژوویەکە کە بووەتە شایەتی کۆمەڵکوژی، ئاوارەیی، زوڵم و ئازاری گەورە. واتە بەو قۆناغ و تاقیکردنەوانەدا تێپەڕیوە. ئێزدیەتی یەکێکە لە باوەڕە هەرە کۆنەکان و کۆمەڵگە هەرە کۆنەکانی مێزۆپۆتامیا. بۆ پاراستنی کەلتوور، ناسنامە و بوونی خۆیان قوربانی گەورەیان داوە. تراژیدی و کۆمەڵکوژیی کە بەسەریاندا سەپێنراوە، نەک تەنها لە ویژدانی گەلەکەماندا، بەڵکو لە ویژدانی هاوبەشی مرۆڤایەتیشدا بە قووڵی جێگیر بووە.

لە تەواوی مێژوودا ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک، بە بەرگری کردن درێژەیان بە بوونی خۆیان داوە. لە سەدەی ڕابردوودا کۆمەڵکوژییەکان کە لە ئەنجامی هێرشەکانی خاوەن زهنییەتی دەوڵەتە نەتەوەییەکان ڕوویداوە لە ئاستی جینۆسایددا بوون. کۆمەڵکوژی شنگال لە ساڵی 2014، بەردەوامی ئەو زهنییەتە بوو کە ئامانجی سڕینەوە و لەناوبردنی ئێزدییەکان بوو.

بەڵام ئەمجارە گەلی ئێزدیمان بە زوویی گەیشتنە تێکۆشانی ئازادیی، خۆیان ڕێکخست و دەستیان بە بەرخۆدان کرد. بەم شێوەیە، بە بەرخۆدانێکی مێژوویی وەڵامی کۆمەڵکوژییەکانیان دایەوە. بەشداری ژنان لەم بەرخۆدانە زۆر بە واتایە. ئەوان کەوتوونەتە ئەو پڕۆسەیەی کە داهاتووی خۆیان بە دەستی خۆیان بوونیاد دەنێن.

داهاتووی گەلی ئێزدیمان بە هێز و ئیرادەی ئەوان لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی دیموکراتی کە پشت بە ئیرادەی دیموکراتی دەبەستێت شێوە دەگرێت و بەرجەستە دەبێت. پێویستە ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی وا پێکبهێنن کە بتوانن بە باوەڕی خۆیان بە شێوەیەکی ئازاد بژین. لەم قۆناغەدا کە ئێمە بیرمان دەکردەوە و پێی گەیشتین، دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتی بۆ پاراستنی هەبوونی مێژوویی و بەردەوامی پێدانی زۆر گرنگە. لەسەر بنەمای دیدگای کۆمەڵگەی دیموکراتی، داهاتوویەکی یەکسان و ئازاد بۆ گەلان دەتوانرێت درووست بکرێت. پێویستە ئێزدییەکان لە خەباتی دیموکراتیزەبوون و درووستکردنی کۆمەڵگەی دیموکراتی کە پشت بە ژیانێکی ئازاد و یەکسان دەبەستێت، ببنە هێزی چالاک و کارا.

هیچ ڕوانگەیەک کە ئازادیی گەلی ئێزدیمان دان پێدا نەنێت و پشتگوێی بخات، نایاسایی و ناڕەوایە.

پێویستە گەلی ئێزدیمان لە هەر شوێنێک هەبن بە خۆڕێکخستن داهاتووی خۆیان بخەنە ژێر پارێزگاری و ئاسایشی خۆیان مسۆگەر بکەن.

تێکۆشان بۆ ژیانێکی ئازاد، یەکسان و دیموکراتی بەرپرسیارێتی هەموو گەلەکانمانە. بەم بۆنەیەوە، سڵاو لە تێکۆشانی گەلی ئێزدیمان دەکەم.

دەمەوێت بڵێم؛ من لە هەموو بارودۆخێکدا پشتگیری لە تێکۆشانی ئەوان دەکەم. ئازادیی ئێزدییەکان و ئازادی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە یەکەوە بەستراونەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتی وەڵامە بەرانبەر بە 73 کۆمەڵکوژیی دژی ئێزدییەکان. ئەو پڕۆسەیەی کە دەستمان پێکردووە زۆرترین بوون و ئازادی بۆ ئێزدییەکان بەدیدێنێت. ئەم بانگەوازە ڕێنیسانسە و زۆرترین ڕێنیسانس دەبێت بۆ گەلی ئێزدیمان. ئەم پڕۆسەیە بە هەست و تێکۆشانی هاوبەش سەردەکەوێت. دووبارە سڵاوی بێ پایانی خۆم دەنێرم.

عەبدوڵا ئۆجەلان
Qaiwan
Qaiwan