کوردستانی

گۆڕان ئاڕاستەی (گردی زەرگەتە) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


 گۆڕان ئاڕاستەی (گردی زەرگەتە) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
مەودا میدیا-

بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند "بەرنامەی سیاسی بزووتنەوەکەیان وەک خۆی پەسەند کراوەو دەستووری ناوخۆیی گۆڕان چەند گۆڕانکارییەکی تێدا ئەنجامدراوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "هەڵبژاردنی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی بەشێوەی لیست و بە دەنگدانی ئاشکرا بە سەرکەوتووی ئەنجامدراوە".

دەقی راگەیەندراوەکە:

رۆژی شەممە، 2025/4/5، لە شاری سلێمانی لە هۆڵی زەرگەتە سێیەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەژێر دروشمی ''هاونیشتیمانی، دەستور، دیموکراسی'' بەسترا. کۆنگرە بەپێی کارنامەیەکی رێکخراو دەستی بە کارەکانی کرد.

لە دەستپێکدا وتاری لیژنەی باڵای سێیەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی پێشکەش کرا و تێیدا ئاماژە بە پێداویستیە قانونیەکانی کۆنفرانس و ئاڵنگارییەکانی چەند ساڵی رابردوو درا بوو. دواتر وتاری بزوتنەوەی گۆڕان پێشکەش کرا. سەرەڕای باس کردن لە قەیرانەکان، ستراتیژی نوێ و میکانیزمی کار کردن ئاماژەی پێدرا بوو.

پاشان بە گوێرەی دەستوری ناوخۆی گۆڕان دەستەی بەرێوەبردنی سێیەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی دیاریکران. پەسەند کردنی بەرنامەی سیاسی، دەستوری ناوخۆ، هەڵبژاردنی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی، راپۆرتی دروشم و لۆگۆ، راپۆرتی پلاتفۆرمی هەڵبژاردن، راپۆرتی هەڵسەنگاندی ئەدائی نوێنەرانی حکومەت و ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان و راپۆرتی هەڵسەنگاندنی ئەدائی جڤاتی نیشتیمانی جێبەجێ کران.

بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان وەک خۆی پەسەند کرا. دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان چەند گۆڕانکارییەکی تێدا ئەنجام درا کە مەرجی قانونی فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسیەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بوون بۆ بزوتنەوەی گۆڕان.

هەڵبژاردنی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی بە شێوەی لیست و بە دەنگدانی ئاشکرا بە سەرکەوتووی ئەنجام درا. راپۆرتی سەرجەم لیژنەکانی دیکەش پەسەند کران.
سەرکەوتنی سێیەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی لە هاونیشتیمانیان و گۆڕانخوازان پیرۆز بێت. لە ئەمڕۆوە ئەرکی گەورەی نیشتیمانی، سیاسی، دیموکراتی و رێکخراوەی ئەکەوێتە ئەستۆی هەمووان.

بزوتنەوەی گۆڕان
سێیەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی
مەکۆی سەرەکی، هۆڵی گردی زەرگەتە
Qaiwan
Qaiwan