کوردستانی
بەناوی کارمەندی شارەوانییەوە پارە لە هاوڵاتییان وەرگیراوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد كە یەكێك لەو تۆمەتبارانە بەناوی كارمەندی شارەوانی سلێمانییەوە پارەی لەهاوڵاتییان سەندبوو و یەکێکی دیکەش ئۆتۆمبێلێکی بە زەبری چەقۆ رفاندبوو.
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند "شەوی رابردوو لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە دوای ئەوەی دەست لەئۆتۆمبێلێكی جۆری تاكسی ڕادەگرێت بەچەقۆ هێرشدەكاتە سەر شۆفێرەكەو ئۆتۆمبێلەكە دەڕفێنێت، دوای ئەوەی زانیاری دەگاتە پۆلیسی سلێمانی لەماوەی كەمتر لە 2 کاتژمێردا توانرا ئۆتۆمبێلەكە لەگەڕەكی بەكرەجۆی شاری سلێمانی بدۆزرێتەوەو تۆمەتبارەكە دەستگیربكرێت".
ئاماژە بەوەشکراوە "لەئێستادا تۆمەتبار بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 446 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو شۆفێری ئۆتۆمبێلەكەش بریندارەو لەنەخۆشخانە چارەسەری پزیشكی وەردەگرێت".
هەروەها لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "بەیانی ئەمڕۆ مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان تۆمەتبارێكی عەرەبیان دەستگیركرد كە بەناوی كارمەندی شارەوانی سلێمانییەوە لەچەند گەڕەكێكی شاری سلێمانی پارەی لەچەند هاوڵاتییەك وەرگرتبوو".
ئەوەشخراوەتەڕوو "تۆمەتبار (أ ، خ ، أ ) لەدایكبوی 1996 دانیشتوی كامپی ئاوارەكانە لەشاری سلێمانیو پێشتر كارمەندی یەكێك لەكۆمپانیا پاككەرەوەكان بووەو بەناوی شارەوانییەوە لەچەند گەڕەكێك پارەی لەهاوڵاتیان وەرگرتووە"
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی داوا لەھاوڵاتیان دەکات کە بەھیچ جۆرێک پارە بەو کەسانە نەدەن کە بەناوی کارمەندی کۆمپانیاکانی پاککردنەوەوە بەسەر ماڵاندا دەگەڕێنو داوای پارەی جەژنانە دەکەن.