سۆزان  حەمەتاتە

سۆزان حەمەتاتە

پێکەوەژیان و رێگەی سەرکەوتن و بەختەوەری

پێکەوەژیان؛ چی پێکەوەژیانی ئایینی یان نەتەوەکان بێ، رێگەیەکی دروستە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر و بێ کێشە و شارستانی، چونکە دەبێتە ھۆی کۆکردنەوەی تواناکان لەبری پەرتەوازەیی و لێک دوورکەوتنەوە، ئەوەش ھۆکاری کۆکردنەوەی وزەکان و ئاراستەکردنیان بەرەو سەرکەوتن و تەبایی.

لە ھەرێمی کوردستان دەرفەتێکی باش رەخساوە بۆ پێکەوەژیان، راستە ژینگەیەکی سیاسی پڕ لە کێشە ھەیە، بەڵام ئایینەکان بێ کێشە سرووتە ئایینییەکانی خۆیان پەیڕەو دەکەن، کەس مافی ئەوی تر پێشێلناکات، بگرە ھاوکاری یەکتریشن.

مینبەری مزگەوت و کڵێسەی کریستیانەکان، لالشی ئێزدییەکان و ئایینەکانی دیکە کە زۆرن، ھەریەکەیان بەجیا پەیڕەوی لە ئایینەکەی خۆیان دەکەن، رەنگە گللەیی کەم ھەبێت، بەڵام راستییەک ھەیە کە ئایینەکان پێکەوە گفتوگۆ دەکەن، کەسیان مافی ئەوی دیکەیان پێشێلناکەن، ئەمە یەکێکە لە خاڵە بەھێزەکانی ھەرێمی کوردستان.

ئەفغانستان و پاکستان دوو نموونەی خراپن لە پەیڕەوکردنی ئایینداری، رێگریکردن لە پەیڕەویکردن لە سرووتە ئایینیەکانی جگە لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام، کارێکی خراپ و سیاسەتێکی چەوتە، ھەر ئەوەش وایکردووە ئەو دوو وڵاتە ببنە مۆڵگەی تووندڕەوی.

لە ھەرێمی کوردستان ئیسلام زۆرینەیە، مینبەر شوێنی بانگەشە و بڵاوکردنەوە و داواکاریی و روونکردنەوەیە، کاتێ وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت رێگە بە بەحزبیکردنی مینبەر نادات؛ سیاسەتێکی درووستە ئەگەر لەپێناو خزمەتکردنی دروستبێ نەک سیاسەتی حزبی.

ئایین لەبەرئەوەی میکانیزمی رێکخستنی پەیوەندییەکانی مرۆڤە بە خودای خۆیەوە، بۆیە مرۆڤ لێرەدا سەنتەرە نەک تووندڕەوی، رێگەگرتن لە تووندڕەویش کاری حکومەتە، بۆیە دەکرێ پێکەوەژیان ھەمووکات بنەمای حکومەتداری بێت، بۆ ئەوەی ھەمووان دەرفەتی کار و ژیانکردنیان ھەبێت.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan