کوردستانی

عومەر گوڵپی: زۆربەی کەرتەکان بە بقازرگانی دەکرێن

مەودا میدیا - سلێمانی |


عومەر گوڵپی: زۆربەی کەرتەکان بە بقازرگانی دەکرێن
مەودا میدیا-

پەرلەمانتارێکی کوردستان ئاشکرایکرد ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم سەپاندنی نرخی بازرگانی کارەبایان بۆ بچێتەسەر، ئاوی خواردنەوەش وا لێدەکەن، پاشان قوتابخانەو نەخۆشخانەو رێگاوبانیش دەگرێتەوە.

عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "چەندین ساڵە زۆرێک لە شارەکان کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە، وەک دەربەندیخان، چەمچەماڵ و هەولێرو هێندێک گەڕەکی نوێ چ لە هەولێر یان سلێمانی یان سنووری دهۆک، تەنها پاساویش نەبوونی پارەیە بۆ تەواوکردن و دروستکردنی پڕۆژەی ئاو بۆیان، ئەگەر نرخی بازرگانی کارەبایان بۆ بچێتەسەر، ئەوە ئاسانترین رێگە بۆیان ئەوەیە بڵێن ئەوە کۆمپانیا دەهێنین بە نرخێک ئاوی خواردنەوەتان بۆ دابین بکات لەوەی ئێستە هەرزانتر بکەوێت کە بە تەنکەر دەیکڕن".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "لە شاری سلێمانی کە بە حساب وەک هەولێر و چەمچەماڵ کێشەی ئاوی نییە، کەچی لە هاویندا سێ رۆژ جارێک تەنها دوو کاتژمێر ئاو بۆ ماڵان هەڵدەکرێت، ئەویش ئەگەر هیج کێشەیەکی کارەبا یان شکانی بۆری روونەدات، دەکرێت بڵێن وەرن ئاوی خواردنەوەتان بۆ دەکەین بە بەردەوام و 24 کاتژمێری، تەنها مانگانە (50 تاوەکو60 هەزار) دینار پارە بدەن".

ئەوەشی خستەڕوو "چەند ساڵێک لەمەوبەر، کۆمەڵێک کۆمپانیایان هێناو پێوەری ئاویان لەسەر هاووڵاتیان ساغکردەوە، بە پاساوی ئەوەی رێژەی پێدانی ئاو بە هاوڵاتییان زۆر زیاد دەکات، ئەگەرچی ئەو لەگەڵ بەستنی پێوەری ئاو بووەو دژی بەفیڕۆدانی سامانی گشتیی بووە، لە بابەتی پێوەر دژی ئەوەبووە کە کۆمپانیا بیکات و ئەو سزا زۆرەش هەبێت بۆ نەبەستنی، کەچی پاساوەکەیان نەوەک ڕاست نەبوو، بەڵکو بەهیچ جۆرێک پێوەرەکە نەبوویە هۆی زیادکردنی یەک لیتر ئاو بۆ هاوڵاتییان، تەنها کۆمپانیا قازانجی کرد".

باسی لەوەشکرد "ئاوی خواردنەوە، کارەبا، قوتابخانە، نەخۆشخانە، رێگای سەرەکی، ئەمانە خزمەتگوزاریی گشتیین، مرۆڤ بەبێ ئەم خزمەتگوزارییانە ناتوانێت بژی، بۆیە پێویستە لەسەدا سەد لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدابن و بە نرخی حکومی بن نەوەک بازرگانی، تەنانەت ئەگەر بەش یان قۆناغێکی بەرهەمهێنان یان بەرێوەبردنیان بسپێردرێت بە کۆمپانیا دیسان دەبێت بە یاساو لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی حکومەت و هەر بە نرخی حکومی بن بە جۆرێک هەموو هاووڵاتیەک بتوانێت بەشی پێویستی خۆی بەکاریان بهێنێت، ئەگەرنا کارەسات بۆ ژیانی هاووڵاتیان دروست دەبێت بەتایبەت خێزانە ئاسایی و هەژارەکان".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan