کوردستانی

پەکەکە هەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند

مەودا میدیا - سلێمانی |


پەکەکە هەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ دووشەممە 2025/5/12، پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) دوای 52 ساڵ لە خەبات و تێکۆشان بەبێ هیچ ئەنجامێکی نەتەوەیی، ئەنجامی کۆنگرەی 12ی پارتەکەی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد لە کۆنگرەکەدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی تەشکیلاتی په‌كه‌كه‌ و کۆتایی بە خەباتی چەکداری دراوە.

پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) رایگەیاند "تێکۆشانی چەکداری و هەموو ئەو کارانەی بەناوی پەکەکەوە ئەنجام دەدرێن کۆتایی پێهاتووەو بڕیاری چەکدانان لەپێناو ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیدایە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "پەکەکە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1978ەوە پشتی بە کۆنگرەکان بەستووە وەک ئامرازێکی بنەڕەتی بۆ هەڵسەنگاندن و گەشەپێدان، لە هەموو قۆناغێکی خەباتی کوردستاندا، ئەم کۆنگرەیە رۆڵێکی سەرەکییان لە دانانی سیاسەت و پێشنیارکردنی بیرۆکە و بنیاتنانەوەی رێکخراوەکەدا هەبووە".

ئەوەشی خستەڕوو "پەکەکە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە درێغی نەکردووە لە هەڵسەنگاندنی شێواز و بیرۆکە و ناسنامەی تەشکیلاتی و وەڵامدانەوەی گۆڕانکارییەکانی دۆخی کوردستان و ناوچەیی و نێودەوڵەتی، ئەم کۆنگرەیە رۆڵێکی بنەڕەتی هەبوو لە گواستنەوەی حزب لە شۆڕشی چەکداری تەقلیدییەوە بۆ پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک و لە ناوەندگەرایی توندەوە بۆ مۆدێلی لامەرکەزی و بەشدارانە، لە هەمان کاتدا کرۆکی خەباتی رزگاریخوازیی پاراست".

باسی لەوەشکردووە "لەنێوان هەر کۆنگرەیەکدا ئەوە روون بووەوە کە پەکەکە نەک هەر دەستکەوتەکانی خۆی پاراستووە، بەڵکو هەر قۆناغێک وەک قۆناغێک بۆ بنیاتنانی نوێ تەماشای دەکات، کە زۆرجار بە پڕۆسەی رەخنەی تووند و هەڵبژاردنی چارەنووسسازدا تێدەپەڕی، لە کاتێکدا کە مەیلی تەسفیەگەری لە هەندێک کۆنگرەدا بەدی دەکرا، حزب بە گشتیی توانای خۆی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و پەرەپێدانی ئامرازە ئایدیۆلۆژی و رێکخراوەییەکانی خەبات نیشان دا".

وتیشی "بۆیە کۆنگرەی پەکەکە تەنها رووداوی رێکخراوەیی نییە، بەڵکو نیشانەی گۆڕانکارییە ستراتیژییە درێژخایەنەکانە، کە تێیدا ئەو حزبە بەردەوام بەدوای ئازادیی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیدا بووە، بەتایبەتی ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کە ئەمڕۆ بووەتە داخوازی بنەڕەتیی ملیۆنان کەس".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan