کوردستانی
سەد هەزار دینارەكەی خانەنشینان كەی دەگەڕێتەوە؟
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
دوای بڕینی سەد هەزار دینار لە مووچەی خانەنشینانی هەرێم لە چەند مانگی رابردوودا، لە ئێستا هەوڵەكان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیە بۆ مووچەی خانەنشینان بەردوامە و پێدەچێت لە ماوەیەكی نزیكدا بگەڕێتەوە.
سادق عوسمان، وتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی هەرێم بە مەودا میدیای راگەیاند" ئەو سەد هەزارەی كە لە مووچەی خانەنشینانی هەرێم بڕاوە مینحەی سەرۆك وەزیرانی عیراقە و لە مانگی حەوتەوە كە هەرێم چووەتە ژێر باری یاسای خانەنشینی عیراق ئەو بڕە پارەیە بۆ مووچەی خانەنشینانی هەرێمیش زیاد كراوە".
وتیشی"ئەو بڕە پارەیە لە مانگی حەوتەوە تا كۆتایی ساڵی 2024 لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دراوە بە خانەنشینان، بەڵام ساڵانە لەگەڵ دەستپێكردنی ساڵی نوێ پێویستی بە فەرمانی سەرۆك وەزیرانی عیراق هەیە بۆ دووبارە خەرجكردنەوەی بۆیەش تا ئێستا خەرج نەكراوە چونكە هێشتا ئەو فەرمانەی بۆ دەرنەكراوە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد"بەپێی یاسا دەبێت هەموو خانەنشینانی عیراق و هەرێم وەك یەك مووچە وەربگرن، بۆیە ئێستا لە چەند رێگەیەكی جیاوازەوە لە هەوڵی گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیەن بۆ مووچەی خانەنشینان و تا ئێستاش بەغدا بە هیچ شێوەیەك باسی خەرج نەكردنی پارەكەی نەكردووە".
باسی لەوەشكرد"ئەگەر بۆ مانگی چوار ئەو بڕە پارەیە بۆ خانەنشینان نەگەڕایەوە، ئەوا لە مانگی پێنجدا بە ئەگەرێكی زۆرەوە بۆیان دەگەڕێتەوە".
ئ پ
بیروڕا



