چاوپێكەوتن

ئەحمەد حاجی رەشید: نیوەی داهاتی گومرگی هەرێم بۆ بەغدا دەبێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەحمەد حاجی رەشید: نیوەی داهاتی گومرگی هەرێم بۆ بەغدا دەبێت
مەودا میدیا- رەنگین عارف

ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق وردەکاریی رێککەوتنی هەرێم و بەغدا ئاشکرا دەکات و دەڵێت "هەرێمى کوردستان جگە لە رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە بەغدا، داهاتی گومرگیش لەنێوان هەردووکیان نیوە بە نیوە دەبێت."

ئەحمەد حاجی رەشید لە چاوپێکەوتنێکی مەوداپرێس دا ئاماژە بەوە دەکات پێشتریش بەغدا هەر داوای ئەو رێککەوتنەی کردووە و بەڵام رێککەوتنەکە دواکەوتووە، هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە، "هەرێم ئەو کاتە سەقفی داواکارییەکانی زۆر بەرز بوون و ئێستا کەمی کردوونەتەوە."

تائێستاش زۆر بۆ خەڵکی کوردستان روون نییە بەغدا و هەرێم لەسەر چی رێککەوتوون، هەندێ روونکردنەوە بدەیت لەو بارەیەوە؟
ئەحمەد حاجی رەشید: هەرێمى کوردستان و بەغدا لەسەر دوو شت رێککەوتوون، هەرێم ئامادەیە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات و داهاتی گومرگەکانیش لەنێوان هەرێم و بەغدا بەشێوەی نیوە بە نیوە بێت بۆ هەرێم و بەغدا. لە بەرانبەردا بەغدا پابەند دەبێت بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێم وەک ئەوەی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا دیاری دەکرێت و پەسەند دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا، چونکە تائێستا پڕۆژەکە تەواو نەکراوە و مشتومڕی زۆری لەسەرە.

پێستریش بەغدا هەر داوای ئەوەی دەکرد و هەرێم نەیدەکرد، کە رێککەوتنەکە هەروا کەوتەوە بۆ ئەوەندە دوا کەوت؟

ئەحمەد حاجی رەشید: هەرێم ئەو کاتە سەقفی داوکارییەکانی زۆر زۆر بوون، دەیوت 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەدەم بە مەرجێک پشکی کۆمپانیا نەوتییەکانیشم بدەنێ و قەرزەکانیشم بۆ بدەنەوە، بەڵام بەغدا نەچووە ژێر باری هیچ کام لەو داواکارییانە، چونکە دەڵێت هەرێم 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە هەناردە دەکات و ئەو 200 هەزار بەرمیل نەوتەی لێتان دەمێنێتەوە لەبری کۆمپانیا و کرێ و قەرزاکانتانە و لێتان خۆش دەبین و خۆتان مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا و کرێ و قەرزەکانتان بکەن و بیاندەنەوە.

ئەم رێککەوتنە بۆ ساڵێکە یان دوورمەودایە؟

ئەحمەد حاجی رەشید: رێککەوتنی ناو پڕۆژەیاسای بودجە تەنیا بۆ ساڵێکە، چونکە پڕۆژەکە کە دەچێتە پەرلەمان و پەسەند دەکرێت بۆ ساڵێک پەسەند دەکرێت، ساڵی داهاتوو بە بارودۆخی تازە، نرخی نەوت، پرسی خزمەتگوزاری و پێویستیی عیراق لە هەموو بوارەکاندا کەمی و زۆریی داهات پڕۆژەیاسای تر ئامادە دەکرێت.

واتا ساڵی داهاتوو ئەم کێشانەی هەرێم و بەغدا دووبارە سەرهەڵدەدەنەوە؟

ئەحمەد حاجی رەشید: بێگومان دەبێت هەردوولا گفتوگۆ بکەنەوە و بێگومان لەو ماوەیەدا هەرێم و بەغدا کە دابڕابوون بێمتمانەییەک لەلایەن هەردوو لاوە هەیە، ئەگەر ئەم ساڵە ئەو رێککەوتنە هەردوولا پێوەی پابەند بن و کێشە درووست نەکەن بۆ جێبەجێکردنی، هەنگاوێکی باش دەبێت بۆ گێڕانەوەی متمانەی نێوانیان و دەکرێت ساڵی داهاتوو یان لە ساڵی نوێدا بیر لە رێککەوتنی باشتر و درێژمەودا بکرێتەوە.

گەرەنتی هەیە کەوا کێشە روونەدات و تاسەر بێت؟

ئەحمەد حاجی رەشید: رێککەوتنەکە تائێستا لەسەر ئەو دوو پرسەیە، کە باسمان کرد، بەڵام عیراق خۆشی گەورەترین کێشەی بودجەیە، ئێمە دوو کاتژمێر و سێ کاتژمێر دادەنیشین لە لیژنەی دارایی ناتوانین یەک بڕگەی بودجە چارەسەر بکەین و جێگیری بکەین. 

ئایا پابەندیی بەغدا لە بەرانبەر هەرێمدا تەنیا بۆ مووچەی فەرمانبەرانە یان بودجەی دیاریکراوی هەرێمە؟
ئەحمەد حاجى رەشید: نەخێر پشکی هەرێم چەند بێت لە ناو پڕۆژەیاساکەدا بەغدا پابەند دەبێت بە ناردنی سەرجەم بودجەی هەرێم بەشێوەی مانگانە.

ئەوە یکلایی بووەتەوە پشکی هەرێم چەند دەبێت؟

ئەحمەد حاجی رەشید: نەخێر ئەوە پرسێکی ئاڵۆزە و پێویستە بەر لە ناردنی پڕۆژەیاساکە بۆ بەغدا هەرێم و ناوەند رێککەوتنی لەسەر بکەن، چونکە پشکی هەرێم لە پڕۆژەکەدا و بەتایبەت دوای ئەو ئاڵۆزییانەی بەغدا لە پەرلەماندا ناکۆکی و گفتوگۆ و ناڕەزایەتیی زۆر درووست دەکات و دەبێت ئەوە یەکلایی بکرێتەوە.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان