کوردستانی

هەزاران ئێزدی گەڕانەوە کوردستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەزاران ئێزدی گەڕانەوە کوردستان
مەودا میدیا-

 ساڵانە لە کۆتایی مانگی ئادار (3) و سەرەتای مانگی نیسان (4) تاوەک  کۆتایی وەرزی بەهار، هەزاران هاوڵاتیی ئێزدی لە وڵاتانی ئەوروپا و ئوسترالیا و ئەرمەنستان بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی (سەفەرا نان و ماست) لە پەرستگای لالش لە قەزای شێخانی سەربە پارێزگای دهۆک، دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.

جەوهەر مشمە، مامۆستا و چالاکوانی ئێزدی بە مەودا میدیای راگەیاند "سەفەرا نان و ماست یەکێکە لە رێوڕەسمەکانی ئایینی ئێزدی و هەموو ساڵێک لە وەرزی بەهار لەپێناو زیادبوونی ماڵ و موڵک و سەلامی خۆیان، خێر و هاوکاریی دەهێننە پەرستگای لالش، هەموو گوندێک (مجەور) نوێنەرێکی هەیە و لەلایەن نوێنەرەکەیانەوە ئاگادار دەکرێنەوەو خێر و هاوکارییەکانیان بەسەر خەڵکی کەمدەرامەت و بەشێکی بەسەر خزمەتکارانی پەرستگاکەدا دابەشدەکەن".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "دوای ئەوە (مجەور) نوێنەری گوندەکە هاوڵاتییانی گوندەکە دەهێنێتە پەرستگای لالش دەچێتە بەردەم دەرگای پەرستاگە و سێ جار بانگ لە هاوڵاتییان دەکات کە دەست بە خێر و پیرۆزکردنی نان و ماستەکانیان بکەن، دواتر خەڵکی گوندەکە ئەو نان و ماستەی هێناویانە بە ئاوی کانی سپی لە لالش پیرۆزی دەکەن و دەبینەوە دەرخواردی منداڵ و خێزانەکانیان دەدەن تاوەکو دووربن لە دەرد و بەڵاو ناخۆشی و چونکە بەپێی باوەڕی ئاینی ئێزدی ئەو نان و ماستە دەبێتە بەرەکەتی زەوی و تەمەن درێژی بۆ مرۆڤەکان".

ئەوەشی خستەڕوو "هێنانی خۆراک و خێر بۆ لالش یەکێکە لە کۆنترین رێوڕەسمە ئایینییەکانی ئێزدی، ئامانج لەم رێوڕەسمە ئەوەیە بەرەکەت بکەوێتە بەرهەمەکانیان باوەڕمەندی ئێزدی هەیە گەنم دەهێنێت یان ئاژەڵ یان بەرهەمی میوە تاوەکو بەروبوومەکانیان زیاد بکات، گوند بە گوند لە ماوەی رێوڕەسمی سەفەرا نان و ماستێ لەلایەن بابێ چاویش پێشوازییان لێدەکرێت و خێر و خێراتی خۆیان دەبەخشن و نزا دەکەن".

باسی لەوەشکرد "لە رێوڕەسمی سەفەرا نان و ماستێ دا دەبێت هاوڵاتییانی ئێزدی جل و بەرگی کلتوری خاوێن لەبەربکەن بەتایبەت جلوبەرگی سپی، پاشان لەناو لالش نان و ماستی خۆیان بە ئاوی (کانی سپی، چەقەلتو، مالا فەقیری) مۆر دەکەن و بەشێکی لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە".


ب ح
Qaiwan
Qaiwan