
سۆزان حەمەتاتە
عەجاج؛ کۆتایی چێژوەرگرتن لە کوشتن
پرۆفایلی مرۆڤێک لە پێستی جانەوەردا، دەکرێ زوو زوو بیخوێنینەوە و نەهێڵین زانیارییەکانی کەسێتییە بۆگەنەکەی لە یادەوەرییماندا بسڕێتەوە، مەبەستم "عەجاج ئەحمەد حەردان عوبێدی، سەرپەرشتیاری گشتیی بەندیخانەی نوگرەسەلمانە کەوا دڵڕەقیی لەگەڵ زیندانییەکان بووەتە خەون و رۆتینی ژیانی و چێژی لێ بینیوە، کارەسات لەوێوە دەستپێدەکات مرۆڤێک مەرگویستی باڵی بەسەر ژیانیدا کێشاوە و راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دۆزەخی بۆ زیندانییەکان دروستکردووە.
دانپیدانانی عەجاج، مرۆڤ تووشی شۆک دەکات، شۆکێک کە بیرەوەریی مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی هۆڵۆکۆستی جوولەکەکان و قەتڵوعامی ئەرمەنەکان، ئەو کاتانەی بۆنی مەرگ بەشی زۆری رووبەری زەوی دایرکردبوو.
عەجاج لە قسەکردنەکانیدا دانی بەوەدا ناوە و باسی لەوە کردووە "برسیکردنیان وەکو چەکێکی جەنگیی رووخێنەر بەکارهێناوە بەشێوەیەک لە بۆردوومانی سەربازی کەمتر نەبووە و تەنیا لە ماوەی 10 مانگ دا یەک لەسەر سێی زیندانییەکان گیانیان لەدەستداوە".
لە مێژوودا سەرکردە خوێنمژەکان، سیاسەتی برسیکردنیان گرتووەتەبەر، لە جووەکانەوە بۆ ئەرمەنەکان و نزیکترینیشیان برسیکردنی خەڵکی غەززە، لە هەمووی قورستر جینۆسایدی ئەنفالی کوردە کە تیایدا ١٨٢ هەزار مرۆڤی بێ تاوان بوونە قوربانی، لە زیندانەکاندا وەکو عەجاج دەیڵێت هەم برسییان کردوون و هەم دەستدرێژییان کردوونەتە سەر، دوای مردنیشیان سەگی رەشیان تێبەرداون.
سێ هەزار ئەنفالکراو لە زیندانی نوگرە سەلمان بووە، بە قسەی عەجاج لەماوەی ١٠ مانگدا یەک لەسەر سێیان بەهۆی برسیکردنەوە مردوون، ئەمە چیرۆک نییە، بەڵکو دڵڕەقیی مرۆڤ و گرێی مەرگە، کوشتنی مرۆڤ و ژیاندۆستییە لە ناخی خۆتدا، ئیتر لەو کاتەدا دڵڕەقی گەیشتووەتە لووتکە و مرۆڤ دۆشدادەمێنێت.
لە عەجاج دا زۆر پێناسە دەدۆزرێتەوە؛ دیکتاتۆر، جەلاد، خوێنمژ، دڵڕەق و بێ بەها و سەدان سیفەتی خراپ و دژە مرۆڤانەی دیکە کە لە مێژوودا وێنەیان کەمن، بەڵام ئەو کەمانەیش هێندە دڵڕەقانەن مرۆڤ شڵەژاو دەکەن و سەدان پرسیار بە مێشکیدا دێت و نازانێت بۆچی مرۆڤگەلێک دەتوانن چێژ لە مەرگ و دڵڕەقی وەربگرن و سوکایەتی بە بوون و کەسایەتی و ژیانی بکەن و تەنانەت لایان ئاسایی بێت مرۆڤ بەهۆی برسێتییەوە بمرێت؟
لە پەراوێزی ئەو دانپێدانەی عەجاج دا، پێویستە دادپەروەریی بچەسپێنرێت ئەویش لە رێگەی سەروەرکردنی یاسا و دادگاییەکی راستەوخۆ و دواتریش هەمووان کۆتایی جەلادێک ببینن کەوا هۆکاری مردنی سەدان ژن و منداڵ و پیر و بێ تاوانن.
بێگومان چەسپاندنی دادپەروەری باشترین رێگەیە بۆ ئەوەی مێژووی جەلاد و دیکتاتۆرەکان بەئاسانی دووبارە نەبنەوە، بەڵکو زەمینەیەکی وا بسازێت مرۆڤ بەها و نرخی هەبێت و رێز لە ماف و بەهاکانی بگیرێت، ئێستا ئێمە پێویستمان بەمەیە، کۆتایی تەمەنی جەلادێک کە چیژی لە کوشتنمان وەردەگرت.
خ.غ