کوردستانی
لە گوندێكی گەرمیان دوو گوللە هاوەن دەكەوێتە خوارەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |

لە گوندێكی سنوری ناوچەی گەرمیان دوو گوللە هاوەن دەكەونە خوارەوە و تا ئێستاش نازانرێت ئەو گوللە هاوەنانە چۆن و لە رێگەی چییەوە كەوتوونەتە خوارەوە.
عەزیز محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاوەسپیی سەر بە قەزای كفری بە مەودا میدیای راگەیاند"لە رێگەی ئەنجومەنی گوندی تەپەسپی سەر بە ناحیەكەیانەوە ئاگاداركراونەتەوە كە دوو گوللە هاوەن لە نزیك گوندەكەیان كەوتووەتە خوارەوە".
وتیشی"دانویشتوانی گوندەكەش نەیانزانیوە چۆن ئەو گوللە هاوەنانە كەوتوونەتە خوارەوە چونكە لەكاتی كەوتنە خوارەوەیاندا نەیانبینیوە و تەنها گوێیان لە دەنگەكەی بووە ودوای ئەوەش چوونەتە شوێنەكە و گوللە هاوەنەكانیان بینیوە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد"دانیشتوانی ئەو گوندە و گوندێكی تری سنورەكە باسیان لەوەكردووە كە گوێیان لە دەنگی درۆن بووە، بەڵام بە چاو نەبینراوە، بۆیە گومان دەكرێت ئەو گوللە هاوەنانەش بە درۆن فڕێدرابێتە خوارەوە".
باسی لەوەشكرد"لایەنە ئەمنییەكانی سنورەكە دەستیان بە لێكۆڵینەوە لەو بابەتە كردووە".
گوندی تەپەسپی سەر بە ناحیەی ئاوەسپییە و39 كیلۆمەتر لە قەزای كفری و25 كیلۆمەتر لە ناحیەی سەرقەڵا 43 كیلۆمەتریش لە قەزای كەلارەوە دوورە.
ئ پ
بیروڕا



