چاوپێكەوتن

عەتا سەراوی: کەس دژی کۆنگرە نییە

مەودا میدیا - سلێمانی |


عەتا سەراوی: کەس دژی کۆنگرە نییە
 مەودا میدیا- کاروان رەسوڵ

ئەندامێکی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت لە کۆنگرەی یەکێتیدا پۆستی سکرتێری گشتی نامێنێت و بۆ بەڕێوەبردنی حزبەکەشی واپێشنیازکراوە سێ کەس بۆ دەبەستەی بەڕێوەبردن دیاری بکرێن. 

عەتا سەراوی، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە مەوداپرێسی راگەیاند "زۆرینەی یەکێتییەکان لەگەڵ ئەوەن ئەم ساڵ کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەیان ببەسرێت".

گروپی فشار و چەند هەوڵێک هەیە لەسەر بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لەمڕووەوە چی نوێتر هەیە؟ کۆنگرەی یەکێتی تەوافوقی دەبێت و پێشتر زۆربەی پرسەکان یەکلاییدەکرێنەوە یان بەنیازنکۆنگرەیەکی دیموکراسیانە و راستەقینە ببەستن؟
عەتا سەراوی: ئەگەر ئێمە راستگۆبین هەر کۆنگرە و هەڵبژاردن لەهەموو دنیای ئیسلامی و عەرەبیدا سەد لە سەد دیموکراسی بێت ئەمە بوونی نییە. لەڕاستیدا ماوەیەکی زۆر تێپەڕیوە بەسەر نەبەستنی کۆنگرەی یەکێتیدا، هۆکارەکان هەرچی بن لەماوەی پێشوو توانیومانە لەگەڵ رێکخستنی ‌حزبەکەمان بڕوا بەخۆمان بکەین کە هۆکارەکەی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و ئینشیقاقی ناو یەکێتی بووە، ئیتر ئێستا بیانووی خۆدزینەوە لە بەستنی کۆنگرە نەماوە، کادرەکانی خوارەوە و مەڵبەندەکان رامان وابووە دەبێت کۆنگرە ببەستین، تەوافق بۆ بەرنامەی کۆنگرە گونجاوە، بەڵام تەوافق بۆ رێژە و دانانی ئەم و ئەو، ئەو گروپ و کردنە دەرەوە و هێنانە پێشەوەی خەڵکی دیاریکراو بۆ سەرکردایەتی موتڵەقەن نابێت و ئەمە پێ ناوترێت کۆنگرە.

بەڵام بۆچوونی دیکە سەبارەت سەبارەت بەدواکەوتنی کۆنگرە هەیە، هەنە پێیان وایە پەیوەندی بەکوتلە و دابەشکردنی سەرکردایەتی و پۆستەکانەوە هەیە؟
عەتا سەراوی: ئەمە راستە، داوایان لەم ئەنجومەنەی ئێمە کردووە هەردوو ئەنجومەنەکە بۆ ماوەیەکی ئینتیقالی کۆنگرەیەک بگرین و 150 کەسەکە شەرعیەت بدەینەوە بەخۆمان بۆ چوار ساڵی تر و ئەوە کۆنگرەکەمان بێت، لەڕاستیدا ئەمە پێی ناوترێت کۆنگرە و ئەنجومەنی ناوەندی پێی رازی نەبووە، ئەو ملشکاندن و یەکتر دەرپەڕاندنەی پێشوو تاهەندێک هێوربووەتەوە هەموویان لەوە تێگەیشتون بوونی یەکێتی بوونی خۆیانە، نەبوونی یەکێتی کۆتایی ژیانی سیاسی خۆیانە.
ئێمە لە کۆنگرە لەگەڵ یەک ئەنجومەنین نەک دوو ئەنجومەن ئەویش بەناوی ئەنجومەنی گشتی و بۆ ئەوەی رەشنووسی پەیڕەومان ئامادەکردووە بەو شێوەیەیە لەسەروو ئەمانەوە سکرتاریەتێک هەبێت کە بریتییە لە 3 کەس کە پێکەوە بڕیارەکان بۆ بەڕێوەبردنی یەکێتی بدەن. هەروەها مەکتەبەکان نامێنێت و دەکرێن بە کۆمیسۆن و هەر کۆمیسۆنێک ئەندامی جێبەجێکار یان مەکتەب سیاسی لێپرسراوی بێت، پێشتر سکرتێر 29 دەسەڵاتی هەبوو، بەڵام لەم رەشنووسەدا پێشنیازی دابەشکردنی ئەو دەسەڵاتانەمان کردووە. 

بەپێی رەشنووسەکەی ئێوە دەستەی بەڕێوەبردنی یەکێتی لە ‌چەند کەس پێکدێن؟
عەتا سەراوی: بۆچوون هەیە دەڵێت پێنج کەس هەندێکیش دەڵێن سێ کەس، من لەگەڵ سێ کەسم، زۆربەمان لەگەڵ ئەوەین ئەمساڵ کۆنگرە ببەسرێت بۆ رۆژەکەش پێمان باشە رۆژی شەهیدی یەکێتی بێت کە بریتییە لە 21-11.

ئەنجومەنی ناوەند دەمێنێت؟
عەتا سەراوی: هەردوو ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ناوەند نامێنێت و دەبێت بە ئەنجومەنی گشتی یان هەر ناوێکی تر کۆنگرە بە گونجاوی بزانێت.

لەبارەی دارایی گشتی یەکێتییەوە چی نوێ هەیە کە زۆرێک پێشووتر ناشەفافیەتیان لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەو بەشەدا بەهۆکاری کێشەکان و جیابوونەوەکان دەزانی؟
عەتا سەراوی: دوای نەخۆشکەوتن و مردنی بەڕێز مام جەلال کوتلەیەک تەحەکومی بە دارایی یەکێتیەوە کردووە، ئێستا وانەماوە دەستەیەک دروستکراوە لە مەکتەبی دارایی پێکەوە بڕیار دەدەن، یەکێتی موڵک و ماڵی زۆرە و پێویستە لە چوارچێوەی مەکتەبێک رێکبخرێتەوە و سێ بۆ پێنج سەرکردایەتی سەرپەرشتی بکات.

زۆرینەی سەرکردایەتی یەکێتی لەگەڵ بەستنی کۆنگرەن، هەستناکەی هەبن ناڕاستەوخۆ دژی بووەستنەوە؟ 
عەتا سەراوی: ئێستا کەس دژی کۆنگرە نییە، بەڵام لەوە دەچێت روئیای جیاواز هەبێت، بەڵام ئەوەڵ و ئاخر کۆمیتەی سەرکردایەتی بڕیاری کۆنگرە دەدات و رۆژەکە دیاریدەکات.

دیاریکردنی ئەندامانی کۆنگرە پڕکێشەیە
وەک زانیاری لامانە و ترس هەیە لە دیاریکردنی ئەندامانی کۆنگرە، میکانیزمی نوێ و گونجاوتان دەستنیشانکردووە بۆ دیاریکردن و هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە؟
عەتا سەراوی:  کۆنگرەی سێ بڕیاری داوە کۆنگرەی چوار هەزار ئەندام کۆنگرەی هەبێت. 

ئەو ژمارەیە بەگونجاو دەزانن؟
عەتا سەراوی: من پێم وایە زۆر زۆریشە.

سەبارەت بە کۆتای ژنان بۆ ئەندامانی کۆنگرە و سەرکردایەتی چی میکانیزمێکتان داناوە؟
عەتا سەراوی: یاسا هەیە لە پەرلەمان لە سەدا بیست و پێنج یان سییە، بەداخەوە لە کۆنگرەی سێ دوو ژن بەبێ کۆتا دەرچوون کە ئەوانیش هێرۆخان و بێگەرد تاڵەبانی بوون، من لەگەڵ کۆتای ژنانم کە لە سەدا بیست و پێنجە لەسەرجەم ئۆرگانەکان.

پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی
چۆن پەیوەندییەکانتان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵدەسەنگێنن، هێشتا ئایا لاسەنگی تێدا ماوە؟
عەتا سەراوی: بەداخەوە زۆربەی کادرەکانمان باسی پاشەکشێی یەکێتی و دەسەڵاتی رەهای پارتی دەکەن، لای من ئەم شتە ئەسڵ و ئەساسی نییە. دوای نەمانی مام جەلال ئەوە سەرکردەکانن هاوسەنگ نەبون لە ئاست قیادەی پارتیدا، پارتی لە هەولێر و دهۆک و شەنگال دەسەڵاتی یەکەمن، بەڵام یەکێتی لە  کەرکوک و سلێمانی و راپەڕین و گەرمیان و هەڵەبجە و تکریت و دیالە دەسەڵاتی هەیە. پارتی لە حەوت پارێزگای عیراقی نەیتوانیوە پۆلیسێک دابمەزرێنێت بێ موافەقەتی ئێمە، کەواتە ئێمە لە ئاستی قیادەدا لاوازبووین.

مەبەستت ئەوەیە بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی بەرانبەر پارتی لاوازبوون؟
عەتا سەراوی: بەڵێ ئەوە لاوازی بەشێک لە سەرکردایەتییەکانی یەکێتی بوو، تیمەکەشمان لە حکومەت کاک قوبادە، پیاوێکی دەوڵەتمەدارە ئەگەر دوای کەتنی 25 سێپتەمبەر ئەگەر قوباد تاڵەبانی نەبووایە... 

مەبەستت لە کەتنی 25ی سێپتەمبەر ریفراندۆمی سەربەخۆییە؟
عەتا سەراوی: بەڵێ کەتن بوو کردیان، کوردێک نییە لەگەڵ سەربەخۆیی نەبێت، بەڵام ئەم برادەرانەی ئێمە چوون لەگەڵ کاک مسعود رێککەوتن، لەوکاتەدا ئەگەر قوباد بهاتایەتەوە سلێمانی دوو ئیدارەیی دروست دەبوو. کاک قوباد وەک شەخس قوربانی دا و کەسیش باسی ناکات و دەبێت سوپاس بکرێت، لە کابینەی پێشوو دوو لەسەر سێی حزبەکە دژی کاک قوباد بوو، بەڵام ئەم کابینەیە نوێنەری هەموو کوتلەکانی تێدایە و دەبێت کەس گلەیی نەبێت، وەک باڵی ئێمە تەنها کاک قوباد و بێگەردخانە، پارتیش بەبێ یەکێتی حکومەتی پێ دروست نەکرا و حەوت مانگ چاوەڕێی یەکێتی بوو، واقیعی جوگرافیا وایە ئەوان لە هەولێر و ئێمەش لە سلێمانی، بەداخەوە نەمانتوانیوە ئەم هەرێمە یەکبخەینەوە.

پێتوایە حکومەتێکی سەرکەوتوو دەبێت؟
عەتا سەراوی: با لێگەڕێین 100 رۆژەکە تەواو بکەن و جارێ حوکم نەدەین. کەسێکی بەهێزی ناو بنەماڵەی بارزانی و دەسەڵات بەدەستە و خۆیشی بە میراتگری پارتیش دەزانێت و کەسێکی دەست رۆیشتووە، بەڵام نێچیرڤان یەکێک لە کێشەکانی ئەوە بووە پارتییەکان دژی بوون، پارتییەکان ئەم حکومەتە بە هی پارتی ئەزانن، بەڵام حکومەتی 25 ساڵی پێشوو خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن، چونکە حکومەتی نێچیرڤان بارزانی بوو.

هەندێکیش پێیان وایە مەسرور بارزانی کەسێکی ئەمنییە و مەودای ئازادی کەم دەکاتەوە یان وەزیرەکان لەقاڵب دەدات؟
عەتا سەراوی: هەڵەیەکی گەورە دەکات ئەگەر وابیربکاتەوە.

وەک یەکێتی قبوڵی ئەوە قبوڵ دەکەن؟
عەتا سەراوی: بیرکردنەوەش لێی وارید نییە.

گۆڕان تۆڵە لە یەکێتی دەکاتەوە
گۆڕان و پارتی پێش یەکێتی رێککەوتن، پێتوایە لەسەر حسابی یەکێتی بوو یان شتێکی ئاسایی بوو؟
عەتا سەراوی: بەداخەوە برادەرانی گۆڕان بە رۆحی ئینتیقامەوە مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن، من کەسێکی ئاگادار و نزیکی ماڵی چیا و نمای کاک نەوشیروانم، نەدەبوو ئەوهەڵەیە بکەن و  رێککەوتنەکە هەڵپەسێرن.

کێ بەرپرسە لە هەڵوەشاندنەوەی و کێ ئەو هەڵەی کرد؟
 عەتا سەراوی: بیانوویەک بەوەی چوونەتە سەر گردەکە،  من پێش هەموو گۆڕانەکان لەوێ بووم ئەو شەوەی تەقەکە کرا، نەدەبوو ئەوە بکەن بە تۆڵەسەندنەوە و خۆیان زیانیان کرد و دەنگەکانیان پاشەکشێی کرد لە 25 کورسییەوە بۆ 12 کورسی و رۆژانەش خەڵک وازدەهێنیت لە گۆڕان. ئێمەش کەموکوڕیمان هەبووە، ئەوە رێککەوتنەی لەنێوان مام جەلال و کاک نەوشیرواندا کرا بەس خۆشیان دەیانتوانی جێبەجێی بکەن.


Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن