ئەمەل جەلال

ئەمەل جەلال

رۆڵی پەروەردە و فێرکردن لە بەرجەستەکردنی کەسایەتی

ساتی بڕیاردان لە هێنانە دونیای منداڵان، رۆڵی دایکان و باوکان لە وەڵامدانەوەی ئەو پێداویستییە رۆحی و تەندروستی و دەروونی و خۆراکییەیە کە سەرەتا لە هەناوی دایکەوە دەست پێدەکات، پێویستە بۆ هەردوو کۆرپەلە و دایک دەستەبەر بکرێت، تا زامنی سەلامەتی دایک و کۆرپەکەش بکەین. کەواتە لە ساتی دروستبوونیانەوە تا لە دایکبوونیان، دەبێت هەموو پێداوستییە خۆراکییەکان و رێوشوێنە پێویستەکانی کە لە بواری تەندروستی و خۆراکی و ژینگەیی رەچاو بکرێت، تا بتوانین زامنی داهاتووی منداڵیکی تەندروست و دایکێکی تەندروست بکەین، چونکە ئەو ژینگەیەی دایکی سکپڕ تێیدا دەژی، راستەوخۆ کاریگەری دروست دەکات لەسەر کۆرپەلە لە هەناوی دایکدا، بۆیە هەموو بابەتە نێگەتیڤەکان بە دوور بگرین لە دایکی سکپڕ. ئەمە بابەتێکی زانستی پزیشکییە کە پسپۆڕیی من نییە، بۆیە دێمە سەر تەمەنی منداڵ و پێداویستییەکانی لە شەش ساڵی یەکەمی تەمەنیدا:
سەرەتا دەمەوێت بڵێم بەرلەوەی باس لە پرۆسەی پەروەردە بکەین، دەبێت باس لە تێگەیشتن لە پێداویستی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵان بکەینەوە، کە هەر قۆناغە و جۆریک و شێوازێکی پێویستە، چونکە بەپێی بیردۆزەی (ئەریکسۆن)، مرۆڤ هەموو هەڵچوون و کێشە کەسییەکانی کە لە ژیانیدا روو دەدەن، دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی پێشوەخت، چونکە زاناکان کۆکن لەسەر ئەوەی دەروونی منداڵ لە پێنج ساڵی یەکەمی جێگیر دەبێت، لەبەرئەوەی لەو پێنچ ساڵەدا کەسایەتی دروست دەبێت ‌و دەرئەنجام بەرهەمەکەی دەچنێتەوە. بۆیە پێویستییەکانی منداڵان لە تەمەنی شەش ساڵی یەکەمدا دەتوانین بەم شێوەیە دابنێن:
*پێویستییە جەستەییەکان وەک (خواردن و خواردنەوە و پاک راگرتنی و خەوتنی)

*پێدانی هەست و خۆشەویستی وەک (باوەش و یاریکردن)
*بیستنی دەنگی هێواش و ئارام بەخش و دوورخستنەوەی لە دەنگە بێزارکەرەکان.

گرنگی پێدان و باوەش گرتنی تەنانەت ئەو کاتەی کە خەوتوشە، لە ساڵی یەکەمی تەمەنیدا پێویستیەتی، چونکە دایک میحوەری یەکەمیەتی لەو تەمەنەیدا، بۆیە جەختکردنەوە لەسەر تێگەیشتن لە پێداویستییەکانی منداڵ بەپێی قۆناغەکانی تەمەنی.

بۆیە زانایان و پسپۆڕان جەخت لە تێرکردنی منداڵان دەکەنەوە لە هەموو روویەکەوە، تا لە گەورەبوونیدا هیچ خاڵێکی لاواز لە کەسایەتیدا دروست نەبێت. سەرەنجام وەرگرتن و فێربوونی منداڵان لە رووی کۆمەڵایەتی و هەڵسوکەوت و هەستەکانی لەو ژینگەیەوە وەریدەگرێت کە تیایدا دەژی لەناو خێزان و دەوروبەری، بۆیە تایبەتمەندییەکانی گەشەی ئەقڵی منداڵان لە 3-6 ساڵیدا پەیوەستە بەو بارە کۆمەڵایەتییەی تیایدا گەورە دەبێت لە ناو خێزان، بە تایبەت دایک و باوک میحوەری سەرەکیی پرۆسەی پێگەیشتن و نەشونمای کۆمەڵایەتیین.

کەواتە منداڵان بەر لەوەی باس لە پەروەردەکردنیان بکەین، دەبێت سەرەتا بە گرنگییەوە جەخت لە تیگەیشتن و فێربوونی چۆنێتی هەڵسوکەوت و مامەڵە لەگەڵ قۆناغەکانی تەمەنیان بکەین، بۆئەوەی بۆ هەر قۆناغێک کەرەستە و زانست و زانیاری پێویستمان هەبێت بۆ نەوەیەک کە ئامانجمان دروستکردنی کەسایەتییەکی تەندروستە ‌و متمانەی بەخۆی هەبێت و مرۆڤێکی بەرهەمهێن و ئەقلانی بێت بۆ خۆی ‌و نیشتمانەکەی، دەرئەنجام وەک کەسایەتییەکی پاشەڕۆژ رۆڵی هەبێت لە نەهێشتنی هەموو شێوازەکانی جیاکاری و نادادی کۆمەڵایەتی و هێنانەکایەی کۆمەڵگەیەکی سەقامگیر و ئاشتیخواز، دوور لە توندوتیژی رەگەزی، کەواتە بەو شێوەیە دەتوانین ئەم کەسایەتییە بەو بەهاو بنەمایانە پەروەردە بکەین و لە رەوشت و ئاکاریدا بەرجەستە ببێت ‌و ببێتە بەشێک لە پەرەپێدان و گەشەسەندنی کۆمەڵ.

وتارەکانی تری نووسەر

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan