چاوپێكەوتن

خەلیل سەرکانی: لەگەڵ یەکێتی لێکتێگەیشتنمان هەیە

مەودا میدیا - سلێمانی |


خەلیل سەرکانی: لەگەڵ یەکێتی لێکتێگەیشتنمان هەیە
مەودا میدیا-

ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان زانیاری سەبارەت بە نوێترین کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا ئاشکرا دەکات و دەڵێت "بە پارتیمان وتووە کە پرسی چاکسازی زۆر بە خاوی دەڕوات و پێویستە پەلەی تێدا بکرێت، سەبارەت بە پڕکردنەوەی پۆستەکانی گۆڕانیش گفتوگۆمان کردووە".

خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ مەودا میدیا-دا ئاماژە بە پەیوەندییەکانی ئێستای حزبەکەی لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەدات و رایدەگەیەنێت "لەگەڵ یەکێتی لێکتێگەیشتنمان هەیە و دەرگاکانمان بۆ دانوستان واڵان".

ئەمەش دەقی چاوپێکەوتنی نێوان خەلیل سەرکانی و مەود میدیایە


با لە دوا کۆبوونەوەتانەوە دەست پێ بکەین لەگەڵ پارتی، لەسەر پرسی چاکسازی و پڕکردنەوەی پۆستەکانتان لە حکومەتدا چی گفتوگۆیەکتان کردووە؟
خەلیل سەرکانی: نەک ئەم کۆبوونەوەیە، بەشی زۆری کۆبوونەوەکانی کاتی دانوستانیش بۆ بەشداریکردن لەم کابینەیە نوێیە ئێمە هەر جەختمان لە ئەنجامدانی چاکسازی کردووەتەوە، ئێمە پڕۆژەمان هەبووە لەسەر چاکسازی و داومانە بە پارتی. لە ڕاستیدا ئەو پڕۆژە چاکسازییەی ئێستا هی بزووتنەوەی گۆڕانە، هی پاکێجەکانی کاتی ئۆپۆزسیۆنیەتی.
لەو کۆبوونەوەیەدا ئەوەمان وت کە پڕۆسەی چاکسازی زۆر بە هێواشی دەڕوات و وتوومانە دەبێت پەلەی لێ بکرێت. باسی پڕکردنەوەی پۆستەکانی پشکی گۆڕانیشمان کردووە، چونکە ئێمە تەواوی سیڤیی کاندیدەکانمان ئامادەن و کێشەمان نەماوە و هەرکات حکومەت داوا بکات ئێمە دەیدەینێ.

وەڵامی پارتی چی بوو لە خاوڕۆیشتنی پڕۆسەی چاکسازی و تەواوکردنی کابینەکە؟

خەلیل سەرکانی: ئەو پرسە هەر گۆڕان نییە، پارتی خۆشی پۆستەکانی بەشی پڕ نەکردوونەتەوە، یەکێتی بەو بارودۆخە سیاسییەی تیایدایە هێشتا پۆستەکانی پڕ نەکردووەتەوە و کاندیدەکانی نەناردوون بۆ حکومەت. باسی ئەوە کرا کە هێشتا ئەم کابینەیە نەکەوتووەتە سەر پێ و ئەگەر سەیریش بکەین تەنها سەرۆک و جێگر و وەزیرەکان داندراون، ئەو کارنامە سیاسییەی هەیەتی هێشتا وەک پێویست نەچووەتە سەر سکەی خۆی، تەواوی پۆستەکانی تر هەر کەسە کۆنەکانن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەڵێ پڕۆسەی چاکسازی لەم کابینەیەدا وەک پێویست کاری لەسەر نەکراوە.

ئەگەر کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە نێوان پێکهێنەرانی کابینەکەدا بکرێت ئەم پرسە باشتر ناچێتە پێشەوە؟

خەلیل سەرکانی: بەڵێ ئێمە ئەو سێ لایەنە کە بەشداری ئەم کابینەیەین، سەرەڕای تێبینی و بردنی بەشێکی زۆر لە لایەن لایەنێکەوە، هێشتا هەر ناکرێت لەگەڵ یەک دانەنیشین، ناکرێت یەکتری قبووڵ نەکەین و میللەتەکەشمان باجی داوە، من بە ڕاستی نازانم هیچ بەربەستێک لە بەردەم کۆبوونەوەی سێقۆڵی هەبێت، چونکە ئێمە یەکتریمان قبووڵ کردووە و ئەوەتا لە کابینەی حکومەتدا پێکەوەین، ئیتر بۆ ناکرێت ئەوە لە لیژنەی دانوستانەکانی ئەو سێ لایەنە بپرسن باشترە.

پێشتر زۆر پێداگر بوون لەسەر درووستکردنی ناوەندێکی دانوستان لە هەرێم، ئەو پرسە بە کوێ گەیشت؟
خەلیل سەرکانی: ئێمە کاتی خۆی پڕۆژەیەکمان لەو بارەیەوە هەبوو، کە لیژنەیەکی دانووستانمان هەبێت و ئاوێنەی سەرجەم چینوتوێژ و سەرجەم لایەنەکانی هەرێم بێت، نەک هێزێکی سیاسی بچێت و بە ناوی هەرێمەوە دانوستان بکات. بە داخەوە ئێستا یەکێتی بە تەنیا دەچێت و پارتی هەروا و ئیتر کاتی ئەوە تێپەڕیوە ئەو جۆرە دانوستانە سەربگرێت یان لە سودی میللەتی کورد بێت.

لەگەڵ ئەو فراکسیۆنە هاوبەشەن لە بەغدا لە نێوان فراکسیۆنە کوردییەکان کە ئێستا هەوڵی درووستکردنی دەدرێت؟

خەلیل سەرکانی: کێشەکە ئەوەی لایەنێکی سیاسی لە هەرێم سەرئێسەت بۆ درووست دەکات و دێت دەڵێت با لە بەغدا یەک خیتابی سیاسیی کوردیمان هەبێت، لای ئێمە خیتابی کوردی لە هەرێم و بەغدا یەک پاکێجە، ئەگەر لە بەغدا یەکتری قبووڵ بکەین دەبێت لە هەرێمیش وا بێت، چونکە قەزیەکە یەک شتە. بە داخەوە نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەش هەر حزبین، هیچیان نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم ناکەن.

پەیوەندییەکانتان لەگەڵ یەکێتی چۆنن؟
خەلیل سەرکانی: ئێمە ئێستا لەگەڵ یەکێتی لێکتێگەیشتنمان هەیە و دەرگای کراوە هەیە بۆ دانوستان و چەند جارێکیش دانیشتمان کردووە.

سەبارەت بە کۆنفرانسی نیشتیمانیتان چی تازە هەیە؟

خەلیل سەرکانی: لە ڕاستیدا ئێمە ئەو کۆنفرانسانەمان دوا کەوتوون، بەڵام هۆکاری هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەت و بارودۆخی بەغدا هەبوون، ئێستا هەوڵی تەواو هەیە و لیژنەکان سەرقاڵی ئامادەکارین، ئێستا کاتیەتی ئەو کۆنفرانسانە ببەستین و هیچ بیانوویەکیش نەماوە بۆ دواخستنیان.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن


News

ئیتر براکان دەستی یەکتر ناگرن

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە