سۆزان حەمەتاتە
شەڕی شیعەكان.. لە سیاسییەكانەوە بۆ مەرجەعەكان
چەند رۆژێكە كێشەی شیعەكان لەبارەی بۆچوونە جیاوازەكانی نێوان دوو لە مەرجەع یان گەورە پیاوەكانیانەوە سەریهەڵداوە، تا كار گەیشتووەتە ئەوەی مەزارەكانی یەكتر بسووتێنن، یان هەڕەشەی زۆر تووند لەیەكتر بكەن و كێشەكانیش بەرەو ئاڵۆزی زیاتر بچن، بەتایبەت كە لایەنگری هەردوولایان توندڕەون و بە فەتوایەك ئامادەی خوێنڕشتن و كوشتارن لە یەكتر.
لەدوای پرۆسەی عیراقەوە بۆ ماوەیەكی كورت هێزەكانی شیعە نەچوونە ململانێی یەكترەوە، ئەوەش پەیوەندیی بە چەند هۆكارێكەوە هەبووە وەكو ئەوەی هێشتا سەرەتابوو كە لەدەست رژێمی بەعس رزگاریان بوو بوو، هەروەها سوننەكان پەرتەوازەبووبوون و ململانێی دەسەڵات بەتەواوی دەرنەكەوتبوو، هەموو شت بۆ شیعە بەردەستبوو و خۆیشیان لە دۆخێكی تەواو جیاوازدا بینیبووەوە.
زۆری نەبرد ململانێی رەوتە شیعەكان دروستبوو، ئەو شیعانەی نزیكبوون لە كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ئەو شیعانەی كراوەتربوون یان عیراقیانە بیریاندەكردەوە، سەرئەنجان رۆژگار گەیشتە هەڵبژاردنی مانگی 10ی ساڵی 2021 كە بەهۆیەوە بەتەواوی شیعەكان پەرتەوازەبوون و ململانێكانیان گەیشتە مریشكەڕەشە.
لەگەڵ ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان رەوتە سیاسییە شیعەكان، وا ململانێی رەوتە مەزهەبییە شیعەكانیش دەركەوت، بە ئەندازەیەك دۆخەكە ئاڵۆزبووە تا كار گەیشتە سووتاندنی حسێنییەكان و تۆمەتباركردنی یەكتر بە خیانەت و بیری داعش و هەڵگەڕانەوە لە بنەما نەگۆڕانی ئالوبەیت.
لە وتاری نوێژی هەینی رابردوودا لە مزگەوتی فەتحی سەر بە مەرجەعی مەحمود سەرخی لە پارێزگای بابل، نوێنەری سەرخی داوای رووخاندنی مەزارگە ئایینییە پیرۆزەكانی شیعەی كرد و وتی "پێغەمبەری ئیسلام داوای كردووە گۆڕەكان نەكرێنە مەزارگە".
ئەم لێدوانەی نوێنەری مەحمود سەرخی كە خۆ بە مەرجەعێكی گەورەی شیعەكان دەزانێت كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە، موقتەدا سەدر داوایكرد دەستگیری بكەن، هەروەها بووە هۆی وروژاندنی هەستی شیعە مەزهەبەكانی نزیك لە عەلی سیستانی و ئەوەش سووتاندنی چەندین حسێنییەی سەر سەرخییەكانی بەدواداهات.
سەرخی لە ساڵی 2014ەوە عیراقی بەجێهێشتووە و لە ئیمارات دەژی، بیری كراوەترە و عیراقیانە بیردەكاتەوە زیاتر، دژی زۆر بۆچوونی عەلی سیستانییە بەتایبەت كاتێك داوای دروستكردنی حەشدی شەعبی كرد زۆر بەتووندی دژی سیستانی وەستایەوە، لەگەڵ ئەوشدا لاەینگری زۆری هەیە و شیعەكانی دیكە ترسیان هەیە ریزە مەزهەبییەكی شیعە زیاتر دوولەت بكات كە ئەوان بە هۆكاری مانەوەی خۆیانی دەزانن.
سەرخی دژی هەژموونی ئێرانیشە تەنانەت كاتێك كونسوڵخانەی ئێران لە ناسریە سووتێنرا، زۆربەی لایەنەكان پەنجەی تۆمەتیان بۆ سەرخی و لایەنگرانی درێژدەكرد و رایان وابوو ئەوە سەرخییە هانیان دەدات دژی ئێران بووەستنەوە.
ململانێی شیعەكان و گۆڕانی لە پرۆسەی سیاسییەوە بۆ ململانێ و شەڕی مەزهەبی مەترسی و كاریگەرییەكانی نەرێنی و گەورەن، عیراقی ئێستا ماندووە بە گەندەڵی، نادادپەروەری، كوشتن، بێكاری و نەبوونی ژێرخانی ئابووری و رۆشنبیری، شەڕی سیاسییەكان و مەترسییەكانی داعش، سەرەڕای ئەوانە شەڕی مەزهەبی ناكۆكی و مەترسییەكان گەورەتر دەكەن و دەرفەت دەڕەخسێنێ بۆ دەستتێوەردانی زیاتری هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، روونیشە عیراق بەرگەی ئەو هەموو ململانێ قورس و خوێناوییە ناگرێت.
خ.غ
خ.غ