چاوپێكەوتن

د.ئەحمەد بامەڕنی: لەگەڵ دەرهێنانی نەوت و ریفراندۆم نەبووم

مەودا میدیا - سلێمانی |


د.ئەحمەد بامەڕنی: لەگەڵ دەرهێنانی نەوت و ریفراندۆم نەبووم
مەودا میدیا- كاروان رەسوڵ

ئەحمەد بامەڕنی، باڵیۆزی پێشووی عیراق لە ئیتالیا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ مەودا میدیا دەڵێت "بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ دەرهێنان و سەربەخۆیی نەوتی هەریمی کوردستان نەبووم"، باس لەوەشدەکات "ئەو نەوە کۆنەی کە پێشتر لە عیراق حکومڕانی دەکرد وردە وردە خەریکە نامێنیت و گۆڕەپانەکە چۆڵدەکەن". بامەڕنی دەشڵیت "کازمی  لە ناوچەکەدا دەتوانێت هاوسەنگی ئەمریکا و ئێران رابگرێت".

ئێستای پڕۆسەی سیاسی عیراق چۆن دەبینیت؟
 د.ئەحمەد بامەڕنی: بەڕای من عیراقی پێش ئۆکتۆبەر رۆیشت، عیراقی دوای ئۆکتۆبەری 2019 دەستیپێکردووە و سیستمەکە بە تەواوی دەگۆڕێت، هەروەها خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە عیراقی گۆڕی، ئەو نەوە کۆنەی کە پێشتر لە عیراق حکومڕانی دەکرد وردە وردە خەریکە نامێنیت کە پێشتر  ئۆپۆزسیۆن بوون و هەندێکیان لە ئێران و هەندێکیشیان لە کوردستان بوون، ئەوانە دەڕۆن و نەوەیەکی تازەی جیاواز دێنە سەر حوکم، ئێمەی كوردیش دەبێت وردتر واقیعەكە بخوێنینەوە و لەگەڵ ئەو نەوەیە مامەڵە بكەین. 

 پێتانوایە لە سەردەمی مستەفا کازمی دا بارودۆخی سیاسی عیراق سەقامگیر دەبێت؟
 د. ئەحمەد بامەڕنی: کازمی سەرەتا پێویستە بۆ یەک ساڵ بێت، میلیشیاکانی عیراق دژی بوون و بەشیکی زۆری لایەنەکان لەگەڵی بوون ئەمریکا و لەلایەکی تریشەوە ئێران رای باشە و سەردانیان کردووە و دەوڵەتانی عەرەبیش پشتگری دەکەن بۆ ئەوەی سەربکەوێت، بۆیە راموایە جۆرێك لە سەقامگیری بۆ عیراق دروستدەبێت.

کازمی دەتوانێت هاوسەنگی ئەمریکا و ئێران لە پەیوەندییەكانی لەگەڵیاندا رابگرێت؟
د. ئەحمەد بامەڕنی: یەکێک لەو قسانەی کازمی کردوویەتی دەڵێت نابێت عیراق ببێتە میدانی ململانێ و شەڕ، باڵێوزی هەردوو وڵاتیشی بینیوە، لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی دڵنیایی لەسەر ئەوە دەکاتەوە نابێت عیراق بچێتە ئەو ململانێیەوە و یەکێکیشە لە ئامانجەکانی.

هەولێر و بەغدا بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان چی بکەن گونجاو دەبێت؟
ئەحمەد بامەڕنی: زۆربەی سەرکردەکانی کورد پێشتر دەچوونە بەغدا و لەگەڵ سیاسییەکان کۆدەبوونەوە و ئێوارە دەگەڕانەوە، لەئێستادا رەوتێکی جیاواز دروستدەبێت و دەبێت جیاواز مامەڵە بکەن لەگەڵ بەغدا، دەبێت سیاسەتی نوێ دابڕێژینەوە و پەیوەندییەکان بگۆڕن.

بەڕای ئێوە ئاییندەی کوردستان بەرەو كوێ دەڕوات؟
د. ئەحمەد بامەڕنی: فەڕەنساییەکان قسەیەکی جوانیان هەیە دەڵێن کەسێک لەسەر دوو کورسی دابنبێشێت هیچیانی بە نسیب نابێت، کوردستانیش وای لێقەوماوە لەلایەک سەربەخۆیی و لەلایەک عیراق، وەڵامێک بۆ کورستان گرنگە ئایا بە بەشی عیراق رازیت؟ ئەگەر بەڵێیە دەبێت واز لەم سیاسەتە بهێنێت.

مەبەستت ئەوەیە بگەڕێیتەوە بۆ ریفراندۆمەكە و بڵێی گونجاو نەبوو؟
د. ئەحمەد بامەڕنی: کورد مافی خۆیەتی ریفراندۆم بكات لە هەرکاتێکدا بێت و کەس ئینکاری ئەو مافە ناکات و خەونی کورد بووە سەربەخۆ بین، دیاریکردنی کات لەو بابەتانەدا زۆر گرنگە، کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم زۆر هەڵە بوو، قسەیەک پێویستە ئایا بۆ خۆتی دەکەیت یان بۆ رەزامەندیی وڵاتان، کورد خۆی بڕوای پێ هەبوو، بەڵام وڵاتان بڕوایان پێنەبوو و دژی بوون، قسەیەکی لینین هەیە دەڵێن لەکاتی شۆڕشەکەیدا وتوویەتی شازدەی ئۆکتۆبەر بۆ شۆڕش زوو بوو هەژدەی ئۆکتۆبەر درەنگ بوو لەبەر ئەوە حەڤدەی ئۆکتۆبەرم هەڵبژارد.

رادەستکردنی نەوت بە بەغدا کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر دەکات؟
د. ئەحمەد بامەڕنی: کارکردن بەم شێوەی ئێستا کێشەکان چارەسەر ناكات، لەئێستادا هەرێم پابەندی رێککەوتنەکەی نییە لەگەڵ بەغدا و ئەی بەغدا چۆن مووچە دەنێرێت. من لە سەرەتاوە دژی سەربەخۆی نەوت و دەرهێنانی بووم و وتم بالێگەڕێین بۆ نەوەکانی داهاتی، بەغدا ناچار دەبوو لە 17% بنێرێت ئیتر وامان لێناهات و بودجە و مووچەش نەشدەبڕا، بەڵگەش پێش دەرهێنانی نەوت وەزعمان زۆر باش بوو.

کورد چی دەستکەوتێک لە حکومەتەکەی کازمی بەدەستدەهێنێت؟
د. ئەحمەد بامەڕنی: لە دابەشکاری پۆستەکاندا کورد رێککەوتووە لەگەڵ کازمی و ماوەتە سەر مووچە و بودجە و نەوت، دەبێت لایەنە کوردییەکان هەنگاوی نوئ بنێن بۆ رێککەوتن.
Qaiwan
Qaiwan