دۆزی ژن

پەخشان زەنگەنە: حیزبایەتی، باڵاترین شێوازی خەباتی ژنانە

مەودا میدیا - سلێمانی |


پەخشان زەنگەنە: حیزبایەتی، باڵاترین شێوازی خەباتی ژنانە
مەودا میدیا- نەرمین عوسمان

لە میانەی تیشک خستنە سەر خەبات و قوربانیدانی ژنان؛ خاتوونێکی ماندوونەناس و خەباتگێڕ دەدوێنین کە لە چەندین وێستگەی خەباتی شار و شاخ و نهێنی و دامەزراوەییدا خاوەنی ئەزموونێکی زۆرە و ناوێکی درەوشاوەیە لە خەباتی ژنان هەم بۆ ئازادیی و هەم بۆ یەکسانیی.
خاتوو پەخشان زەنگەنە؛ بێ دابڕان و هەر لە تەمەنێکی لاوییەوە لە قۆناغ و سەردەم و شوێن و پێگەی جیاوازدا بێ وچان کاری کردووە. هەر لەبەر ئەمەشە؛ سەرەڕای ئەوەی چاوپێکەوتنەکە دوورودرێژە، بەڵام وەک خۆشی لە زۆر شوێندا ئاماژەی پێ کردووە، ناکرێت بە چاوپێکەوتنێک بەتەواوی تیشک بخاتە سەر ورد و درشتی رووداو و بەسەرهاتەکان.

وەک نەریتی چاوپێکەوتنەکانمان، سەرەتا خۆت بناسێنە؟
ناوم (پەخشان عەبدوڵڵا حسێن ئەسعەد زەنگەنە)یە، ناسراوم بە پەخشان زەنگەنە، ساڵی 1947 لە شاری سلێمانی گەڕەکی چوارباخ لەدایکبووم، یەکەم منداڵی دایک و باوک و یەکەم نەوەی هەردوو باپیرانمم.
بنەماڵەکەمان لە بنەچەدا خەڵکی زەنگەنەین، گوندی (سپیسەر) لە ناوچەی گەرمیان، سەر بە پارێزگای کەرکوک، باپیرم لە کۆتایی 1800کانەوە منداڵ بووە کە هاتۆتە سلێمانی و لە سلێمانی هاوسەرگیریی کردووە. دایک و باوکم ئامۆزان، هەندێک لە کەسوکارمان بنەیان لە (سپیسەر) هەیە و هاتووچۆ دەکەن. پاش پرۆسەی بەدناوی ئەنفال پەرتەوازە بوون و کەوتنە ئۆردوگا زۆرەملێکانەوە، بە دەیان لە گەنجەکانمان کەوتنە بەر شاڵاوی ئەنفال، لەوانە: (کوڕانی پورەکانم و ئامۆزاکانی دایک و باوکم)، تائێستاش بێسەرشوێنن.
بەشێک لە کەسوکارمان نیشتەجێی کەرکوکن لە کۆنەوە، ئەوانیش لەم ساڵانەی دواییدا پەرتەوازە بوون. ژمارەیەکی زۆری کەسوکارمان نیشتەجێی بەغدان، ئەوانیش پەرتەوازە بوون.

پاشگری زەنگەنە بۆچی و ئایا گەڕاونەتەوە ئەو ناوچانە؟
زەنگەنەکان، تێکۆشەری خوێنگەرمی کوردایەتین و لەو پێناوەدا قوربانیی زۆریان داوە. هەرچەندە دەرەبەگایەتی لە ناوچەی زەنگەنە زەق نەبوو، بەڵام لە شەست و حەفتاکاندا ژمارەیەکی زۆریان لە شۆڕشی کوردستان پێشمەرگە بوون لە حیزبەکانی پارتی و یەکێتی و شیوعیدا، زۆریان لێ شەهید بوو، بەشێکیان لە رێکخستنە نهێنییەکانی ئەو حیزبانەدا لەناو شارەکان خەباتیان دەکرد و تووشی راونان و گرتن و لەسێدارەدان هاتن، لەوانە؛ (محەمەد زەنگەنە)ی خاڵم، کە لە ساڵی 1978 لەگەڵ دەستەیەک کوڕی گەنج لە موسڵ لەسێدارە دران کە تەنها دوو هەفتە بوو زەماوەندی هاوسەرگیریی کردبوو، کە گیرا.
ناوچەی زەنگەنە، وەک گشت ناوچەکانی کەرکوک، هەمیشە فەرامۆش کراوە، بێبەریی بووە لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان هەتا ئێستاش، بۆیە خەڵکەکەی ناتوانن بگەڕێنەوە و بە تەواوەتی نیشتەجێ بن، واتا؛ بە مانای ئاوەدانیی، ئاوەدان نەکراوەتەوە.

بەهۆی ئەوەی باوکت فەرمانبەر میریی بووە و چالاکیی حزبی و سیاسیشی دەکرد، جێگۆڕکێتان زۆر دەکرد؛ ئەمە کاریگەریی چی بوو لەسەر منداڵیت و قۆناغەکانی خوێندن و ژیانت؟
یەکەم قوتابخانەم لە شاری بەسرای باشووری عیراق بووە، باوکم فەرمانبەری حکومی بوو، لە منداڵیی مندا گواستراوەتەوە بۆ بەسرا، لەوێ چوومەتە قوتابخانەی (راهیبات) کە تا ئەم ساڵانەی دوایی مابوو لە بەغدا. سەرەتا چوومەتە باخچەی منداڵان و پۆلی یەکەمی سەرەتاییم هەر لەو قوتابخانەیە بووە ماڵمان لە (عەشار) بوو کەمێکیم لەبیرە، پاشان باوکم گواستراوەتەوە بۆ کوت و لەوێ پۆلی دووەمی سەرەتاییم خوێندووە.
فەرمانگەکەی باوکم لە عەزیزیە بوو، کە (ناوچەیەکی کشتوکاڵی) بوو، لە ماڵێکی گەورەدا بووین لەسەر رووباری دیجلە، لە دەرەوەی شار بوو. تەنها یەک ماڵی تری لێبوو پێیان دەوتن (بیت البحرانی)، بۆ یەکەم جار لەوێ ناوی عەبد (کۆیلە)م بیست. ژمارەیەک لەوانە رەشپێست بوون، کاریان بۆ ئەو خێزانە دەکرد.
ماڵی جووتیارێک لەو ناوە هەبوو، کچێکیان هەبوو کەمێک لە من گەورەتر بوو لە دوای قوتابخانە هەندێک لەگەڵ ئەو کچە یاریم دەکرد. ناویم لە بیرە (سنیە)، سەنیە لە قوتابخانە نەبوو.
لە پۆلی سێی سەرەتایی باوکم گواسترایەوە بۆ سلێمانی، ماوەیەک لە قوتابخانەی (تاج) بووم پاشان چوومە قوتابخانەی (سەرەتایی تێکەڵاو) خوێندن تیایدا بە زمانی عەرەبی بوو، پاشان بووە (سەرەتایی رووناکی کچان) لە پشت باخچەی گشتی بوو.
ناوەندی و ئامادەییم لە (ئامادەیی سلێمانی کچان) تەواو کرد. لە پێشدا لە (گەڕەکی شێخان بوو)، پشت مزگەوتی گەورە، پاشان تەلارێکی جوان و گەورەی لە (برایم پاشا) بۆ دروست کرا. لام وایە تائێستاش لەوێدایە. ئەوکات تاکە ئامادەیی کچان بوو. بەڕێوەبەری قوتابخانە (مامۆستا نەسرین مستەفا مەزهەر) بوو، یادی بەخێر، ئێستاش ژمارەیەک لە مامۆستاکان ماون و کاران و لەگەڵ هەندێکیان پەیوەندیی دۆستانەم هەیە.
بۆ زانکۆ، چوومە بەغدا (زانکۆی بەغدا – کۆلێژی پەروەردە، پاشان بووە زانست و پەروەردە نەما – بەشی فیزیا) کە تەواوم کرد، لە سلێمانی لە ناوەندی (فریشتەی کچان) بۆ یەکەم جار دەستبەکار بووم.
دیارە ماڵ و دەوروپشت و شێوازی ژیان و جوگرافیای نیشتەجێبوون و رووداوەکان، کاریگەریی قووڵیان دەبێت لەسەر ئاڕاستەی ژیان، بەتایبەتی ساڵانی منداڵی، نەخشەی پێکهاتەی هزر و بەهاکان دادەڕێژێت و دەبێتە بنەمایەکی نادیار لە رەوتی ژیانی دواییدا.
سەرەتای لە ماڵ دەرچوون بۆ چەند کاژێرێک لە قوتابخانە لە کەشێکی منداڵی فرە ئایین و فرە زمان و فرە کولتوور و تەنانەت رەنگ و روو، (بۆ یەکەم جار رەشپێستم بینی) لە تەمەنی سێ تا شەش ساڵیدا ئاهەنگگێڕان لە قوتابخانە بە کریسمس و ناسینی بابانوئێل  لە هزردا دەمێنن (وەک لە ماڵەوە باسیان دەکرد، بە زمانی کلدانی قسەم دەکرد، هەروەها عەرەبییەکی جڵفی، سەرەڕای زمانی عەرەبیی ستاندارد، دیارە کوردییش) سەرەڕای ئەوەش لە قوتابخانەی تێکەڵاو (کوڕ و کچی منداڵ) بە هەمان شێوە.

ئاستی بژێویی خێزانەکەتان چۆن بوو و باوک و دایکت بە چییەوە سەرقاڵ بوون؟
بنەماڵەکەمان لە رووی بژێوییەوە، مامناوەند بوو، وەک وتم باوکم فەرمانبەر بوو، ئەرکی خێزانیی خۆی و هەندێک جار دایک و خوشک و براکانیشی لە ئەستۆ بوو.
دایکم ژنی ماڵ بوو، خوێندەواریی نەبوو، بە گەنجیی کەمێک فێر ببوو، دەیتوانی ناوی کتێبەکانمان، کە زۆرجار لەو ناوە بەجێماندەهێشت و کۆی دەکردنەوە لەگەڵ هەندێ ناونیشانی رۆژنامە کە بە گەورەیی بنووسرایە، بخوێنێتەوە. ژنێکی گەلێک ساکار بوو گەلێک میهرەبان بوو، گەلێک لەخۆبوردوو بوو، ژیانی تەرخان کردبوو بۆ خزمەتی ماڵ و مێرد و منداڵی.
بە پلەی یەکەم، ئەوکات ژنانی هەندێک بنەماڵەی سلێمانی دانیشتنی ناوبەناویان دەکرد هەر جارە لە ماڵی یەکێکیان پێیان دەوت "قبول"، دایکم بەشداری دەکرد و هەندێک جار منیشی لەگەڵ خۆی دەبرد، (زۆر جار بیری دایکم دەکەم بەر لە ساڵێک و چەند هەفتەیەک بەجێیهێشتین، زۆر جار دێمەوە بۆ سلێمانی تەنها بۆ سەردانی دوائارامگەی).

کێ زۆر کاریگەریی لەسەر ژیانت هەبووە؟
کاریگەیی باوکم زۆر قووڵە لەسەرم، هەتا ئێستاش کە بەر لە (23) ساڵ و لە تەمەنێکی زوودا بەجێیهێشتین. پیاوێکی خوێندەوار و زیرەک بوو، رۆشنبیریی گشتیی زۆر فراوان بوو، زۆری دەخوێندەوە، پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی گەلێک بەرفراوانی هەبوو، دەتوانم بڵێم لە گشت ناوچەکانی کوردستان و عیراق. هەوڵی دەدا منداڵەکانی بۆ خوێندنەوە هان بدات. لە قوتابخانەی سەرەتایی بووم رۆژنامەی (ژین)ی بۆ دەهێنام، لەبیرمە پێنجشەممان چیرۆکی منداڵانی تیابوو دەمخوێندەوە (هەرچەندە لە قوتابخانە زمانی کوردیم نەخوێندووە)، کە گەورەتر بووم گەلێک کتێبی ئەدەبیی نووسەری گەورەی کورد و عەرەب و بیانیم دەخوێندەوە، کتێبخانەیەکی دەوڵەمەندمان هەبوو لە ماڵ. لە دوای شۆڕشی 14ی تەمووزی 1958، کتێبی شاردراوە لە داڵانی ماڵی باپیرم لە ژێر بەردێکی مەڕمەڕی سپیدا هێنرانە دەرێ، لەوانە: گۆڤاری گەلاوێژی کۆن و وێنەی (مەلا مستەفا بارزانی)، نامیلکەیەک کە ئەوکات زۆر کاری تێکردم؛ دەربارەی ژیانی کچەلاوێکی روسی (تانیا) بوو، کە بەرامبەر نازییەکان لە هێڵەکانی پشتەوەی بەرەی جەنگ (جەنگی دووەمی جیهانیی)، وەک پارتیزان دژی نازییەکان جەنگاوە.
لەدوای شۆڕشی تەمووز، گۆرانی شاعیر، لە زیندانەوە شیعرێکی نووسیبوو بۆ شۆڕش لە رادیۆ دەخوێنرایەوە (عەبدوڵڵا گۆران، لەگەڵ ژمارەیەک خەباتکاری شیوعی لەو کاتەدا بەندبوون، پاش چەند هەفتەیەک لە بەرپابوونی شۆڕش ئازادبوون و گەڕانەوە سلێمانی، پێشوازییەکی گەورەیان لێکرا، یەکێک لەوانە (عومەر عەلی شێخ، ناسراو بە عومەری مامە شێخە) بوو، کە پاش چەند ساڵێک بووینە هاوسەر). ئەو شیعرە گەلێک سەرسامی کردم لەکاتێکدا تەمەنم لە دە ساڵ تێنەدەپەڕی، پرسیارم دەکرد لە ناوەڕۆکەکەی؛ باوکم بۆی باس دەکردم، نەمدەزانی مەبەستی چییە کە دەڵێت: "ئەی کۆتری ئاشتی دەنووک سوور، بفڕە بۆ دوور، بۆ لای کاکەی جامانە سوور." (رەنگە دەقەکەیم وەکو خۆی لەبەر نەبێت)، لەوەوە بە درێژیی باسی شۆڕشەکانی کوردم زانی (بە تێگەیشتنی ئەوکاتم). بە خەباتی بارزانییەکان و دوورخستنەوەیانم زانی. کاتێک کە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی سلێمانی چوونە پێشوازییان و باوکیشم لەگەڵیان بوو، زۆرم حەز دەکرد لەگەڵیان بچم، بەڵام باوکم نەیبردم. ئەمە باس دەکەم، وەبیری دێنمەوە، ئەمە لەناو خێزانێکی شیوعی شاری سلێمانیدا، منداڵێک ئاشنا بێت بەو رووداوانە!
پاش ساڵانێکی دوورودرێژ لە پێشمەرگایەتیدا، چوومە ناوچەی بارزان، گەلێک جار بە وردیی یاردەوەرییەکانی ئەو سەردەمەم وەبیردەهاتەوە.
ئەوەشم بەبیر دێتەوە؛ باوکم گوێی راستی سمرا بوو، دەیانگوت لەسەر دەستی شێخ مەحمودی حەفید بۆی کراوە و ئەڵقەی تێکراوە لە منداڵیدا، برا و برازاکانیشم هەندێکیان لەسەر ئەو نەریتە گوێیان سمرابوو لە منداڵیدا لە مەرقەدی کاک ئەحمەد شێخ و ئەڵقەیان بۆ تێکردبوون.
لە ماڵەوە باسی شۆڕشی شێخ مەحمودمان بۆ دەکرا. لەبیرمە کە تەرمەکەی هاتەوە سلێمانی، لەگەڵ منداڵانی گەڕەک ئێمەش لە کۆڵان لاسایی گەورەکانمان دەکردەوە. گەلێک جار دەچوومە مەرقەدی کاک ئەحمەدی شێخ کە ماڵم لە سلێمانی بوو، هەمیشە زۆر حەز دەکەم بچم بۆ سەردانی.


کەی زانیت کە باوکت شیوعییە و کاری سیاسیی دەکات؟
لە سەردەمی دوای شۆڕشی 14ی تەمووز، زانیم کە باوکم شیوعییە و دەچێتە کۆڕ و کۆبوونەوە و لە یەکێتیی گەنجانی دیموکراتی عیراق بوو، بەشداری کرد لە کۆنگرە گەنجاندا لە بەغدا، لە ریزەکانی (المقاومە الشعبیە/ بەرگریی میللی) بوو بۆ بەرگریی لە جمهوریەت.

بایەخ و گرنگیی هونەر و ئەدەب لە خێزانەکەتاندا تا چ رادەیەک بوو؟
گەلێک گۆڤاری سۆڤێتی و چینیی هەمەجۆر بەردەوام لە ماڵمان هەبوو لە سیاسی و رۆشنبیری و هونەری... هتد. یەکێک لەو بابەتانەی کە لەو تەمەنەدا پێی سەرسام بووم، باسی فیلمێک بوو بەناوی (غرام فی جبال الالب) واتە: عیشقێک لە چیاکانی ئەلب. کە لە گۆڤاری (الفیلم السوڤیتی) لەسەریم خوێندبووەوە. زۆر مەراقم بوو بیبینم. پاش چەند ساڵێک کە لە زانکۆ بووم لە بەغدا، لە سینەما بینیم. لە سلێمانی دەچووینە سینەما بە خێزانیی، ئەوکات لەسەر خانە هەبوو پێیان دەوت: "لوج" خێزانەکان بە زۆریی لێی دادەنیشتن (نازانم ئێستا ماوە یان نا) فیلمی هەمەجۆرمان تەماشا دەکرد، میوانی هەمەجۆر دەهاتە ماڵمان لە خزمانی لادێمان تا ئەوانەی کەرکوک، دۆستی بەغدا و بەسرە و ناسریە و کوت و... هتد. لە عەرەب و کورد و موسڵمان و مەسیحی.
هەروەها موزیک لە ماڵی ئێمە بایەخی هەبوو، گرامافۆنێکمان هەبوو گوێمان لە موزیک دەگرت (کوردی، عەرەبی، بیانی، سەرەڕای مۆسیقای میللیی باو لەو کاتەدا)، بەردەوام گۆڤاری (سوپەرمان)مان دەکڕی، گشت ژمارەکانیمان هەبوو، بە زمانی عەرەبی بوو، براکەم بە کەرەستەی سادە لە ماڵەوە چەند ژمارەیەکی پێکەوە دەکرد بە بەرگێک. پولی پۆستەی کۆدەکردەوە، هەر بە کەرەستەی سادە ئەلبومی بۆ دروست کردبوون، هەتا ساڵەکانی دواییش پێنج ئەلبومیان مابوون.

ئەم شێوازی ژیانەی کە باسی دەکەیت کاریگەریی چی بوو لەسەر منداڵی و دواتر کەسایەتیی تۆ؟
دیارە گشت ئەمانە کە لەبەر دەستی منداڵ و مێردمنداڵاندا بن، ئاسۆیەکی تایبەتیان پێ دەبەخشێت، دیارە زۆری دیکەشن ئێستا و بەم پەلەیە لەیادم نەماون. کاریگەریی قووڵیان هەبوو لەسەر پێکهاتەی کەسایەتیی بەندە و دیدم بۆ ژیان و ئاڕاستە فکرییەکان و ئەو بەهایانەی کە لەلام دەچەسپین و کاریگەر دەبن لەسەر هەڵسوکەوت و مامەڵە و شێوازی ژیانم و دەبنە بنەمایەک کە بەهەمان ئاڕاستە کەڵەکە دەبن و ژیان بەردەوام بژاریان دەکات.
ئەم دەرفەتانەی سەردەمی منداڵی و هەرزەکاریی، کە ئێستا لەم چاوپێکەوتنەدا دێنەوە یادم، کەم نەبوون، هەرچەندە لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند نەبووم، بەڵام گەلێک لەم دەرفەتانە لەبەر دەست خۆم و خوشک و براکانم هەبوون، بەڵام بەداخەوە بۆ خوشک و برا بچووکەکانم ئەم دەرفەتانە نەبوون بەهۆی نائارامی و شەڕ و باری ئەمنی و... هتد.

کەی و چۆن تێکەڵاوی کاری حیزبیی بوویت؟
لە ژێر ئەو کاریگەرییانە و بەتایبەتی خوێندنەوە و کەمێک زانیاریی لێیانەوە و لە باوکم، دەربارەی کۆمەڵگەی چینایەتی و چەوسانەوەی مرۆڤەکان و... هتد. بە پلەی یەکەم سەرسامیی بە باوکم و مێژووی بنەماڵەکەمان کە باپیریشم ئەندام بووە لە حیزبی (هیوا) لە چلەکانی سەدەی رابردوو، لە تەمەنێکی منداڵیدا و بەزۆری خۆم؛ پەیوەندیم بە حیزبی شیوعییەوە کرد (لە 15 ساڵی تەمەندا)، دیارە زەحمەتە بڵێی لەو تەمەنەدا لەسەر بنەمای هۆشیارییەکی فکریی بووبێت، بەڵکو رەنگە بەهۆی خوێنگەرمیی ئەو تەمەنە و سەرسامیم بەو بابەتانەی دەمخوێندنەوە و چاولێکردن لە باوکم کە نموونەی باڵام بوو، لە تەک ئەو بارودۆخەی ژیانم کە بە کورتیی باسم کرد، کە رەنگە دەرفەتی وەها و لەو جۆرە ژیانە پڕ گۆڕانکاری و بەرفراوانە بۆ زۆر منداڵ لەو سەردەمەدا نەڕەخسا بێت.
کودەتا شومەکەی 8ی شوباتی 1963، کاریگەرییەکی قووڵی هەبوو لەسەر گشت خێزانەکەمان، مامێکم کە زۆر گەنج بوو ناوی (سالار) بوو، پەیوەندی کرد بە لقی (10)ی پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعی و پاش ماوەیەکی کەم شەهید بوو. رۆژانە هەواڵی شەهیدبوون و گرتن و راوەدونانی دۆست و ناسیاومان لە گشت ناوچەکانی عیراق پێدەگەیشت.
زەکیە خەلیفە (یادی بەخێر) کە ژنە تێکۆشەرێکی عیراقیی ناسراو بوو، لەو کاتەدا هاتبووە سلێمانی بە نهێنیی پاش ئەوەی بە شوێنیدا گەڕابوون و فەرمانی گرتنی هەبوو لەلایەن کودەتاچییەکانی بەعسەوە، هێنایانە ماڵی ئێمە شاردیانەوە.
هەر بەم بۆنەیەوە هاتەوە یادم، دایکم دەیگێڕایەوە کە من منداڵبووم و تەمەنم چەند مانگێک بووە (رەئوف یەحیا و غەفوری میرزا کەریم) لە ماڵمان خۆیان شاردبووەوە. دیارە ئەمانەش رۆڵی گەورەیان هەبوو کە بەو خوێنگەرمییەوە و بێ سڵکردنەوە لەو بارودۆخەی شیوعییەکان رووبەڕووی بوونەوە پاش بەیانی ژمارە (13) بۆ کۆمەڵکوژی و لەناوبردنی شیوعییەکان، بەرەو شیوعی بڕۆم و پێدارگریی بکەم لە وەرگرتنم سەرەڕای تەمەنم کە لەگەڵ پەیڕەو نەدەگونجا.
لەو تەمەنەدا، وەک تەتەر نامەم دەهێنا و دەبرد لە نێوان باوکم و برادەرەکانیدا. لەناو قوتابخانە لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێکانم بڵاوکراوەی حیزبی شیوعیمان دابەش دەکرد. بەر لە کۆبوونەوە خۆمم ئامادە دەکرد وەک ئیمتیحان دڵەڕاوکێ دایدەگرتم، بەڵام بەخۆشحاڵییەوە چاوەڕێی رۆژی کۆبوونەوە دەبووم.

بۆ هەموو کەسێک بە گشتی و بۆ سەردەمی ئێمەی خوێندکارانی زانکۆی بەغدای ئەوکات بەتایبەتی، کە زۆربەمان جگە لە خوێندن چالاکیی سیاسیشمان دەکرد، قۆناغی خوێندنی زانکۆ وەرچەرخانێکی گەورەیە لە ژیاندا لە رووی تێکەڵاوبوون بە کولتوور و تێڕوانینی جیاواز، چۆن باسی ئەو قۆناغەی ژیانت دەکەیت بۆمان؟
قۆناغی زانکۆ، دەتوانم بڵێم وەرچەرخانێک بوو لە ژیانما، دیارە لە چەند روویەکەوە، بەر لە گشت؛ هەست بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر ژیانی رۆژانەی خۆم، لەناو کۆمەڵێک کچانی پارێزگا جیاجیاکانی عیراق لە بەشی ناوخۆیی کە لە کولتووری جیاجیا و دابونەریتی زۆر جیاوازەوە هاتبووین. هەروەها هەست بە بەرپرسیارێتیی بەرامبەر ئەو متمانەیەی خێزانەکەم پێی بەخشیوم لە تەمەنێکدا کە لە هەرزەکاریی تێنەپەڕیوە بەرەو لاوی. بەرپرسیارێتیی بەرامبەر بە کاری حیزبی و سیاسی، گشت ئەمانە لە شارێکی گەورەی وەک بەغدا کە شارەزاش نەبووم، تەنانەت لە بەکارهێنانی هێڵی هاتووچۆش. ئەمەی باسی دەکەم، لە سەردەمێکە بەر لە زیاتر لە نیو سەدە، سەردەمێکی گەلێک جیاواز لە ئێستا، دەتوانم بڵێم لە هەموو روویەکی ژیانەوە.
کچانی سلێمانی ئەوکات کە پێکەوە چووینە بەغدا و لە یەک قۆناغدا بووین و لە یەک کۆلێژ: شیرین ئەحمەد کەریم، نەسرین محەمەد ساڵح، نیگار عەلی، سەلار باقی، گوڵبەند عوسمان، نازەنین رەشید، پرشنگ عەبدول (یادی بەخێر)، پرشنگ مەمەند، کافیە سڵێمان، سنەوبەر خان، (داوای لێبوردن دەکەم کە ناوەکانم زۆر نایەتەوە یاد). ئەمانە گشت کچانی سلێمانی بوون و لە کۆلێژ و بەشی جیاجیا لە زانکۆی بەغدا، لە هەمان ساڵ یان بە جیاوازی ساڵێک و لە بەشە ناوخۆییەکان پێکەوەبووین یان نزیک لە یەک. لە کوڕەکانیش: نەوزاد محەمەد کەریم، جەمیل ساحێبقڕان (لە هەمان کۆلێژ بووین)، دارۆی شێخ نوری (یادی بەخێر)، شاسواری شێخ جەلال (یادی بەخێر)، و ژمارەیەکی تر کە لە کۆلێژی دیکە بوون لە زانکۆی بەغدا.
هەر لە یەکەم ساڵدا، ژمارەیەک کچانی ناوچەکانی تری کوردستانم ناسی و لەگەڵ هەندێکیان بووینە هاوڕێ تا ئەمڕۆش، لەوانە: تۆ (نەرمین عوسمان)،  هەنا‌و، نەرمین، ناجحە، فائیزە و گەلێکی دیکە کە ئێستا شێوەی ئەو کاتیانم لە پێش چاوە، بەڵام ناوەکان نایەنەوە یادم. هەروەها لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کچانی ناوچەکانی دیکەی عیراق ئاشناییم پەیدا کرد و هەندێکیان تائێستاش هاوڕێیەتیمان بەردەوامە، لەوانە: هەنا‌و ئەدور، فارعە محەمەد، بوشرا ئەلحەکیم، جنین ...، عەتیە ئەلخەتیب، فائیزە ئەلجەواهیری (یادی بەخێر).
پەیوەندیی بەرفراوانم هەبوو لەگەڵ هاوتەمەنەکانی خۆم لە قوتابیانی زانکۆ، کوڕ و کچ، بەهۆی کاری قوتابیان و کاری حیزبیمەوە. لەناو خۆماندا کوردەکان کە زۆربەیان ئەوکات لە پارتی دیموکراتی کوردستان بوون، گفتوگۆی سیاسی و مشتومڕی سیاسیمان دەبوو، بەگوێرەی ئاستی تێگەیشتنی ئەو سەردەمەمان، ناکۆکیی لە بۆچوونمان هەبوو، بەڵام هەرگیز و هەتا ئەمڕۆش دڵمان لەیەک نەڕەجا و لەیەک نەترازاین، لەوانەی کە زۆر مشتومڕی سیاسیمان دەبوو پێکەوە: تۆ (نەرمین عوسمان)، دارۆی شێخ نوری و شاسواری شێخ جەلال (یادیان بەخێر)، کە پەیوەندییەکی فراوان و بەهێزیان هەبوو لەگەڵ شیوعییەکان لەو سەردەمەدا. سەرەڕای جیاوازیی بیروبۆچوونمان، تەنانەت هەندێک جار زانیاریی نهێنیشمان لەگەڵ یەک دەگۆڕییەوە و هاوکاریی یەکترمان دەکرد بەتایبەتی لە خۆپاراستن.
بارودۆخی ئەوکاتی عیراق و ناوچەکە گەلێک ئاڵۆز بوو (وەک هەمیشە)، دیارە ئەمە کاریگەریی زۆر هەبوو لەسەر شۆڕشی کورد و پەیوەندییەکانی ئەوکات لەگەڵ لایەن و هێزە سیاسییەکانی عیراق و ناوچەکە. (پێموایە کاریگەریی ئەو کاتە تائێستاش بنەمایەکە لە هەندێک لە پەیوەندییەکاندا).
خەڵکی عیراق هێشتا لە شۆکی کودەتا شوومەکەی 8ی شوباتی 1963ی بەعسییەکان و قەسابخانە مرۆییەکەی دەرنەچووبوو، هێزی سیاسیی کورد پەرتبوونی تێکەوتبوو، حیزبی شیوعی عیراق کە هێشتا خوێن لە زامەکانی دەچۆڕا بەهۆی گورزی 8ی شوباتەوە، پەرتبوون و جیابوونەوەی تێکەوت. هاتنە سەر کاری عەبدولڕەحمان عارف لەجیاتی عەبدولسەلامی عارفی برای، کودەتای 17ی تەمووزی 1968 و پاش دوو هەفتە کودەتای 30ی تەمووزی هەمان ساڵی بەعسییەکان بۆ پاکتاوکردنی هاوبەشەکانیان لە 17ی تەمووز و کۆنتڕۆڵکردنی دەسەڵات لەلایەن حیزبی بەعسەوە. بەیاننامەی 11ی ئازاری 1970، گەلێکی دیکە لەم رووداوە سیاسییە ناوخۆییانە و سەرەڕای ناوچەکە کە دیارترینیان شەڕی عەرەب و ئیسرائیل لە 1967 کە بە نسکۆی حوزەیران ناودەبرێت. لەسەر ئاستی جیهان؛ ئەوکات لە ئەوروپا تەوژمێکی مانگرتنی قوتابیان و کرێکاران بەڕێوەدەچوو لە فەرەنسا زۆر توند بوو، شەڕی ئەمریکا لە ڤێتنام، شۆڕشی جیڤارا و پاشان کوشتنی، بزووتنەوەی مەدەنیی رەشپێستەکان لە ئەمریکا و کوشتنی (مارتن لۆسەر کینگ)، وتارە گەرمەکانی کاسترۆ... گشت ئەمانە گەنجانی چەپی هێنابووە جۆش و خرۆش (سەرەڕای ئەوەی کە دەستکەوتنی زانیاریی لەو سەردەمەدا زۆر زەحمەت بوو، رادیۆ سەرچاوەی سەرەکیی هەواڵەکان بوو، بەتایبەتی بۆ ئێمە کە لە بەشی ناوخۆییدا دەژیان، هەروەها چەند بڵاوکراوەیەکی رێکخراوە چەپەکانی فەلەستین و هەندێ لە وڵاتانی عەرەب کە ئەویش بە نهێنیی دەگەیشتنە دەستمان). هەمیشە لە راڕەو و باخچەی ناو کۆلێژەکان و لە کتێبخانەی ناوەندیی سێ سێ و چوار چوار پێکەوە دەوەستاین و بە گوێرەی ئاستی تێگەیشتنی ئەو کاتەمان گفتوگۆ و هەڵسەنگاندمان دەکرد و لێکدانەوەمان دەکرد بۆ کاریگەری ئەو بارودۆخانە لەسەر شۆڕشی کورد و هێزە سیاسییەکانی، گەلێک جار بەیەکدا هەڵدەپرژاین، بەڵام هەرگیز نە بە قسە نە بە رەفتار کارێکی وامان لەگەڵ یەک نەکردووە کە لێک بترازێین، بۆیە تائێستاش سەرەڕای ئەوەی کە هەندێک چوونە بەرەی جیاجیا و ناکۆک بەیەک، بەڵام هەمان رێز و خۆشەویستیی لە نێوانماندا ماوە. (تۆ بڵێی ئەوکات تێگەیشتن بۆ رێزگرتن لە مافی ئازادیی رادەربڕین لە ئێستا پێشکەوتووتر بووبێت!)، گەلێک جار قوتابییە شیوعییەکان دەکەوتنە بەر گورزی قوتابییە بەعسییەکان، بەڵام لەلایەن قوتابیانی دیکەوە کە شیوعی نەبوون و سەر بە حیزبی دیکە بوون رزگار دەکران و دەپارێزران، کە ئەوە خۆی سەرکێشییەکی گەورە بوو، ((یادەوەرییەکم هەیە لەو بوارەدا لەگەڵ تۆ (نەرمین عوسمان)، و دارۆی شێخ نوری و شاسواری شێخ جەلال (یادیان بەخێر)، هیوادارم لە بۆنەیەکی دیکەدا دەرفەت هەبێت باسی بکەم، پاش ئەوەی وردبینیی تێدا دەکەم، بەتایبەتی لەگەڵ تۆ نەرمین خان)).
بەڕاستیی لەو تەمەنەدا کە لە سەرەتای بیستەکانی تەمەندا بووین هەستمان بە بەرپرسیارێتیی گەلێک گەورە دەکرد، واماندەزانی گۆڕینی نەک هەر سیستمی عیراق، بەڵکو گۆڕینی سیستمی جیهانمان لەئەستۆدایە. سەردەمێک بوو هەستی گیانفدایی زۆر بەرز بوو، ناخی مرۆڤەکان زۆر دەوڵەمەند بوو، کە زۆرێکمان دەکەوتینە بەردەم هەڕەشەی گەورە و ئەرکی مەترسیدارمان بەجێدەگەیاند. ئەم رووداوانەی باسیان دەکەم؛ مشتێکن لە خەرمانێک، بە خێرایی بەسەریاندا تێدەپەڕم، گشتیان کاریگەرییان هەبوو لەسەر بونیادنانی کەسایەتی و دونیابینی و هەڵسەنگاندنەکانم بۆ لایەنەکانی ژیان کە لە لام بەنرخن و ئەو بەها مرۆڤایەتییانەی کە بوونە بەشێک لە پێکهاتەی فکری و ئەخلاقیم و هەر لەسەر ئەو بنەمایە لە رەوتی ژیان و ئەزموونەکانی تا دێت کەڵەکە دەبن.
لە سەردەمی زانکۆدا، لە یەکێتیی قوتابیانی گشتی عیراق کارم دەکرد و بوومە ئەندامی سکرتاریەت، هەتا دوو ساڵ دوای تەواوکردنی خوێندن و گەڕانەوەم بۆ سلێمانی بەردەوام بووم (بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو کاتەی یەکێتیی قوتابیانی گشتی) لە حیزب لە خەتی قوتابیانی کارم دەکرد، ئەندامی لیژنەی قوتابیان بووم و بەرپرسیارێتیی رێکخستنی قوتابیانی (کوڕ و کچ بوو) زانکۆ و ئامادەییەکانی (کچان)م لەئەستۆ بوو، بەشێک لەو هاوڕێیانەم پاش ساڵانێک لە پێشمەرگایەتیدا بینییەوە، هەندێکیان لە ریزی حیزبدا ماون و بوونەتە سەرکردایەتیی حیزب، بەشێکیان پەرت بوون، بەڵام زۆرینەیان لە بەرەی چەپدان تائێستاش.
(دیارە گەلێک رووداوی خۆش و پێکەنیناویم دێتەوە یاد، هەروەها گەلێک رووداوی دژوار و ساتی سەختی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێ، کە رەنگە باسکردنیان لەم چاوپێکەوتنەدا ببێتە بارگرانی).


پاش کودەتای بەعسییەکان و ساڵانی دواتر، حیزبی شیوعی رووبەڕووی بارودۆخێکی دژوار و قورس بووەوە، ئێوەی خوێندکار و چالاکی بواری حیزبی و رێکخراوەیی، لەو ماوەیەدا چۆن هەڵسوکەوتتان دەکرد؟
لە ساڵی 1970، حیزبی شیوعی رووبەڕووی بارودۆخێکی دژوار بووەوە و رێکخستنەکانی کەوتنە بەر مەترسیی گەورە، بۆیە سەرلەنوێ رێکخرانەوە و ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هات (باس لە رێکخستنی قوتابیان دەکەم). بەشێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ باری ئەمنی و هاوڕێیان بپارێزێت و کەمترین زیانمان تووش ببێت.
لەو سەردەمەدا خەتی قوتابیانی کچان بە زانکۆ و ناوەندییەوە، گواستراینەوە لای خەتی ژنان، پەیوەندیم لەگەڵ دکتۆرە نەزیهە دلێمی بوو (یادی بەخێر)، پەیوەندییەکە تاکەکەسی بوو و تەنها لەگەڵ خۆی دادەنیشتم و کۆدەبوومەوە و گفتوگۆ و راوبۆچوونی خۆم و رێکخستنەکەمان و راپۆرت و نامەکانم دەگەیاندنێ، ئەویش رێنمایی و وەڵامی دەدامێ. زۆر جار دەچوومە ماڵیان، هەندێک جاریش دەچوومە شوێنی کارەکەی کە لە فەرمانگەی پشکنین (دائرە التفتیش) بوو. جارێک چووبوومە لای بۆ شوێنی کارەکەی، دانیشتبووین گفتوگۆمان دەکرد، زەکیە خەلیفە (یادی بەخێر)، هاتە ژوورەوە، دیاربوو هاتنەکەی لەپڕ و چاوەڕواننەکراو بوو، لەگەڵ د.نەزیهە چوونە لایەکی تر و چرپەچرپێکی کورتیان کرد، من گوێم لێ نەبوو و نەمزانی چییە. د.نەزیهە بە منی وت: "لەگەڵ (أم مخلص – وامان بە زەکیە خەلیفە دەوت) بڕۆ." بەویشی وت: "لە رێگا بۆی باس بکە!"، کە هاتینە دەرەوە، زەکیە خەلیفە بۆی باسکردم کە "چەند کادیرێکی پێشکەوتووی حیزب گیراون و دانپیانانیان کردووە و ناوی کۆمەڵێک هاوڕێیان داوە، کە یەکێک لەوان د.نەزیهەیە و ئەو ئیتر نایەتە دەوام و دەبێت ئێوەش ئاگاتان لە خۆتان بێت و پاشان لە رێنمایی نوێ ئاگادارتان دەکەین!" منیش رێکخستنەکەی لای خۆم ئاگادار کردەوە و جووڵەمان زۆر کەم کردەوە. جا لەوانەی کە پێی وتم ئەوەبوو کە دەبێت بەتایبەتی ئاگام لە خۆم بێت، دوور نییە ناوی منیش کەوتبێتە ناو ناوان. جا وەرە لە بەشی ناوخۆیی و خێزانەکەم ئاگاداری هیچ نین، ناتوانم بچمە شوێنێکی تر، ناتوانم کۆلێژ بەجێبهێڵم، چی بڵێم بە کەسوکار! لەو کاتەدا لەگەڵ (نەسرین محەمەد ساڵح) لەیەک ژوور بووین لە بەشی ناوخۆیی، نەمدەویست پێی بڵێم، لەبەر سەلامەتیی ئەو کە هیچ نەزانێ سەلامەتترە بۆی. ئێواران دەچووینە لای دوکانێک بۆ کڕینی پێداویستیی خواردن، زۆر بە ترسەوە دەچووم، کە ئۆتۆمبێلی سپیم دەبینی، تووشی دڵەڕاوکێ دەبووم، بڕوا دەکەن ترسەکەم لەبەر چی بوو!؟ لەوە بوو کە ئەگەر بگیرێم کاردانەوەی خێزانەکەم چی دەبێت و بۆم نیگەران دەبن و لێشم نیگەران دەبن، ئەوان نازانن من بەم جۆرە جموجووڵ و چالاکیم هەیە. ژوورەکەمان لە نهۆمی دووەم بوو، دەرگایەکی هەبوو لەسەر پلیکانەکە یەکسەر دەهاتە حەوشەی بیناکە، بە تەنیشت دیواری خانوویەکی زۆر گەورە و پڕ لە درەخت و گژوگیای چڕ، بیرم دەکردەوە ئەگەر هاتنە سەرم بەسەر ئەو دیوارەدا باز بدەم و بچمە ناو دارە چڕەکانی ئەو ماڵە... بەهەرحاڵ تێپەڕی.
ئەگەر بە وردیی بیر لەو قۆناغەی ژیانم بکەمەوە و یادەوەرییەکانم تۆمار بکەم، زۆر زۆر دەبن، لەوە دەردەچن کە چاوپێکەوتن بێت. هەروەها بە حوکمی ئەو ژیانە ناجێگیرەمەوە بەڵگەنامەی پێویستم لەبەر دەست نییە تا بە وردیی باسەکان بخەمەڕوو، تەنانەت خۆم وێنەشم نییە و هەندێک جار لە دۆست و برادەرەوە تاکە تاکە دەگەنەوە دەستم.
لەو ساڵانەدا هەرچەندە حیزبی شیوعی لە ژێر باری تیرۆری دەوڵەت و تۆقاندن و دڵەڕاوکێدا بوو، بەڵام چالاکیی جەماوەریی بەردەوامی ئەوروژاند و رێکخستنەکانی بەشێوەیەکی نادیار سەرکردایەتی و رێبەرایەتییان دەکرد. لەکاتێکدا کە هێشتا ئاسەواری لەتبوونی (انشقاق) تێنەپەڕاندبوو. بۆ نموونە؛ لە 1ی ئایاردا، قوتابیانی شیوعی، قوماشی سوورمان دەکڕی و وەک دەستەسڕ دەمانبڕی یان بە پێنووس یان بە چنین دروشمی جۆراوجۆرمان لەسەر دەنووسی، لە هەمان کاتدا چکلێتمان دەکڕی و لەسەر کاغەزەکەی دروشمی جۆراوجۆرمان دەنووسی و جارێکی تر دەمانپێچایەوە و چەند دەنکێکمان دەخستە ناو دەستەسڕە سوورەکانەوە، بەیانیی زوو دەچووینە ناو وەرشەی کرێکارەکانی شەقامی (شێخ عومەر) و بەپەلە دەماندایە دەست کرێکارەکان. دروشمەکان گوزارشتیان لە خواست و داخوازیی کرێکاران دەکرد و هاندەربوون بۆیان کە خەبات بکەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان.
لە هەڵبژاردنی کۆمەڵە و سەندیکای توێژە جیاجیاکاندا، بۆ پشتگیری لیستێکی دیاریکراو (کە زۆربەیان سەر بە حیزبی شیوعی یان چەپ بووبن) بە شێوازی هەمەجۆر چالاکیمان ئەنجام دەدا و بەرنامەکەیمان دەبردە ناو دامەزراوەکانەوە، ئەمانە گشتی بۆ ئەوە بوو توێژە کۆمەڵایەتییەکان داوای مافەکانیان بکەن.
یەکێک لەوانە بۆ نموونە؛ خۆپیشاندانێکی قوتابیان بە بۆنەی شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە کە گەلێک دروشمی تیا هەڵکرابوو سەبارەت بە ئازادیی رێکخراوەیی قوتابیان و باشترکردنی هەلومەرجی خوێندن و... هتد. پۆلیس هاتن کەوتنە ناومان، بەشبەحاڵی خۆم پەلامار درام و خۆمم راپسکان و دەرچووم، شارەزاش نەبووم، چۆن بە شەقامە لابەلاکاندا خۆم ون بکەم لێیان!؟
لە ساڵی 1968، مانگرتنی کرێکارانی (زیوت) کرا، زۆر دڕندانە بەرپەرچ درانەوە، کوژراو و برینداریان هەبوو، ژمارەیەکی زۆریان گیران، هەرچەند چەند رۆژێک بەرلەوە لە وتووێژدا بوون لەگەڵ ئیدارەی کارگە، بەڵام داخوازییەکانیان بۆ جێبەجێ نەکردن، ئەوجا ئەوان مانگرتنیان راگەیاند. ئەمە بۆ حیزبی بەعس زۆر تۆقێنەر بوو، کە تەنها پاش چەند مانگێکی کەم لە هاتنەوەیان بۆ دەسەڵات ئەمە روویدا. ئێمەی قوتابیان پەیوەندیمان دەکرد لەگەڵ خێزانی بریندار و گیراوەکان و هەوڵمان دەدا هاوکارییان بۆ کۆبکەینەوە (ئەمانە گشت بە نهێنی و لە ژێر بارێکی مەترسیداری سەختدا).
لە ساڵی 1967دا، هەڵبژاردنی قوتابیان کرا، لە زانکۆ بەغدا نزیکەی لەسەدا هەشتای دەنگەکان بۆ یەکێتیی قوتابیانی گشتی بوو. حکومەت ئەنجامەکانی رەتکردەوە و کەوتە گیانی ئەو قوتابیانەی کە پاڵێوراو بوون و ئەوانەش کە شکیان دەکرد دەنگیان بە پاڵێوراوەکانی یەکێتیی قوتابیانی گشتی دابێت.
زۆر جار لە کۆلێژەکاندا قوتابییە چەپەکان، بەتایبەتی شیوعییەکان، رووبەڕووی شەڕپێفرۆشتن دەبوونەوە و لێیان دەدرا. گشت ئەمانە و بابەتی دی و تەنانەت کۆنگرە و کۆنفرانسی قوتابیان لە دەرەوەی بەغدا دەکرا کە بەناوی سەیرانەوە دەچووین.
خەباتمان وەکو قوتابیی شیوعی؛ خەباتێکی مەدەنی بوو، بە پلەی یەکەم هۆشیاری و هاندان کە دەبێت گشت توێژەکان خەبات بکەن بۆ بەدەستهێنانی مافی پیشەییان، گشت بەشداریی کارا بکەن بۆ بەدەستهێنانی مافە سیاسییەکان. دەچووینە ماڵەکان بابەتمان بۆ دەربردن بۆمان دەخوێندنەوە.
لە سەروبەندی گفتوگۆکانی سەرکردایەتی شۆڕشی کوردی ئەوکات و حیزبی بەعس، لە بەشە ناوخۆییەک بووم بەرامبەر کتێبخانەی ناوەندیی لە وەزیریە، کچێکمان لەگەڵ بوو خزمی نزیکی یەکێک لە سەرکردە بەعسییەکان بوو (لام وایە خەڵکی شەترە بوو) پێنجشەممە و هەینی دەچووە ماڵیان، کە دەهاتەوە بۆی باس دەکردم، دەیگوت: "دەزانم تۆ بایەخ بە سیاسەت دەدەیت." نەیدەزانی من چیم و چی دەکەم، بەڵام رەنگە لە قسە و گفتوگۆدا هەستی بە شتێک کردبێت، دیارە لە حیزبەوە ئاگادار دەکراینەوە لە رەوتی گفتوگۆکان و پەرەسەندنەکانیان. رۆژێک بەر لە بەیانی 11ی ئازار، هاتەوە و وتی: "ئەمشەو بەیانی رێککەوتن بڵاودەبێتەوە، با ئاهەنگێک لە بەشی ناوخۆیی رێکبخەین." ئەو زانیارییانەی هەمبوو ئەوەی نەدەگەیاند کە گەیشتبنە رێککەوتن، بەڵام وتم: "باش" چووین هەندێک شیرینیمان کڕی، هەر چاوەڕوان بووین هیچ دیار نەبوو، رۆژی بەر لە 11ی ئازار، شتێکم دەزانی، بەڵام زانیاریی ورد نا، (ئەوکات تەلەفۆن و مۆبایل و ئینتەرنێت نەبوو تا هەواڵەکان لە کاتی خۆیدا بگات، سەرەڕای ئەوەی کە بەهۆی نهێنیی کارکردنمان ئێمەی شیوعییەکان بە ئاسانیی نەدەگەیشتینە یەک)، رۆژی 11ی ئازار، چووینە ناو رێپێوانەکان و مەیدانی تەحریر لەناو ئاپۆرەی خەڵکدا.
لە ساڵانی زانکۆ؛ گەلێک کەسایەتیی دیاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیری و تەنانەت زانستیشم ناسی و گفتوگۆم هەبوو لەگەڵیان، لە زۆر بۆنەدا بە گرووپ دەچووینە (سەنتەری رۆشنبیریی سۆڤێتی) کە سەر بە باڵیۆزخانەی سۆڤێتی بوو، گەلێک بابەتی رۆشنبیری و سیاسیی تێدا بەڕێوەدەچوو. لەیادمە جارێک لە جارەکان لە بەرنامەیەکدا چەند دیمەنێکی نمایشی سەربازیی سوپای سووری تێدا بوو، بیرم دەکردەوە ئەو هەموو چەکە لەئارادا بن چۆن دڵنیابین لە ئاشتی و سەقامگیریی جیهان لەکاتێکدا لە ئەمریکا و ئەوروپا لەمە زیاتر هەیە!؟ (بێگومان لە بیری مندا ئەوکات لایەنی ئیستیعماری ئەمریکا و ئەوروپا زاڵ بوون)، لە هەمان کات هەر لەوێدا بیرم دەکردەوە ئەگەر ئەمە و ئەوانەی وڵاتە (ئیستیعمارییەکان) بگۆڕدرێت و تێچووەکەیان بۆ قوتابخانە و نەخۆشخانە و کارگە ئاڕاستە بکرێت؛ جیهان ئارامتر نابێت! لە پشووەکەدا گفتوگۆمان دەکرد، ئەم بیرکردنەوەیەی خۆمم باس کرد. د.نەزیهە (یادی بەخێر) لەوێبوو، وتی: "ئەمەی سۆڤیەت بۆ پاراستنی پارسەنگی هێزە، ئەگەر ئەو پارسەنگە نەبێت ئاشتیی جیهان دەکەوێتە مەترسییەوە و ئەوان دەیکەن، بۆیە دەبێ ئۆردوگای سۆشیالیزمیش هەیبێت." (ئەوا لە وەڵامەکەی گەیشتم و باوەڕم کرد).
زۆر جار، بەتایبەتی پێنجشەممە و هەینی، لەگەڵ زەکیە خەلیفە کە لەگەڵ (فرقە المسرح الفنی ألحدیپ) ئەکتەری شانۆگەریی بوو، دەچوومە پرۆڤەکانی شانۆگەریی ئەو تیپە، لەگەڵ هەندێک لە هونەرمەندە ناسراوەکانی ئەو سەردەمە ئاشنابووم، وەک: یوسف ئەلعانی، زەینەب، ناهیدە ئەلڕەماح، فاروق فەیاز، ئەنوار عەبدولوەهاب، سیتا هاکوپیان و ... هتد.
چالاکیی سیاسیی ئەو سەردەمە زۆر زۆرن، زەحمەتە لەم چاوپێکەوتنەدا هەمووی بێتەوە یادم. هەروەها بەشداریی لە چالاکیی جەماوەری و ئاشنابوونی زیاتر بە هونەر و وەرزش و ئەدەب، چوونە گەڕەکە هەژارنشینەکان و گەڕەکی دەوڵەمەندەکان (لەبەرئەوەی زۆری چالاکیی رۆشنبیری و هۆشیاری و کۆبوونەوە حیزبییەکان لە ماڵان بوون، بەشێک لە هاوڕێیان لە خانووی گەورە و لەو گەڕەکانەدا بوون، لە ماڵەکانی ئەوان دەکرا)، شارەزای زۆر ناوچەی بەغدا بووم، چونکە هاتووچۆمان بە پاس بوو (بیرم نییە لەو سەردەمەدا تاکسیم بەکارهێنابێت لە بەغدا).
لەو سەردەمەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە پرۆفیسۆر و دکتۆر و موعیدەکانی کۆلێژەکەمان و گەلێک کۆلێژی دیکەی زانکۆ، یان شیوعی بوون یان مەیلی چەپیان هەبوو، گەلێک جار بڵاوکراوەکانی حیزبم بۆ دەبردن. بەعسییەکان تازە گەڕابوونەوە دەسەڵات (ساڵی 1968)، ئۆفیسێکی (الاتحاد الوگنی لگلبە العراق)، لەناو دەرگای چوونە ژوورەوە بۆ بەشی فیزیا دانابوو، بەیانیان کە دەچووینە ژوور، دەبوایە بە بەردەمیاندا بڕۆین، واتە؛ لە بەیانیی زوودا سەرودڵیان دەگرتین و هەندێک جاریش تووشی کێشە دەهاتین لەگەڵیان. بەشەکەی ئێمە قوتابی و ستافی خوێندنی (نابەعسی) زۆر بوو، رەنگە هەر لەبەر ئەوەش ئەو ئۆفیسەیان لەوێدا قوت کردبووەوە.
پێم وایە؛ بۆ ئەم چاوپێکەوتنە، دەربارەی قۆناغی زانکۆ، هەر ئەوەندە هەڵدەگرێت.

پاش تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ و گەڕانەوە بۆ سلێمانی، چۆن درێژەت بە کاری حیزبی و رێکخراوەیی دا؟
کە گەڕامەوە سلێمانی پاش زانکۆ، لە لیژنەی حیزبیی ئافرەتاندا کارم کرد، ئەمە لە کۆتایی ساڵی 1971. لە ساڵی 1972، کۆنفرانسی رێکخستنەکانی حیزب لە پارێزگای سلێمانی ئەنجام درا، هەڵبژێردرام بۆ ئەندامێتیی لیژنەی محەلیی پارێزگای سلێمانی ئەوکات. پێش من ئافرەتێکی دیکەی تیا بوو کە بەرپرسیاری لیژنەی ئافرەتان بوو، (پرسم بە خۆی نەکردووە، بۆیە ناوی ناهێنم، ئێستا لە حیزبدا نەماوە، بەڵام هەر مرۆڤێکی هۆشیار و بەکارە و لە بەرەی چەپدایە). پاش ماوەیەکی کەم هەڵبژێردرام بۆ مەکتەبی لیژنەی محەلی، بەرپرسیارێتیی کاری پیشەیی و جەماوەریم پێ سپێردرا (لە پارێزگای سلێمانی) و بە حوکمی کارم لە مەکتەبی محەلی، بەرپرسیارێتیی رێکخستنیش لەگەڵ هاوڕێکانم، کار و چالاکیی پیشەیی و جەماوەریی هەستابووەوە و قوتابیان و لاوان و مامۆستایان و توێژەکانی دیکەش خەباتی مەدەنیانەیان ئەنجام دەدا بۆ بەدەستهێنانی ماف و داخوازییەکانیان. ئەوەی کە دێتەوە یادم لەو سەردەمەدا؛ لەو کاتانەدا، بارەگای محەلی سلێمانی لە کانێسکان بوو، لە خانووی ماڵی شەهید (تۆفیق روشدی)دا بوو، گۆڕەپانێکی گەورەی لە پێش بوو بۆ چالاکییە جەماوەرییەکان بەکارمان دەهێنا. هەر لەو نزیکە، خانوویەکی قوڕ لەلایەن حیزبەوە بەکرێ گیرابوو، (نافەرمی و نیمچە نهێنیی بوو)، رێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان بەکاریان دەهێنا بۆ ئەنجامدانی کۆڕ و کۆبوونەوە. هەر لە کانێسکان بەرامبەر بارەگای حیزب، کارگەیەکی چوکلێت هەبوو (30) ئافرەت زیاتر کاریان تێدا دەکرد. لە 1ی ئایاردا، شاندێکمان پێکهێنا و چەپکە گوڵێکمان بۆ بردن. (ببوورن ساڵەکان بە وردیی بە بێ بوونی بەڵگەنامە، زەحمەتە بنووسم، بەڵام هەر لە سەرەتای حەفتاکان و پێش 1974 بوو) پەیوەندیمان لەگەڵ ئافرەتە کرێکارەکان پەیدا کرد، زانیمان کە لە کارگە سەندیکایان نییە، کارمان لەگەڵ کردن، لقی سەندیکایان دامەزراند، هانمان دەدان بۆ خستنەڕووی داواکارییەکانیان، بەتایبەتی باشکردنی هەلومەرجی کارکردنیان، (دیار بوو خاوەن کارگە نزیک بوو لە حیزبی شیوعییەوە، بە پێکەنین دەیگوت: "کرێکارەکانتان بەدخو کردم.").
تا 8ی ئاداری ساڵی دوایی، زۆرینەی زۆری ئەو ئافرەتانە پەیوەندییان بە حیزبی شیوعییەوە کرد. لە 8ی ئاداردا، ئەوجا ئەوان چەپکە گوڵیان بۆ هێناین بۆ بارەگای حیزب. هەمیشە دڵخۆش بوون کە ئاشنا بوون بە مافەکانیان و دەتوانن بەپێی یاسا بەدەستیبهێنن. (دیارە ئەمە کاری زۆر و قسە کردن و خوێندنەوەی زۆر و بەردەوام لەگەڵیان و ماندووبوونی زۆری ویست). پاش رێکخستنیان، پەیوەندییان چووە لای خەتی کرێکارانی حیزب.
هەر لەو سەردەمەدا، ژمارەیەکی بەرچاو لە کارگەی جگەرەی سلێمانی بەشی بژارکردنی توتن (تەنقیحەکە) ژن کاریان دەکرد. لەگەڵ بەرپرسی محەلی قسەم کرد کە خەتێکی ئافرەتانی تەنقیحەکە دابمەزرێنین، هیچ ئافرەتێکمان نەبوو لەناویاندا ئەوکات، لەگەڵ خەتی کرێکاران رێککەوتین چەند ژنێک لەوانەیان بۆ دەستنیشانکردین کە رەنگە بتوانین هەوڵیان لەگەڵ بدەین، خۆم دەچوومە ماڵەکانیان لەپێشدا بە تاک تاک دەمبینین پاشان، سێ سێ و چوار چوار، ئەم کارە ساڵ زیاتری پێچوو، توانیمان خەتێک بۆ ژنانی کارگەی بژاری توتن دابمەزرێنین و بە سترانەوە بە خەتی کرێکارانەوە.
لەو سەردەمەدا، خەڵک حەزیان نەدەکرد کچیان بنێرنە پیشەی پەرستاری و پەرستاری ئافرەت کەم بوو، تەرکیزم خستە سەر پەرستاران و بە هاوکاریی هاوڕێکانم توانیمان ژمارەیەکی باش لە پەرستاران کۆبکەینەوە و هەمیشە نزیک بین لێیان و هانیان بدەین بۆ خەباتکردن لەپێناو بەدەستهێنانی ماف و داخوازییەکانیان. (دیارە سەرەتای کارکردن لەم بوارەدا؛ توێژینەوەیەکمان ئەنجام دا بۆ زانینی ژمارەیان و ئاستی خوێندنیان و باری کۆمەڵایەتی و تەمەنیان و ... هتد).
لە هەمان کاتدا، هەڵمەتێکمان لەناو خێزانەکاندا دەستپێکرد بۆ ناردنی کچەکانیان بۆ بەشی پەرستاریی لە جیاتی ئەوەی لە ماڵەوە دایانبنێن. (هەندێک دوای تەواوکردنی قوتابخانەی سەرەتایی و هەندێک پاش تەواوکردنی سێی ناوەندی، دەیانتوانی بچنە خولی تایبەتی بۆ چەند مانگێک و پاشان وەک پەرستار کار بکەن).
(رەنگە ئەوەندە بەس بێت بۆ ئەو دوو سێ ساڵە، لەم چاوپێکەوتنەدا).

پاش کۆنگرەی دووەمی لقی کوردستانی کۆمەڵەی ئافرەتانی عیراق، لقی کوردستان شێوە سەربەخۆییەکی بەدەستهێنا و ناوەکەشی بووە کۆمەڵەی ئافرەتان لە کوردستان... ئەمە چۆن روویدا؟
سەردەمی وتووێژ لەگەڵ بەعسییەکان بەر لە 1973، سەردەمێکی پڕ گفتوگۆ و مشتومڕ بوو لەناو رێکخستنەکانی حیزب، (بەبێ بەڵگە نامەوێت بچمە وردەکارییەکانییەوە). هەر لەو سەردەمەدا، لە کۆمەڵەی ئافرەتانی عیراق/ لقی کوردستان (رابگە المرأە العراقیە/ فرع کردستان) کارم دەکرد و لە لیژنەی باڵای کۆمەڵەی ئافرەتان بووم و لە سکرتاریەتی کۆمەڵە بووم/ لقی کوردستان، سەردانی بەغدام دەکرد لەگەڵ هاوڕێکانم بۆ کۆبوونەوەی لیژنەی باڵا و چالاکییەکانی دیکەی کۆمەڵەی ئافرەتان.
لە ساڵی 1972، کۆنگرەی لقی کوردستانی کۆمەڵەی ئافرەتانی عیراقمان لە هەولێر ئەنجام دا لە ماڵێک ئەگەر لە یادم بێت لە تەیراوا بوو، ژوورێکی گەورەیان لە نهۆمی دووەمی ماڵەکە هەبوو، لەوێ کارمان دەکرد و بە کۆمەڵ نانخواردن و نووستنیشمان لەوێ بوو. لە بەغداوە (خانم زوهدی هاتبووە ئیشراف/ سەرپەرشتی – تەمەن درێژ بێت). (د.سامیە شاکر – تەمەن درێژ بێت) وەک سکرتێری کۆمەڵەی ئافرەتان/ لقی کوردستان هەڵبژێردرا و بەندە و ژمارەیەک لە هاوڕێیان بۆ لیژنەی باڵا و سکرتاریەت و چەند گۆڕانکارییەکمان پێشنیار کرد لە پەیڕەوی ناوخۆ و بەرنامەی کۆمەڵەی ئافرەتانی عیراق، کە بە تێکڕای دەنگی لیژنەی باڵای عیراق وەرگیرا. پێشنیارەکان تایبەت بوون بە دەسەڵات و ئەرکەکانی لقی کوردستان.
لە ساڵی 1975، کۆنگرەی دووەمی لقی کوردستانمان لە هەولێر ئەنجام دا، لە بەغداوە د.نەزیهە دلێمی، شەهید عایدە یاسین، عایدە عوسەیران (شیوعی نەبوو، بەڵام ئەندامی سکرتایەتی کۆمەڵەی ئافرەتانی عیراق بوو)، هاتن بۆ سەرپەرشتیی، (یادیان بەخێر، کەسیان لە ژیاندا نەماون).
بەر لە چەند رۆژێکی کەم، لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێیانی سلێمانی هاتینە هەولێر، دیار بوو لێکتێنەگەیشتنێک روویدابوو، راپۆرت ئامادە نەکرابوو، بۆیە راسپێردرام بە ئامادەکردنی راپۆرتی گشتی، بۆ بەندە و بەو پەلەیە زۆر زەحمەت بوو، بەتایبەتی کە د.سامیە شاکر لەو کاتەدا بە ئیشی کۆمەڵە لە بەغدا بوو. راپۆرتێکم ئامادە کرد و هاوڕێیانم لە ئەندامانی لیژنەی باڵای کوردستان و بەرپرسی لقەکانی کۆمەڵە لە شارەکانی کوردستان هاوکارییان کردم (ئەوکات پەیوەندیی تەلەفۆن زەحمەت بوو بەتایبەتی بۆ کاری لەو جۆرە و فاکس نەبوو، پەنامان بۆ پۆستی رۆژانە دەبرد). کە د.سامیە هاتەوە و سەرپەشتیارانی بەغدای لەگەڵ بوو، دووبارە بە هەمووان شەو تا درەنگ مشتوماڵی راپۆرتەکەمان کرد و رۆژی دوایی بەرنامەی کاری کۆنگرە و خشتەی کاتەکان و رێنمایی گفتوگۆمان ئامادە کرد. نوێنەری لقەکانی کوردستان کە ئەوکات (نەینەوا و کەرکوکیشی لەگەڵ بوو)، راپۆرتی تێروتەسەلی کاریان و پێشنیارەکانیان باش ئامادە کردبوو.
لەو کۆنگرەیەدا؛ پێشنیاری گۆڕانکاری زۆرمان کرد لە پەیڕەوی ناوخۆی کۆمەڵەی ئافرەتانی عیراق، سەبارەت بە قەبارە و دەسەڵاتەکانی کۆمەڵەی کوردستان، ئەوەبوو دەسەڵاتەکانی هەتا رادەیەکی زۆر سەربەخۆیی لە کوردستان بەدەستهێنا، ناوەکەشی بووە (کۆمەڵەی ئافرەتان لە کوردستان)، هەر ئەوەش بووە بنەما کە دواتر بووە رێکخراوێکی کوردستانیی سەربەخۆ و دەستەخوشک لەگەڵ کۆمەڵەی ئافرەتانی عیراق. لەو کۆنگرەیەدا؛ بەندە وەک سکرتێری کۆمەڵەی ئافرەتانی کورستان هەڵبژێردرام. لەو سەردەمەدا، تەنها ئەندام، زیاتر لە هەشت هەزار ئافرەت بوون، سەرەڕای ژمارەیەکی تر کە ئەمانە بەشی زۆریان حیزبیی نەبوون. (دیارە بە کەرکوک و نەینەوا)شەوە.

لەو ماوەیەدا هەر وەک سکرتێری کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان کارت دەکرد، یاخود چالاکیی دیکەشت هەبوو؟
+بەدڵنیاییەوە چالاکییەکان زۆر بوون، هەر بۆ نموونە؛ لە ساڵی 1975، کە ساڵی جیهانیی ژنان بوو، چوومە لیژنەی هەرێمی کوردستانی حیزبی شیوعی عیراق کە سەرکردایەتی رێکخستنەکانی حیزبی دەکرد لە پارێزگاکانی (نەینەوا، هەولێر، کەرکوک، سلێمانی، دهۆک)، لە لیژنەی (رێکخستن و چاودێری) و (لیژنەی کاری جەماوەری) کارم دەکرد.
لە ساڵی 1973، بەشداریم کرد لە فێستیڤاڵی جیهانیی لاوان و قوتابیان لە ئەڵمانیا (ئەڵمانیای دیموکراتی)، شاندی عیراق بەیەک فڕۆکە لە بەغداوە رۆیشتین، ئەویش کۆمەڵێک رووداوی سەیروسەمەرە هەر لە فڕۆکەخانەوە هەتا رۆژانی فێستیڤاڵ لە ئەڵمانیا روویان دا لەگەڵ بەعسییەکاندا، سەرەڕای ئەوەی کە بەرەی نیشتمانیی پێشکەوتنخواز لە نێوانماندا هەبوو. ئەوانەی لە کوردستانەوە (کچان) کە بەشداریمان کرد و لەیادمن (مامۆستا  ئەنجم زوهدی، تریفە بێسارانی، ساکار مەحمود) بوون.


چ هۆکارێک وای لێکردیت جگە لە کاری حیزبی و سیاسیی، زۆر گرنگی بە بواری ژنان و جێندەریی بدەیت؟
پێم وایە ئەوەی کە پاڵی پێوەنام زۆر بە دڵگەرمییەوە لە بواری ژناندا کار بکەم، کاریگەریی رووداوێکی منداڵیی بووبێت و دیارە پاش ئەوە لە سەرچاوەی هۆشیاریی بە بارودۆخی ژنان و ئەزموونی خەباتی ژنانی دونیا بووبێت.
لە منداڵیدا سەبارەت بە کوشتنی کچێک لەلایەن براکەیەوە لە ناوچەی زەنگەنە گوێمان لە قسەی گەورەکان دەبوو و دەیانگوت: "لەگەڵ تەقەکردندا براکەی هەردوو چاوی کوێر بوو، چونکە دڵنیا بوو لە پاکیی خوشکەکەی!" زۆر جار کە دەهاتە سلێمانی بۆ لای پزیشک، دەهاتە ماڵمان، تێنەدەگەیشتم لەو بابەتە، بەڵام کە باسی چارەسەریان دەکرد، لە ناخمەوە حەزم دەکرد چاکنەبێتەوە و هەرواش بوو، هەتا کۆچی دوایی کرد چاوی چاک نەبووەوە. نەمدەتوانی تێبگەم چۆن برا بە تفەنگ خوشکی دەکوژێت! مەبەستیان چییە کچەکە پاک و بێگەرد بوو و براکەشی ئەوەی دەزانی، بۆیە یەکسەر هەردوو چاوی لەدەست دا!؟ دیارە پاشان گوێم لێ دەبوو، لەبەر قسەی خەڵک و... هتد، رەنگە ئەم رووداوە لە شوێنێکی مێشکمدا مابێتەوە کە کەمێک هۆشیاریم پەیدا کرد، ئەو شوێنەی مێشکم چالاک بووبێت!؟

لە ساڵی 1973، حیزبی بەعس و شیوعیی، بەرەی نیشتمانیی پێشکەوتنخوازیان پێکهێنا، ئەو رێککەوتنە تا کەی بەردەوام بوو و لایەنە نەرێنییەکانی چی بوو؟
لە کۆتاییەکانی ساڵی 1978، بەعسییەکان فشارێکی زۆریان بۆ حیزبی شیوعی دەهێنا و (بەرەی نیشتمانیی پێشکەوتنخواز) تا دەهات لێک دەترازا. رێکخستنەکانی حیزبی شیوعی کەوتنە بەر شاڵاوی راوەدونان و گرتن و ئەشکەنجەدان، بەتایبەتی کە جەماوەرێکی حیزبیی زۆر، ئاشکرا بوون لەو سی و چوار ساڵەی کاری ئاشکرا. حیزب هەوڵی دەدا رێکخستنەکان و هاوڕێیان لەو شاڵاوە بپارێزێت و بە کەمترین زیان لێی دەرچن، بۆ ئەمەش چەند رێوشوێنێکی گرتەبەر و کۆمەڵێک رێنمایی دەکرد، هێشتا بە فەرمیی (بەرەی نیشتمانیی پێشکەوتنخواز) نەترازابوو.
بەرەی نیشتمانیی پێشکەوتنخواز، لە ساڵی 1973، لە نێوان حیزبی بەعس و حیزبی شیوعیدا پاش مشتومڕێکی زۆر و گفتوگۆی دوورودرێژ، واژوو کرا. یەکێک لە خاڵەکانی ئەوەبوو کە جگە لە رێکخراوە جەماوەرییەکانی حیزبی بەعس، هیچ رێکخراوێکی جەماوەریی مافی کارکردنی نییە! دیارە ئەمە گورزێکی گەورە بوو بۆ حیزب کە کارکردنی لە نێو جەماوەردا سەخت و هەتا رادەیەکی زۆر سنووردار دەکرد. خاڵێکی دیکەی ئەو رێککەوتنە؛ ئەوە بوو کە کارکردنی حیزبیی بۆ بواری سەربازیی قەدەغە کرا.
لە ساڵی 1978، ژمارەیەک کەسایەتیی شیوعیی دیاری بواری کاری جەماوەری و کەسایەتیی حیزبی، بە تۆمەتی جیاجیا، لەوانە: بە تۆمەتی کارکردنی حیزبی لە سوپادا دەستگیر کران و حوکمی لەسێدارەدان دران. هەندێکیان لەسێدارە دران و هەندێکیان لەژێر فشاری نێودەوڵەتی، ئازاد کران لەوانە: (هاوڕێ کەمال شاکر، کە هەتا دواکۆنگرەی حیزبی شیوعی کوردستان، سکرتێری حیزب بوو). بەشێک لەوانەی ئازادکران؛ پاش ماوەیەکی کەم بگرە پاش چەند کاژێرێک، رفێنرانەوە و بێسەروشوێن کران.
لە ئاست ئەو مەرجەی کاری جەماوەری و لە ئەنجامی گفتوگۆی چڕوپڕ لەناو رێکخستنەکان، ئەوەبوو کە بە هیچ جۆرێک رێکخراوە جەماوەرییەکان کە سەر بە حیزب بوون هەڵنەوەشێنەوە، هەریەکە لەوانە مێژوویەکی دوورودرێژی کار و خەبات و قوربانیدانی هەیە، لەجیاتی ئەوە؛ بڕیار درا کە چالاکیی ئەو رێکخراوانە سڕ بکرێن! دیارە ئەمە گەلێک سەخت بوو، بەتایبەتی کە جەماوەرێکی بەرفراوان لە دەوری ئەو رێکخراوانە کۆببوونەوە و لەسەر ئاستی جیهانیش ناسراو بوون و لە رێکخراوە جیهانییەکاندا پێگەی باڵایان هەبوو. حیزبی بەعس بەمە رازی نەبوو، بەڵام لەوە زیاتر نەدەکرا، ئەوان دەیانویست ئەو رێکخراوانە هەڵوەشێنەوە و تاکە رێکخراو لە هەر توێژێکی کۆمەڵایەتیی؛ تەنها رێکخراوەکانی سەر بە بەعس بن و لە رێکخراوە جیهانییەکاندا جێگەی رێکخراوەکانی حیزبی شیوعی بگرنەوە. دیارە حیزب و جەماوەرەکەی بەهیچ جۆرێک لەگەڵ ئەوە نەبوون ئەو رێکخراوانە هەڵبوەشێنەوە و هەڵیشنەوەشانەوە. ئەوەبوو هەر یەکە لەو رێکخراوانە جا لە رێگای کۆبوونەوەیەکی فراوان بوو، یان کۆنفرانسێک، بەیانیان دەکرد و رایانگەیاند کە چالاکییەکانیان سڕ دەکەن. ئەمە زۆر جێگەی نیگەرانیی بوو.
بۆ بەردەوامیی کاری جەماوەری و دانەبڕان لە توێژەکانیان، ئەندامانی حیزب ئەوانەی لە سەرکردایەتیی ئەو رێکخراوانە کاریان دەکرد؛ دەستەی تایبەتمەندیان پێک هێنا لە چوارچێوەی حیزبدا. لەسەر ئاستی ژنان، تایبەتمەندیی کاری ئافرەتان پێکهات، هەروەها لەسەر ئاستی قوتابیان و لاوان و... هتد. لەسەر ئاستی کۆمەڵە پیشەییەکان رێوشوێنی حیزبیی لەو جۆرە گیرانەبەر، بەڵام ئەمە زەحمەت بوو جێگرەوەی کاری جەماوەریی بێت لە رێگای رێکخراوی ناحیزبیی تایبەت بە هەر توێژێک. ئێمەش لەسەر ئاستی کوردستان تایبەتمەندیی کاری ئافرەتانمان لەسەر ئاستی هەرێم پێک هێنا و بەندە بەرپرسیارێتییەکەم وەرگرت.

دوای ئەوەی بەرەی نیشتمانیی بەرەو هەڵوەشانەوە دەچوو و حیزبی شیوعی بەرەو ئۆپۆزسیۆنی و خەباتی چەکداریی هەنگاوی دەنا و قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکان دروست دەبوو، لەو ماوەیەدا ئەرک و بەرپرسیارێتیی تۆ چی بوو؟
لە ئاداری 1978دا، لە راپۆرتی کۆبوونەوەی لیژنەی مەرکەزیی حیزبی شیوعی عیراق، کە راشکاوانە باسی لە کەموکوڕییەکان و گەلێک کێشەی گەرمی تێدا هاتبوو و لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک چارەسەری خستبووەڕوو، (راپۆرتەکەم لەبەر دەست نییە و لەم چاوپێکەوتنەش جێگا نابێت بە تێروتەسەلی باسی بکەم) کاردانەوەیەکی توندی لای بەعسییەکان بەرپا کرد و کەوتە هێرشکردنە سەر ئەو راپۆرتە و بابەتە سیاسی و فکرییەکانی لە رێگای رۆژنامەکەیەوە کە ناوی (الراصد) بوو.
بەعس داوای لە حیزب کرد راپۆرتەکە بکێشێتەوە و پاشگەزبێتەوە لە ناوەڕۆکەکەی، حیزب بە توندی ئەمەی رەت کردەوە. بەعس گەلێک دڕندانە رووبەڕووی حیزب بووەوە و گەلێک ئەندامی سەرکردایەتی و کادیری پێشکەوتووی حیزب گیران و هەندێکیان تا ئێستاش بێسەروشوێنن (ئەمە لەکاتێکدا هێشتا – بە فەرمی) نێوانمان مابوو.
لەو ماوەیەدا حیزب کەوتە خۆئامادەکردن بۆ قۆناغێکی نوێ، قۆناغی بەرهەڵستکاری و ئۆپۆزسیۆنی. بۆ ئەمە، پاراستنی رێکخستنەکانی حیزب (کە هەندێکیان بەتەواوی کەوتنە باری نهێنی و گەلێکیان لێ گیرا) زۆر گرنگ بوو، لەسەر ئاستی هەرێم، چەند ئەندامێکی لیژنەی هەرێم کە زۆر ئاشکرا نەبوو لای بەعس، دوورخرانەوە لە هاتووچۆی بارەگاکانی حیزب (بارەگا و ماڵی گەلێک لە هاوڕێیانی سەرکردایەتی و کادیران لەژێر چاودێریی ئاشکرادا بوون) یەکێک لەوانەی کە جیاکرانەوە و ئامادە کران بۆ درێژەدان بە کاری حیزب بە نهێنیی؛ بەندە بوو.
لە کۆتاییەکانی 1978دا، بارودۆخی بارەگاکانی حیزب بەتەواوی تێکچوو و بەعس دەستی لە هیچ نەدەپاراست. ئێمەش ماڵمان تێکچوو، بەرلەوە بە ماوەیەکی زۆر منداڵەکەم بردە لای دایک و باوکم لە سلێمانی، یەکەم ساڵڕۆژی لەدایکبوونی؛ باوکی ئامادە نەبوو، بەڵام هەرچۆنێک بێت خۆم گەیاندێ و لە سەیرانگایەک لە دەرەوەی شار لەگەڵ ماڵێکی خزممان دایک و باوکم شتێکیان بۆ کرد.
لە ساڵی 1978دا، لەگەڵ هاوسەرەکەم لێک دابڕاین، ماوەیەک لە هەولێر مامەوە پاشان چوومە کەرکوک و چەند شارێکم کرد. ئەرکی نوێم لە بەغدا پێسپێردرا لەناو هێڵە نهێنییەکانی حیزب. لەگەڵ خێزانێکدا دەژیام و لەوێوە کارەکانم ئەنجام دەدا لەژێر بەرپرسیارێتیی خانمی تێکۆشەری چاونەترس (عایدە یاسین – یادی بەخێر)  کە لە کۆنگرەی سێیەمی حیزبدا هەڵبژێردرا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعی عیراق (کۆنگرەی سێ لە ساڵی 1976 لە بەغدا بەسترا و ئامادەی بووم). عایدە، سەرکردایەتی هێڵە نهێنییەکانی حیزبی دەکرد لە بەغدا. (دیارە بەر لەو کاتە، وردەکاریی زۆرن لێرەدا جێیان نابێتەوە بۆ باسکردن).
رێکخستنە نهێنییەکانیشمان کەوتنە بەر گورزی سەختی بەعس، بۆیە دیسان رێکخستنەوە لە رێکخستنەکانمان کران و جێگۆڕکێی کادیر و ئەندام (رەنگە بە باسکردن زۆر زەحمەت بێت وێنای ئەو بارودۆخە بکرێت)، بەردەوام رێکخستنەکانمان لێیان دەدرا. برادەرانی سەرکردایەتی بە مەکتەبی سیاسییەوە، زۆربەیان لەناو عیراقدا نەمان، هەندێکیان روویان لە شاخ کرد (لێرەدا بە ئاماژەیەکی کورت ئەوە وەبیردێنمەوە کە لە کۆتایی 1978ەوە حیزب خۆی ئامادە کرد بۆ کاری چەکداری و لەوەدا ئەزموونێکی باشی هەبوو کە لە ساڵی 1963دا پیادەی کردبوو).
یەکێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، کە سەرپەرشتی ئەو ئامادەکارییەی دەکرد (عومەر عەلی شێخ)ی هاوسەرم بوو، بۆیە کەمێک ئاگاداری هەندێک جموجووڵ بووم، بەڵام لای من هیچی نەدەدرکاند لەبەرئەوەی کارەکە زۆر بە نهێنیی بوو، هێشتا داوێکی باریک لەگەڵ بەعس مابوو (لەلایەن حیزبەوە بۆ ئەوەی هەرچۆنێک بێت سوودی لێوەربگیرێت بۆ ئامادەکاریی داهاتوو).
برادەران لە دەرەوە لەگەڵ ناوەندە چەپەکان و حیزبە شیوعییەکان و لە ناوەوەش لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) بەتایبەتی کاریان دەکرد بۆ گواستنەوەی خەباتی حیزب بۆ قۆناغی چەکداریی لە پاڵ خەباتی رێکخراوەیی شار، بەتایبەتی بۆ کاری حیزبی و پەیوەندی بە سەرکردایەتییەوە، لەو ماوەیەدا دوو جار بە بڕیاری حیزب چوومە شاخ و گەڕامەوە بەغدا. جارێکیان هاوڕێیەکی ئافرەتی گەلێک زانا و چاونەترس لە سلێمانی (حاجی ژن)، کە بە بڕیاری هاوڕێیانی سلێمانی هاتە لام بۆ رێکخستنی گەڕانەوەم بۆ بەغدا، لەو ماڵەی کە لێی دابەزیبووم، وتی: "ئەوە بۆچی رەنگت وایلێهاتووە؟" منیش وتم: "لە بەغداوە دێم و ئێستا مانگی رەشەمێیە (مانگی شوبات بوو)." وتی: "کچم ئەوە سووتانی بەفرە!" رەنگم بە رەنگی ژەنگ هەڵگەڕابوو، دیارە خۆم بەخۆمم نەدەزانی!

ئێستاش با بچینە سەر قۆناغێکی دیکەی خەبات، کە خەباتی پێشمەرگایەتییە... کەی چوویتە شاخ و ئەرک و چالاکیت چی بوو؟
لە هاوینی 1980، پاش دەستگیرکردنی (عایدە یاسین) کە بەرپرسی راستەوخۆم بوو لە بەغدا، بە بڕیاری حیزب؛ لە پاییزی 1980 چوومە شاخ، ئەو جارە وەک پێشمەرگە و ئەرکم وەرگرت لە رێکخستن، بەتایبەتی لە راگەیاندن.
سەرەڕای کاری خزمەتگوزاریی رۆژانەی بنکە، لەگەڵ چەند هاوڕێیەک هەندێک کاری تایبەتی دەرکردنەوەی رۆژنامەی (رێگای کوردستان) سەرلەنوێ لە شاخ بە بەندە سپێردرا. لەژێر خێوەتێکدا لەگەڵ چەند هاوڕێیەک پلانی دەستپێکردنەوە و نەخشەی رۆژنامەکە و کارە هونەرییەکان و... هتدمان داڕشت، ئێستاش ئەو رۆژەم لە پێش چاوە؛ هەندێک لەو هاوڕێیانە ئێستا سەرکردایەتی و کادیری حیزبن، هەندێکیشیان لەگەڵ حیزب نەماون، کە بە زمانی کوردی و عەرەبی دەرمان دەکرد.
لە کۆتایی ساڵی 1987، کە شەڕی ئێران - عیراق نزیک بووەوە لە ناوچەکانمان، رێکخستنەوەیەکی نوێ لە کاری سەرکردایەتیدا کرا. لیژنەیەکی سەرکردایەتی لە ژمارەیەک هاوڕێی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندیی حیزب (ئەوکات ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حشع نەبووم)، پێکهات. بەندەش بوومە ئەندامی ئەو لیژنە سەرکردایەتییە، کە سەرکردایەتی کاری پێشمەرگایەتی و رێکخستنەکانی زۆربەی شارەکانی عیراقی بە گشت وردەکارییەکانییەوە دەکرد.
لە هاوینی 1988، کە شەڕی ئێران - عیراق تەواو بوو، راستەوخۆ و بەرلەوەی بە فەرمیی راوەستێت، پاش وتارەکەی خومەینی لە مانگی تەمووزی ئەو ساڵەدا، کە باسی خواردنەوەی کاسە ژەهرەکەی کرد؛ لولەی تفەنگەکانی سوپای عیراق و جاشەکان ئاڕاستەی هێزەکانی پێشمەرگە کران. ئەوکات لە ناوچەی خواکوڕک بووین، شەڕ کەوتە ناوچەکە. هێزەکانی حیزبی شیوعی و پارتی دیموکراتی کوردستان لەوێبوون. لە هەمان کات لە ناوچەی قەندیل هێزەکانی حیزبی شیوعی و یەکێتیی نیشتمانیی لێبوو. دیارە هێزی لایەنی دیکەش هەبوون، بەڵام ئەو سێ لایەنە بەهێزترین توانا و فراوانترین هێزی پێشمەرگەیان هەبوو لەو سەردەمەدا.
بەرلەوەش شاڵاوی ئەنفال دەستی پێ کردبوو و بەردەوام بوو، هەروەها کیمیابارانی هەڵەبجە و گەلێک ناوچەی دیکە، بەشێکی زۆر لە خێزانی هاوڕێیانمان خۆیان گەیاندە بنکەکانی پێشمەرگە، ئەمانە گشت، باری پێشمەرگەیان قورستر کرد. لە میانەی کیمیابارانی هەڵەبجە و بەردەوامیی شاڵاوەکانی ئەنفال و شەڕی دەستەویەخە لەگەڵ سوپای عیراق و جاشەکان، دەتوانم بڵێم؛ بارەگای پێشمەرگە نەما، شەڕ لەناو شاخ و لەلایەن هێزی پارتیزانیی بە جووڵە و مەفرەزە، بەرەنگاری تانک و تۆپ و تەیارە و تەنانەت کیمیاوی دەبوونەوە.
ژمارەیەک لە برادەران کە لە دەزگا تایبەتییەکان کاریان دەکرد و کەمتر بەشداریی مەفرەزەیان دەکرد و هەندێکی دیکە کە تەندروستییان باش نەبوو، هەندێکی دیکە لە هاوڕێیانی پێشمەرگەی ئافرەت کە زەحمەت بوو بەو دەمودەستە ئامادەکاری بکرێت بۆ بەشداربوون لە مەفرەزەکاندا، ئەمە سەرەڕای ئەو خێزانانەی لەو دواییەدا ئاوارە بوون و هەندێکیان روویان کردە ناوچەکانی پێشمەرگە، گشت ئەمانە دەبوایە دووربخرێنەوە لە ناوچەکانی شەڕ.
هاوڕێ (عەزیز محەمەد) یادی بەخێر، رایسپاردم کە لەگەڵ ئەو هاوڕێیانە بم کە پاشەکشەیان پێ دەکرێت (بەشێکی زۆری هاوڕێیانی عەرەب بوون) بۆ بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی کە لە راژان بوو، بارەگای بەرەی کوردستانیش لەو ناوە بوو. نوێنەری حیزب لە بەرە، هەروەها نوێنەری حیزب لە راگەیاندنی بەرەی کوردستانی لەوێ بوون (لەو رێگایەش گەلێک مفارەقات روویاندا). کاک عەزیز رایسپاردم کە بەناوی جەنابیانەوە بچمە لای جەنابی کاک مەسعود بارزانی، ئەو ژمارە هاوڕێیەمان بەشێوەیەکی کاتی لەو ناوە جێگەیان بکرێتەوە هەتا چارەسەرێکیان بۆ دەدۆزینەوە. (پێشمەرگەی حیزبی شیوعی عیراق، لە ئێران قەدەغە بوو، بۆ هەر کارێک پێویستی بکردایە هاوڕێیانمان بچنە ئێران، بە هاوکاریی یەکێک لە حیزبەکانی دیکە دەچوون؛ پارتی، یەکێتی، سۆشیالیست، ئاڵای شۆڕش-ی ئەوکات).
کە گەیشتینە راژان، جەنابی کاک مەسعود لەوێ نەبوو، چاوم کەوت بە (کاک عەلی عەبدوڵا- یادی بەخێر، کاک موحسین دزەیی، تەمەن درێژ بێت، کاک دلۆڤانی کاک ئیدریسیش لەوێ بوو- یادی بەخێر)، پاش قسەکردن و گفتوگۆ (ئەوکات حیزبی شیوعی دروشمی: نا بۆ شەڕ، نا بۆ دیکتاتۆریەتی هەڵگرتبوو). جێگەی لەبار بۆ هاوڕێیانمان دابین کرا (بۆ هاوڕێ عەرەبەکان زۆر زەحمەت بوو، چونکە بەهۆی زمانیانەوە ئاشکرا دەبوون، دەبوایە ئەوەش بە جۆرێک رێک بخەین!).
عومەر عەلی شێخی هاوسەرم و د.سیروانی برام، لەناو بەرەکانی جەنگدا مانەوە د.سیروان لەسەر لاسلکی بوو، عومەریش لە ناوچەی قەبری زاهیر بوون لەگەڵ چەند برادەرێکی سەرکردایەتی، هەروەها کاک مەسعود بارزانی و چەند برادەرێکی سەرکردایەتی پارتیش لەوێ بوون.
ماوەی چەند هەفتەیەک لەوێ مامەوە، برادەرانی سەرکردایەتی پارتی: کاک فازیل میرانی، کاک ئازاد بەرواری، کاک عزەدین، کاک فرانسۆ حەریری- یادی بەخێر، چەند برادەرێکی دیکە لە راژان بوون لەناو بارەگای خۆیان، من لە ماڵێک لە دێکە بووم، زۆر جار ئەم برادەرانە گۆڤار و کتێبیان بۆ دەهێنام و سەردانیان دەکردم.
لەو ماوەیەدا لەوێ گەلێک ئیشم لە ئەستۆ بوو بە هاوکاریی نوێنەرمان لە بەرەی کوردستانی، باسکردنیان زۆر دەکێشێت. یەکێک لە کارەکانمان؛ رێکخستنی بەریدی سەرکردایەتی حیزب بوو لە ناوەوە بۆ دەرەوە و بە پێچەوانەشەوە، بنەکەمان هەبوو لە هەندێک لە شارەکانی ئێران (دیارە بە نهێنی)، لەوانە؛ تارانیش، بەرید لە رێگای ئەو بنکە و وێستگانەوە ئاڵوگۆڕ دەکران، هەندێک لەو برادەرانەی لەو بوارەدا پێکەوە کارمان دەکرد، لە دەرەوەن و هەندێکیان چوونەتە لای حیزبی دیکە، بەڵام پەیوەندی هاوڕێیانەمان هەر ماوە.
هەمیشە بروسکەی مەفرەزەکانم لە سەرکردایەتییەوە پێدەگەیشت. یەکێک لەو بروسکانە زۆر هەژاندمی، کە باسی حاڵی خەڵکی ناوچەی بادینانی دەکرد لە کاتێکدا کە کۆڕەویان دەکرد بۆ سنووری تورکیا و ئێران لە نێو شاڵاوی دڕندانەی سوپای عیراق و جاشەکاندا، لە گەلی (بازی) بە بۆمبی کیمیاوی بۆمباران کران! هەروەها لە بروسکەیەکی دیکەدا، مەفرەزەیەکمان باسی دەکەن؛ منداڵێکی (کچ) شەش ساڵانیان تووش بووە کە دابڕاوە لە کەسوکاری و بە تەنها لەو شاخە بووە! دابویان بە کۆڵیاندا و لەگەڵ خۆیان و لەو گەرمەی شەڕەدا بە کۆڵی پێشمەرگەیەکەوە بووە، پاشان بیستم کەسوکاری دۆزراونەتەوە و داویانەتەوە پێیان.
لە هەمان کاتدا بارودۆخی برادەرانمان لە ناوچەکانی سلێمانی و هەولێر و بارودۆخی خەڵک لەو ناوچانە، لەژێر کاریگەریی ئەو هەواڵانە و زۆر بە دڵگەرمیی؛ بابەتێکم نووسی بە زمانی عەرەبی بە ناونیشانی "نامەیەک لە ژنێکی کوردستانییەوە بۆ رای گشتی جیهان" بە ناوی (شاناز مەغدید)، وێنای ئەو بارودۆخەم تێدا کردبوو، داوام لە رای گشتیی جیهان کردبوو کە بێتە دەنگ، لە ژمارەیەک لە گۆڤار و رۆژنامە عەرەبییەکان (وەک بیستم) لە سوریا و لوبنان بڵاوکرابووەوە. پاشان لە گۆڤارێکی ئەو کاتەدا، دەستمکەوت، بەڵام داخەکەم پاشان تیاچوو.
هەر لەو ماوەیەدا کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی کرا لە ناوچەی (دۆڵە کوگا) لە راژانەوە بە هاوکاریی برادەرانی پارتی لەگەڵ کاک مقداد منیان نارد. دوو شەو لە (نەغەدە) لە ماڵیان بووم تا رێکخرا بچمە (دۆڵە کوگا)، لەوێوە خاتوو کوردستان پیرداود، کە هاوسەری کاک مقدادە و خێزانەکەیم ناسی، تا ئێستاش پەیوەندییەکی هاوڕێیانەی جوان لە نێوانماندا هەیە. (ئەو سەفەرەم، چیرۆکێکی هەیە، بۆیە ئاماژەم پێ کرد، بەڵام لێرەدا جێینابێتەوە). کە چوومە دۆڵە کوگا، دەیان چیرۆکی نەهامەتیی خەڵکی ئەو دەڤەرەم بیست. چەندین خێزانم بینی کە لە شار و شارۆچکە و گوندەکانەوە ئاوارەی ئەو چیا و چۆڵە ببوون. بەهەرحاڵ، باسکردنی ئەو رووداوانە دەکرێت هەزاران لاپەڕە پڕ بکاتەوە!


ئەو ماوەیە تا راپەڕینی 1991، هەر لە شاخ مایتەوە؟
نەخێر، لە کۆتایی 1988 چوومە سوریا و لەوێوە بەشداری چەند چالاکییەکی جیهانیم کرد. لەسەر بڕیاری هاوڕێیان لەو چەند مانگەدا سەرپەرشتیی گۆڤاری "ئاشتی و سۆسیالیزم"م کرد کە بە کوردی دەردەچوو. پاش چەند مانگێک گەڕامەوە بۆ شاخ.
پاشان لە کۆتایی ساڵی 1989، بە بڕیاری سەرکردایەتیی حیزب هاتمەوە ناوشار و پەیوەندیم کرد بە برادەرانی سەرکردایەتیی رێکخستنە نهێنییەکان و سەرکردایەتیی حیزب رایسپاردبووم کە هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە بکەم و لەگەڵ هاوڕێیانی ناوشار رێوشوێنی گونجاو ئامادە بکەین بۆ هاتنە ناوشاری هەندێک لە هاوڕێیانی سەرکردایەتی. لەو میانەدا، سەرەڕای ناوچەکانی کوردستان بە موسڵ و کەرکوکیشەوە، چوومە بەغدا و هەندێک شاری دیکەی عیراقیش.
لەبەرەوە هەندێک لە هاوڕێیانی سەرکردایەتیی هاتنەوە ناوشار، بەتایبەتی پاش داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عیراقەوە. هاوڕێیانی سەرکردایەتی لە شارەکانی کوردستان و بەغدا و بەسرە و گەلێک شاری دیکە دابەش بوون و سەرکردایەتیی رێکخستنە نهێنییەکانیان دەکرد. کە کوەیت داگیر کرا، بەندە لە شاری سلێمانی بووم، عومەر عەلی شێخی هاوسەریشم لە نێو ئەو هاوڕێیانەی سەرکردایەتی بوو کە بەرودوا هاتنەوە ناو شارەکان.
باسکردنی ئەو ماوەیە لە داگیرکردنی کوەیتەوە هەتا هەڵگیرسانی جەنگی دووەمی کەنداو و بەرپابوونی راپەڕینی سەرانسەریی لە عیراقدا، زۆر دەبات، چونکە شایەتحاڵی گەلێک لایەنی سیاسیی ئەو سەردەمەم.

کاتی راپەڕینە مەزنەکە لە کوێ بوویت و پاش راپەڕین ئەرک و بەرپرسیارێتیت چی بوو؟
بەر لە هەڵگیرسانی راپەڕین لە کوردستان، بە بڕیاری حیزب، چوومە سلێمانی و لەگەڵ هاوڕێیانی رێکخستنی سلێمانی لە ئامادەباشیدابووین، کە راپەڕین لە کوردستان هەڵگیرسا لە سلێمانی بووم.
لە 15ی ئاداری1991 پاش سەرکەوتنی راپەڕین لە هەولێر، بە بڕیاری حیزب چوومە هەولێر و ئەرکی سەرپەرشتیی راگەیاندنی حیزبم پێ سپێردرا، کە لە لای هاوڕێیەکی سەرکردایەتیی بوو، ئەو هاوڕێیە بە هەمان ئۆتۆمبێل چووە سلێمانی بۆ کارکردن لەگەڵ رێکخستنەکانی سلێمانی. (کە چوومە هەولێر، رێگا نەکرابووەوە، پێم وایە تاکە ئۆتۆمبێل بووین کە ئۆتۆمبێلی هاوڕێیەکی خۆمان بوو لەو رێگایە).
لە نەورۆزی 1991، ئەوەبوو زۆر ناوچەی شاری کەرکوک ئازاد کرا، (عومەر عەلی شێخ)ی هاوسەرم چووە کەرکوک بۆ سەرپەرشتیی پێشمەرگەکان و پەیوەندیی بە هاوڕێیانی شار و دۆستانی حیزب لە کەرکوک.
لە 30 و 31ی ئاداری 1991، سوپا هاتەوە هەولێر پاش ئەوەی کەرکوکیان داگیر کردەوە. کۆڕەومان کرد بۆ شەقڵاوە، بارەگای ئێمە و بارەگای برادەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە (هاوینەهەواری سەڵاحەدین – پیرمام) بە تەنیشت یەکەوە بوو. لە برادەرانی یەکێتی؛ کاک کۆسرەت و کاک نەوشیروان (یادی بەخێر) لەوێ بوون. زۆر جار کە دەچووینە بارەگای خۆمان برادەرانی یەکێتیشمان دەبینی و ئەوەبوو شاندی پارتی و یەکێتی چوونە بەغدا بۆ دانوستان (ئەمە باس دەکەم؛ لەو کاتەدا لە یەکێک لە دانیشتنەکانمان لە پیرمام لەگەڵ کاک نەوشیروان (یادی بەخێر) کەوتینە گفتوگۆیەکی گەرم بە دووقۆڵیی، کاک کۆسرەت و عومەر عەلی شێخی هاوسەرم و هەندێک لە برادەرانی دیکەش ئامادە بوون، بەڵام تێکەڵی گفتوگۆکەمان نەبوون).
پاش کۆڕەو و رووداوە زۆرەکانی ئەو ماوەیە، هاتینەوە هەولێر و ئێمە کە چەند هاوڕێیەک بووین؛ بە بڕیاری حیزب چووینە بەغدا بۆ سەرپەرشتیی رێکخراوەکانمان و من چوومە گەلێک شاری عیراق. لە نەجەف و کەربەلا هێشتا خوێنی خەڵکی راپەڕیو لەسەر شەقامەکان بوو، گۆڕستانی نەجەف تێک درابوو..! (باسی ئەو سەردەمەش زۆرە).

کەی گەڕایتەوە کوردستان؟
لە سەرەتای 1993وە هاتینەوە کوردستان. لە حوزەیرانی 1993، کۆنگرەی سێیەمی رێکخراوی هەرێمی حیزبی شیوعی عیراق لە سلێمانی بەسترا و لەو کۆنگرەیەدا بڕیاری راگەیاندنی حیزبی شیوعی کوردستان درا. دیارە ئامادەکاریی بۆ کۆنگرە و گەرمیی گفتوگۆکان و را و بۆچوونە جیاوازەکان و... هتد، زۆرن. لەو کۆنگرەیەدا هەڵبژێردرام بە ئەندامی سەرکردایەتیی حیزب (وابزانم دووەم دەنگم هێنا) و لە کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردرام بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی (لام وایە یەکەم ئافرەت بووم لە عیراق و کوردستان، کە بە هەڵبژاردن و بێ کۆتا بچێتە مەکتەبی سیاسی).

پاش راپەڕین و ئازادیی، تۆ یەکێک بووی لەوانەی بەردەوام بوویت لە کاری حیزبی و رێکخراوەیی و زیاتر لە بواری مافەکانی ژنان و یەکسانیی جێندەریدا چالاکیتان ئەنجام دەدا، ئەوەبوو لە خولی دووەمی پەرلەمان بوویتە ئەندامی پەرلەمان و لەوێش بوویتە سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان... دەمەوێت باسی کار و چالاکییەکانی ئەو لیژنەیە بکەیت؟
لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان (2005)، هەڵبژێردرام بۆ پەرلەمانی کوردستان و لەوێش هەڵبژێردرام بە سەرۆکی لیژنەی "داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان". دوو خانمی چالاکی بواری سیاسی و بواری مافەکانی ژنان، وەک جێگر و بڕیاردەری لیژنە هەڵبژێردران. ژمارەی ئەندامانی لیژنەکە تێکڕا (١١) کەس بوون (نۆ ژن و دوو پیاو)، لە هەموو حیزبەکانی ناو پەرلەمان بوون. لیژنەیەکی گەلێک کارا و هاوئاهەنگ بوون، سەرەڕای جیاوازیی بیروبۆچوونەکان لە هەندێک پرۆژە و هەندێک هەڵوێستدا، بەڵام بە تەبایی و گیانێکی بەرزی بەرپرسیارێتیی پێکەوە کارەکان دەکران.
لیژنەکە، زۆر بە ئارامیی کارەکانی دەکرد، تەنانەت لە بەدواداچووندا بە هیچ جۆرێک بابەتەکانی نەدەبردە دەرەوەی پەرلەمان و پابەند بوو بە پەیڕەوی ناوخۆ و رێزی لە ئسوڵی کاری پەرلەمانی دەگرت. (گەلێک بەدواداچوون هەبووە، رەنگە لێرەدا بوار نەبێت بۆ باسکردنیان)، بەڵام بەسەرە قەڵەم ئاماژە بە هەندێک لە کارەکانی لیژنەکە دەدەم:
-پێشنیارکردنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، کە وەزیری ناوخۆی ئەوکات (بەڕێز کەریم سنجاری) لە گفتوگۆی یاسای وەزارەتی ناوخۆ لە پەرلەمان خۆی پێشنیاری کرد.
-کەمکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانتار لە ٣٠ ساڵەوە بۆ ٢٥ ساڵ.
-بەرزکردنەوەی کۆتای ژنان لەسەدا بیست و پێنجەوە بۆ لەسەدا سی، هەروەها لیستی کراوە (نیمچە کراوە)، (ئێستا هەندێک لایەنی گفتوگۆکانم دێتەوە یاد...)، بەڵام بەداخەوە لە جێبەجێکردندا ئەو ئامانجەی نەپێکا کە مەبەست بوو.
لە گرنگترین کارەکانی ئەو لیژنەیە؛ داڕشتنی پرۆژەی هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی هەموارکراوی عیراقی بوو، کە بە راستی ناوەندێکی بەرفراوانی رێکخراو و کەسایەتیی ژن و پیاو بەشداربوون تێیدا. رۆژی دەستکردن بە گفتوگۆی ئەو پرۆژەیە، کەرنەڤاڵێک بوو لە کوردستان، رێکخراوەکان و کەسایەتییەکانی ژنان بە دروشمی مۆرەوە لە دەرگای دەرەوەی پەرلەمان هەتا ناو پەرلەمان زۆر بە سەلاری و هەست بە بەرپرسیارێتیی وەستابوون، پاشان لە کاتی گفتوگۆ هاتنە جێگای تایبەتی میوان و چاودێریی گفتوگۆکانیان دەکرد. جێگا نەمابوو، راڕەوەکانی پەرلەمان پڕ بووبوو، بەشبەحاڵی خۆم ئەو رۆژەم لە یاد ناچێت کە چالاکییەکی جەماوەریی بە بەرهەم بوو، بە دەگمەن ئەزموونی وەها هەبووە. ژمارەیەک لەو خانمانە بە درێژایی رۆژانی گفتوگۆ ئامادە دەبوون، لەکاتێکدا لەسەر خاڵێک پێشنیارەکان بکەوتنایەتە بەر گفتوگۆی توند، نامەمان دەناردە سەرەوە بۆ لای ئەو خانمانە بۆ پێشنیاری مامناوەند، بەداخەوە ئەو جۆرە کەمپینە جارێکی دی نەماندییەوە نە لە پەرلەمانی کوردستان و نە لە دەرەوەی پەرلەمانیش (ناچمە ناو وردەکاریی ئامادەکردنی پرۆژەکە و قۆناغەکانی و گفتوگۆکان، بابمێنێ بۆ کاتێکی دیکە).
هەر لە خولی دووەمی پەرلەماندا؛ لەلایەن لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان، پرۆژەی دامەزراندنی سەنتەری دیراساتی جێندەر ئامادە کرا و ماوەیەکی زۆر گفتوگۆی لەسەر کرا و لەگەڵ وەزیری پەیوەندیدار کۆبوونەوە کرا، بەداخەوە سەرینەگرت، بەڵام خۆشبەختانە لە ساڵی 2015 بە دەستپێشخەریی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و هاوکاریی (UNwomen) و رەزامەندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەسەندکردنی لەلایەن سەرۆکایەتی حکومەتەوە، لە میانەی چالاکییەکانی هەڵمەتی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بە سەرپەرشتیی جێگری سەرۆکی حکومەت، یەکەم سەنتەری لەو جۆرە لە زانکۆی سۆران کرایەوە. (ئەم بابەتەش وردەکاریی و دەستێوەردانی لابەلا و شتی دیکەی زۆرە...). ئێستاکە ئەو سەنتەرە بە بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا (کابینەی هەشت) لە سەرانسەری زانکۆکانی هەرێمدا بناغەیان بۆ دانرا، بەهیوام لە هەلومەرجی گونجاودا ئامانج لە دامەزراندنەکەی بهێنێتەدی.
هەر لە خولی دووەمی پەرلەماندا، لەلایەن لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان، پرۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی داڕێژرا و گفتوگۆی زۆری لەسەر کرا و گەیشتە دواقۆناغەکانی، بەڵام بەداخەوە پەرلەمان فریا نەکەوت بیخاتە بەرنامەی کارەوە.
هەر لەو خولەدا و لەلایەن هەمان لیژنەوە؛ پرۆژەیاسای قەدەغەکردنی خەتەنەی مێیینە ئامادە کرا، پاش گفتوگۆ و رای جیاواز، چەند مادەیەک سەبارەت بەو بابەتە خرایە ناو پرۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی.
لەو سەردەمەدا، کاتێک داوەتنامەیەک بۆ چالاکیی دەرەوەی وڵات دەهات بۆ لیژنەکە، هەوڵمان دەدا کە ئەندامانی لیژنەکانی دیکەی پەرلەمانیش بەشدار بن تێیدا.
زۆر جار لەگەڵ سەرجەم ژنانی پەرلەمانتاری خولەکە، لە هۆڵی پەناگیری کۆدەبووینەوە بۆ وەرگرتنی را و بۆچوونیان سەبارەت بە پرۆژەیاسای لیژنەکە. زۆرینەی ئەندامانی لیژنەکە هەمیشە لەناو ژناندا بوون و راستەوخۆ لە چالاکییەکانیاندا بەشدارییان دەکرد. (باسەکان زۆرن، کارەکان زۆرن، رێگرییەکان زۆر بوون، وردەکاری و گفتوگۆ لابەلاکان و لۆبی دروستکردن و بەمەبەست هێنانی هاوکاریی جەماوەر، باسکردنی گشت ئەمانە زۆر دەکێشن، بۆیە زەحمەتە لە چاوپێکەوتندا مافی خۆیان بدرێتێ).

یەکێکی تر لە کارە گرنگەکانت، بەشداریکردن بوو لە لیژنەی (پشتگیری دەستوور)... دەکرێت بە کورتیی باسێکی کارەکانت بکەی لەو لیژنەیەدا؟
بەشداربووم لە لیژنەی "پشتگیری دەستوور" کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دانرابوو، لەگەڵ لیژنەی سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان لە دوامانگەکانی نووسینەوەی پرۆژەی دەستووری هەمیشەیی عیراق، بەردەوام دەچووینە بەغدا و لەگەڵ لایەنە هەمەجۆرەکانی عیراق لە گفتوگۆدا بووین (تاکە ژن بووم لە هەموو عیراق کە لەو پرۆسەیەدا بەشداریم کرد/ بەدەر لە لیژنەی نووسینەوەی دەستوور کە لە "الجمعیە الوگنیە"وە دانرابوو).
لە پەیوەندیی بەردەوامدا بووم لەگەڵ رێکخراوە عیراقییەکان، بەتایبەتی ئەوانەی لە بواری مافی ئافرەتدا کاریان دەکرد، ئامادەی سیمینار و کۆبوونەوەکانیان دەبووم و راسپاردەکانیانم دەهێنایەوە بۆ شاندی کوردستان. زۆر جار راستەوخۆ دەمدانە دەست جەنابی مام جەلال (یادی بەخێر) و جەنابی کاک مەسعود (تەمەن درێژ بێت)، رێکخراوەکان زۆر جار هاوکار بوون و زۆریش دڵخۆش بوون کە را و بۆچوونەکانیان سەبارەت بە دەستوور دەگاتە لایەنی پەیوەندیدار (هەرچەندە زۆریان نەچوونە ناو پرۆژەکەوە).
ئەو خانمانەی کە گەلێک هاوکارم بوون لە بەغدا لەو کاتەدا: تۆ (نەرمین عوسمان) بوویت کە ئەوکات وەزیر بوویت، زۆر جار دەهاتیتە لای شاندی کوردستان بۆ ئۆتێل و ماڵەکەت کردبووەوە بۆمان، پەیوەندیت لەگەڵ گەلێک لایەنی مەدەنیی بۆ فەراهەم دەکردم. هەروەها خاتوو (هەنا‌و ئەدوەر) ئەویش کە خانمێکی ناسراوی بواری مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ئافرەتە لە عیراقدا، بەردەوام ئاگاداری دەکردمەوە لە کۆڕ و سیمینارەکان کە دەچووم ئامادەیان دەبووم.
دیارە زەحمەت بوو شاندی کوردستان گشت را و بۆچوونەکانی خۆمان جێگە بکەینەوە لەناو گشت ئەو لایەنە هەمەجۆر و جیاواز و هەندێک جار دژ بەیەکە لە عیراقدا کە بەشداربوون لە ئامادەکردنی پرۆژەی دەستووری عیراق، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەیڵێم ئەوەی کە پەیوەندی بە مافی ژنانەوە هەیە بەتایبەتی و مافە گشتییەکان بە گشتی؛ کاریگەریی شاندی کوردستان بوو بە پلەی یەکەم.


با بێینە سەر باسی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، کە تۆ لە سەرەتای بیرۆکەکەوە تیایدا کارت کردووە و ئاگاداری وردەکارییەکانیت، بۆیە دەمەوێت چەندی دەکرێت باسێکی ئەو ئەنجومەنە و چۆنێتیی دامەزراندن و چالاکییەکانی بکەیت بۆمان؟
بیرۆکەی بوونی دامەزراوەیەکی فەرمی تایبەت بە بواری ژنان، بیرۆکەیەکی نوێ نەبوو، مەسەلەی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی مەسەلەی ئافرەت لەلایەن دەوڵەتەوە بە فەرمی لە کۆنگرەی (بەیجین) لە ساڵی 1995 باسی لێکرا و بووە یەکێک لە راسپاردە هەنوکەییەکانی ئەو کۆنگرەیە، (بەندە بەشدار بووم لە کۆنگرەی بەیجین، بەڵام لە بەشە نافەرمییەکەی، تاکەکەس بووم لە ئۆپۆزسیۆنی عیراق کە لەناوەوەی عیراقەوە چووبێت)، لە بەشی فەرمیدا تەنها نوێنەری حکومەتەکان ئامادە بوون.
ئەوەبوو گەلێک لە دەوڵەتەکان بە دەوڵەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە لە دوای 1995، وەزارەتی کاروباری ژنان، یان ئەنجومەن، یان بە ناوی جیاجیا دامەزراوەی بۆ ئەو بوارە پەیدا بوون. لە هەرێمی کوردستان لە کابینەی پێنجەمی حکومەت، وەزیرێک بۆ ئەو بوارە دانرا کە بەڕێز (د.جنان قاسم) بوو، بەداخەوە زۆربەی ئەو دامەزراوانە، بەتایبەتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تێگەیشتنێکی کامڵ نەبوو بۆ گرنگیی ئەو کارە و رۆڵی دەسەڵاتی فەرمی لە راستکردنەوەی پارسەنگی لاری نابەرابەریی لە نێوان ژن و پیاو و هێنانەدی یەکسانیی لە مافەکانیان و دابینکردنی مافی هاوڵاتیبوونی تەواو بۆ ژنان و کاریگەریی لەسەر پرۆسەی پەرەسەندنی گشتگیر لە کۆمەڵگا.
بوونی ئەو جۆرە دامەزراوە فەرمییە، پەیوەندی تەواوی بە پرۆسەی پەرەسەندنی گشتگیرەوە هەیە و هەر لەسەر ئەم بنەمایەش بوو پێویستیی دەستێوەردانی دەسەڵاتی فەرمی لە بواری مافەکانی ئافرەتاندا؛ پێشنیار کرا و بووە بابەتێکی هەنوکەیی.
لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بایەخێکی ئەوتۆ نەدرایە ئەو بابەتە لەگەڵ ئەوەی دامەزراوەی فەرمی دامەزران، بەڵام لە رووی پێگە و پەیکەریەت و دەسەڵات و دابینکردنی بودجە، بە لاوازی مانەوە، دیارە ئەمەش پەیوەندی بە پاشخانی مێژوویی و کولتووریی کۆمەڵگاکانەوە هەیە.
باسکردن لە بوونی دامەزراوەیەکی فەرمیی تایبەت بە کاروباری ئافرەتان لە کوردستانیش هەبوو، لە خولی دووەمی پەرلەمان لە رەشنووسە سەرەتاییەکانی پرۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، بڕگەیەکی تێدا بوو سەبارەت بە دامەزراوەیەک کە بەرپرس بێت لە مەسەلەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و یەکێک لە ئەندامانی لیژنە (کاک کەریم بەحری) پێشنیاری کرد کە بەرپرسی ئەو دامەزراوەیە بە پلەی وەزیر بێت. پاشان لە رەشنووسەکانی دواییدا و پاش گفتوگۆی هەمەلایەنە و پاش دەرچوونی یاسای وەزارەتی ناوخۆ، کە بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی لە وەزارەتی ناوخۆ دابمەزرێ تایبەت بەو بوارە، ئەو بڕگەیە لادرا.
رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی چەند کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا بۆ ئامادەکردنی پێشنیار و بۆچوون سەبارەت بە دامەزراوەیەکی تایبەت لە بواری ئافرەتان و گفتوگۆی زۆر کرا، بەڵام لە کوردستانیش بەرچاوڕوونیی لە ئاستی پێویستدا نەبوو، ئەوەبوو لە ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەی پەیڕەوێک ئامادەکرابوو (هەتا ئێستاش بە فەرمی کارایە)، گەلێک کەموکوڕی تێدابوو.
بەرلەوە لە کابینەی پێنجەمی حکومەت، وەزیری هەرێم (د.جنان قاسم) هەبوو بۆ کاروباری ئافرەتان، بەڵام لە رووی دەسەڵات و بودجەوە بایەخی پێویست بەو ئۆفیسی وەزیرە نەدرابوو. بەرلەوەش دەزگای یەکسانی لە ئەنجومەنی وەزیران (لە کابینەی چوار لە هەولێر) هەبوو. بەخێرایی ئاماژەم بەو هەوڵانە دا، بۆ ئەوەی بڵێم بیرۆکەکە لە کوردستان هەبوو، بەڵام بەداخەوە پێم وایە هەتا ئێستاش بەرچاوڕوونیی لە ئاست ئەو دامەزراوەیە و گرنگیی بوونی؛ لە ئاستی پێویستدا نییە.
دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و ئەندامێتیی راستەوخۆی شەش وەزیر تێیدا و سەرۆکایەتیکردنی لەلایەن خودی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە (بەپێی پەیڕەوەکەی)، هەنگاوێکی گەورە بوو بەرەو بە دامەزراوەییکردنی پرسی ئافرەت لە هەرێمی کوردستان، راسپاردنم بە ئەمیندارێتیی ئەو ئەنجومەنە لە دانیشتنێکی فەرمیدا بوو لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران (د.بەرهەم ساڵح) و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران (کاک ئازاد بەرواری)، لە بارەگای سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆتایی ساڵی 2010 بە فەرمانی هەرێمی، ئەمەش گوزارش لە بایەخدان دەکات بەو دامەزراوەیە.
سەرەڕای کەموکوڕیی زۆر لە پەیڕەوی ئەنجومەن (لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دانرابوو)، سەرەڕای ئەوەی ئەزموونێکی گەلێک نوێ بوو، سەرەڕای دابین نەکردنی گەلێک پێداویستیی کارکردن، بەڵام توانیی هەتا رادەیەکی باش پرسی ژنان بگەیەنێتە پلانی زۆربەی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەداخەوە لە هەر تەنگژەیەکی سیاسی یان دارایی و ئابووری، پرسی ئافرەت دەچێتە دواوە و ئەو ئەنجومەنە سەرەڕای کەموکوڕییەکانی خۆی لە رووی دەسەڵات و بودجەوە، زیاتر فەرامۆش دەکرێت. 
لە سەرەتای کارەکانی ئەنجومەن، ئەبوو کە یاسای تایبەتی خۆی هەبێت، لەگەڵ هەندێک ناوەندی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی گفتوگۆی زۆر کرا، ئەزموونی چەند وڵاتێک لەو بوارەدا دیراسە کرا، بە هاوکاریی لەگەڵ سەنتەرێکی نێودەوڵەتیی پسپۆڕ دەست کرا بە ئامادەکاریی پرۆژەیاسای ئەنجومەن، کە چەند کۆبوونەوە و وۆرکشۆپ و سیمیناری تێکەوت، پرۆژەکە نێردرایە ئەنجومەنی وەزیران بە ئامادەبوونی خۆم گفتوگۆی لەسەر کرا و بڕیار درا و نێردرا بۆ شوورا، لەوێش بە ئامادەبوونی خۆم ئەوەی پێویست بوو دەستکاریی کرا. ئەم کارانە تاوەکو 2013ی خایاند، پاشان نێردرا بۆ پەرلەمان، بەڵام کاتی پەرلەمان ئەوەندەی نەمابوو و نەخرایە بەر گفتوگۆ. 
لە خولی چوارەمی پەرلەمان و کابینەی هەشتی حکومەت، جارێکی دیکە بابەتەکە لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران خرایەوە بەر باس، بە هۆی بارودۆخی تایبەتی پەرلەمان، ئەویش زۆر دواکەوت. پاشان بە هاوکاریی بەڕێز (بێگەرد تاڵەبانی) کە سکرتێری پەرلەمان بوو ئەوکات، پرۆژەکە کەوتەوە بەردەست و باسی لێکرا و ئەویش نەگەیشتە ئەنجام. لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، جارێکی دیکە خرایەوە بەردەم کابینەکە و لە یەکەم دانیشتنم لەگەڵ دیوانی کابینەی نۆیەم، باسم کرد و بە دەستیی رەشنووس و نووسراوی هاوپێچیم دووبارە خستەوە بەردەستیان (نووسراوەکان ماون لە نێو نووسراوەکانی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانماندا، ئێستا لەبەردەستم نییە). یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە 15ی حوزەیرانی 2011دا بوو، بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی شەش وەزیری کابینەکە، وەزیرانی: (پەروەردە، رۆشنبیری، دارایی، ناوخۆ، ئەوقاف، داد)، هەوڵ درا وەزیری پلاندانانیش ببێتە بەشێک لە ئەنجومەن هەتا یاساکەی دەردەچێت، بەڵام سەرینەگرت.
-لە 2011، بە هاوکاریی (UNFPA) (سندوقی دانیشتوانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان) کار کرا بۆ داڕشتنی پلانێکی ستراتیژی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، پاش دەرچوونی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە خولی سێیەمی پەرلەمان 2011.
-لە 2012، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیار درا؛ ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان سەرپەرشتی داڕشتنی پلانی جێبەجێکردنی کرد و لە وەزارەتەکاندا رێکخەرێک دانرا بۆ بەدواداچوونی.
ستراتیژەکە بۆ چوار ساڵ بوو، دوای تەواوبوونی، دەستکاری کرا و درێژ کرایەوە بۆ 10 ساڵ.
-لە 2012وە دەستکرا بە ئامادەکردنی ستراتیژی پەرەسەندنی بارودۆخی ئافرەتان (ستراتیجیە تنمیە المرأە)، وەک پێداویستییەکی هەنوکەیی، تەواو پەیوەست بە پرۆسەی پەرەسەندنی گشتگیر، ماوەی دوو ساڵ کاری تیا کرا بە هاوکاریی (UNwomen) (ئۆفیسی ئافرەتان سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان) لە 2014 خرایە بەردەست ئەنجومەنی وەزیران.
لە 2017 بڕیار درا، پاش ئەوەی هەندێک دەستکاری کرا بە گوێرەی ئەو ئەرکە نوێیانەی لەو سێ ساڵەدا دەرکەوتن.
-پلانی نیشتمانیی جێبەجێکردنی بڕیاری 1325ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کە لە 2013 دەستی پێ کرا (ئەمە بە هاوبەشی لەگەڵ بەغدا کرا لەگەڵ پاراستنی تایبەتمەندیی کوردستان)، لە 2014 و پاش تاوانەکانی داعش، پلانێکی هەنوکەیی بۆ ماوەی ساڵێک دانرا و پلانە نیشتمانییەکە لەو ساڵەدا سڕ کرا.
-لە ساڵی 2013وە دەست کرا بە داڕشتنی پرۆژەیەک سەبارەت بە پێکهێنانی سەنتەری جێندەرناسی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، لە 2015 یەکەم سەنتەری جێندەرناسی لە زانکۆی سۆران بە فەرمیی لەلایەن بەڕێز کاک قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت کرایەوە، پاشان لە زۆربەی زانکۆکان دامەزران و بە بڕیاری وەزیری خوێندنی باڵا دەست کرا بە دامەزراندنی لە سەرجەم زانکۆ حکومی و ئەهلییەکاندا و ساڵانە کۆبوونەوە و کۆنفرانسی زانکۆکان بۆ ئەم مەبەستە دەکرێت.
گەلێک بەرنامە و پرۆژەی دیکە کە رەنگە لەم چاوپێکەوتنە خێرایەدا زۆر لە یادم نەبن.
بۆ زامنکردنی جێبەجێکردنی ئەو پلانە ستراتیژی و بەرنامانە، میکانیزمی گونجاو داڕێژراون و بە سەرپەرشتیی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و بە گوێرەی توانا؛ لەلایەن وەزارەت و دەستە و پارێزگاکانەوە خراونەتە بواری جێبەجێکردن و بەدواداچوونیان بۆ کراوە، لەوانە کە بە پێویستی دەزانم ئاماژەیان پێ بدەم:
پێکهێنانی یەکەکانی یەکسانی جێندەر لە وەزارەتەکان، کە هەتا سەرەتای 2020 لە نۆ وەزارەت پێکهاتبوون و کار دەکرا بۆ پێکهێنانی لە وەزارەت و دەستە و پارێزگاکاندا.
پێم وایە بەو پلان و بەرنامانە، مەسەلەی ئافرەت لە کوردستان پێی نایە قۆناغی بەدامەزراوەییکردنی پرسی ژنان، کە ببێتە یەکێک لە ئەرکەکانی حکومەت بە هەماهەنگی و شەراکەتی پتەو لەگەڵ رێکخراوە جەماوەری و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکا و کۆمەڵە مەدەنییەکانی دیکە، سەرەڕای هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوی ناحکومیی جیهانی و دەرەوەی کوردستانیش، بەتایبەتی ئاژانسەکانی UN.
لە پاش شاڵاوی دڕندانەی داعش بۆ ناوچەکانی شنگال و دەشتی موسڵ و دەوروبەری کەرکوک و ناوچەکانی دیکە، گەلێک بەرنامە جێبەجێ کران سەبارەت بە ژنان و کچان و منداڵانی ژێردەستی داعش و هەوڵ درا لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و نامە نێردرا بۆ سەرۆک دەوڵەت و شای هەندێک وڵاتان و کەسایەتییە کاریگەرەکانی دونیا و وەڵام لە هەندێکیان وەرگیرایەوە و هەندێک کاری هاوبەش ئەنجام دران، ئەمە سەرەڕای کۆمەکی ئاوارەکان، لەوانە پاش دوو رۆژ لە رزگاربوونی چیای شنگال، کۆمەکمان بردە سەر چیاکە بۆ ئاوارەکان. 
یەکێک لەو هەنگاوانەی کە زۆر بە گرنگی دەزانم، سەنتەرەکانی جێندەرناسییە لە زانکۆکان، واتا؛ زانکۆ بە فەرمی ئەرکی بواری جێندەری خستە پلانەکانییەوە، ئەمەش مانایەکی قووڵ دەبەخشێ کاتێک کە باڵاترین پێگەی زانستیی لە وڵاتدا مەسەلەی جێندەر بکاتە خەمی خۆی. (هەرچەندە بەداخەوە بە هۆی بارودۆخەکەوە ئەو بەرنامانە تەگەرەیان تێکەوت، بەڵام گرنگ ئەوەیە بناغەکەی هەیە و دەکرێت پەرەیان پێ بدرێت و کاریگەرییان لە ئایندەدا روونتر دەرکەوێت).
ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان توانی (هەرچەندە زۆر بە سەختی) تۆڕبەندییەکی پتەو لە نێوان بەشێکی زۆر لە رێکخراوە مەدەنییەکان و کەسایەتییەکان و حکومەتدا بهێنێتەدی بەهیوای ئەوەی کە لە دواڕۆژدا شەراکەت و هەماهەنگیی پتەوتر بێت.
دیارە ئەنجامدانی کارەکان کە لێرەدا بە چەند ساتێک قسەکردن دەیخەمەڕوو، لە پراکتیکدا کات و سەرقاڵی و ماندووبوونی جەستەیی و فکری و دەروونیی زۆری تێچووە، بەتایبەتی لە نەبوونی بودجە و توانای دارایی و هەلومەرجی گونجاو بۆ کارکردن. زۆرکات رۆژانە 8 – 10 کاژێر پێکەوە کارمان کردووە. گەلێک جار بۆ بەدەستهێنانی هاوکارییەک لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چەندین کاژێر لە گفتوگۆ و دانوستاندا بووین، سەرەڕای هەوڵی بەغدا بۆ سنووردانان بۆ هەندێک لە کارەکان، بەتایبەتی دوای ساڵی 2017، بەڵام لەخۆبووردەیی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەن و ستافی کارگێڕی، فاکتەری گەورە بوون بۆ ئەنجامدانی کارەکان.

تۆ کە لە سەرجەم بوارەکانی؛ حیزبایەتی و رێکخراوەیی و پەرلەمانی و حکومیدا کارت کردووە، بەدڵنیاییەوە شارەزای ئەو کۆسپ تەگەرانەی کە دێنە بەردەم ژنان لە کاری گشتیدا، رێنماییت چییە بۆ خانمان لەم رووەوە؟
دیارە ئافرەت بە درێژایی تەمەنی لە ژیانی ئاساییشدا رووبەڕووی گەلێک (تەحەدی) دەبێتەوە، بنەمای ئەو رووبەڕووبوونەوەیە؛ ئەو جیاکارییەیە کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لەسەر داڕێژراوە. پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو، نابەرابەریی لە نێوان مافە سەرەتاییەکانیاندا، کە ژنی لە پلەیەکی نزمتر قەتیس کردووە، ئەمەش لە گشت بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگا بە زەقیی رەنگیداوەتەوە و بە یاساش رەوایەتیی پێدراوە، بۆیە کاتێک کە ئافرەت دەچێتە بواری گشتییەوە، رووبەڕووی گەلێک کۆسپ و تەگەرە دەبێتەوە، زۆربەی جار لە پەراوێز دادەنرێت و کاری خزمەتگوزاریی پێدەسپێردرێت، هەمیشە لەو پێگانە دووردەخرێتەوە کە ناوەندی بڕیاردانن. ئەگەر تەماشای کۆمەڵگای خۆمان بکەین؛ گەلێک ئافرەتی بەتوانا دەبینین کە وزە و تواناکانیان پەکخراوە، بەمەش زەرەرمەندی یەکەم کۆمەڵگاکەیە.
هەر لەسەر ئەو بنەما جیاکارییە، دەرفەت زۆر کەمە لەبەردەم ژناندا بۆ خۆپێگەیاندن و خۆسەلماندن. لە هەر تەنگژەیەک کە کۆمەڵگا تێی بکەوێت، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژن و پێگە و مافەکانی دەکات بەر لە گشت لایەک، بەم پێیەش؛ دامەزراوە و بەڵگەنامەکانی تایبەت بە کاروباری ئافرەت، ئەو بایەخەی کە پێویستە پێیان نادرێت و بگرە هەندێک جار هەوڵ دەدرێت وەک رووکەش هەبێت!
لێرەدا پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەم کە پێویستە ئافرەت زۆر خۆی ماندوو بکات و گەنجینەی زانیارییەکانی زۆر پڕ بێت بۆ بەرگریی لە پرۆژە و دیدەکانی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی، لە بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و بەدیهێنانی یەکسانیی لە ماف و پێگەی ژن و پیاودا، کە لە کۆتاییدا لە بەرژەوەندیی ژنان و گشت و کۆمەڵگایە.
بە حوکمی ئاستەنگی و کەمیی دەرفەتەکان کە بۆیان رەخساوە، زۆر جار بەداخەوە خودی ژنان زیان لە هەوڵەکانی چارەسەری کێشەکەیان دەدەن، وەک پێویست پشتی یەکتری ناگرن. مەبەستم ئەوە نییە چاپۆشیی بکەن یان هەوڵ و ئامانجی تاکەکەسیی خۆیان فەرامۆش بکەن، بەڵام دەکرێت بە شێوازێکی دیکە بێت، گەلێک نموونەم لایە و لە یادەوەریمدایە لەو بوارەدا.
حیزبایەتی، باڵاترین شێوازی خەباتی ژنانە، لە کۆمەڵگای ئێمە گەلێک جار ململانێی نادروست لە نێوان حیزبەکان بەرپا دەبێت و ژنان دەبنە قوربانیی یەکەم و زۆر جار دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەی ژنان لە کاری حیزبی و بگرە کاری سیاسیی بە گشتی. لە سەردەمی رژێمە دیکتاتۆرییەکاندا، کاری سیاسی و حیزبی گەلێک مەترسیدار بوو، بۆیە ژنان کەمتر دەچوونە ئەو بوارە و خێزانەکانیش رێگەیان نەدەدا کچان و ژنانیان راستەوخۆ لە بواری سیاسیی کار بکەن.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لەسەر ئاستی دەوڵەتەکانیش، گەلێک رێوشوێن و بەڵگەنامە سەبارەت بە باشترکردنی بارودۆخی ئافرەتان هەیە. لە کوردستانیش گەلێک یاسای باش و ستراتیژی و پلانی پێشکەوتوو هەیە، بەڵام گشت ئەمانە لە جێبەجێکردن و پیادەکردندا گەلێک بە زەحمەت بەڕێوەدەچن. سەرەڕای ئەوەش لە کوردستان بۆ نموونە؛ دەرچوونی یاسا لە بەرژەوەندیی مافەکانی ژنان کاری زۆر سەخت و شەونخوونیی زۆری دەوێت، سەرباری توانج و پلار و تەنانەت هەندێک جار هەڕەشە لەو ژنانەی کە کاریگەرییان هەیە (بۆ نموونە؛ دەرچوونی یاسای هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی/ لە خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان)، داڕشتنی هەر سیاسەت و ستراتیژێک لە بواری بارودۆخی ژناندا، دەیان تەگەرە و کۆسپ دێتە پێشی، بەتایبەتی لە بواری داراییدا، وەک ئەوە وایە کە هەندێک لەو ناوەندانەی بڕیاربەدەستن، خەرجکردنی هەر بڕە بودجەیەک لەو بوارەدا بە زیاد بزانن.
گشت ئەم عەقڵیەت و دید و بۆچوونانەی تەگەرە دەخەنە رێی ئافرەت لە بواری کاری گشتیدا؛ لە منداڵییەوە بە شێوازی جۆراوجۆر رووبەڕووم بووەتەوە، لە کاری حیزبی، لە کاری پەرلەمانی، لە کاری حکومی، وەک زۆربەی ئەو ژنانەی لەم بوارانەدا کاریان کردووە. لە ئەزموونی پێشمەرگایەتیدا، سەختییەکان گەلێک زۆر بوون، گشت ئەمانە لە هەلومەرجێکی گەلێک نائاسایی ژیاندا، هێندەی دی باری ژنان قورستر دەکەن.

لە کۆتاییدا سوپاست دەکەم بۆ ئەم چاوپێکەوتنە و بفەرموو دواوتەت؟
لەکۆتاییدا دەڵێم؛ بە هاوکاریی ژنان و پیاوانی هۆشیار و مرۆڤدۆست، لە سەردەم و قۆناغەکانی ژیانمدا و بە دڵگەرمی و قەناعەتی قووڵم بەو کارانەی کە کردوومە و کە هەرگیز بێ کەموکوڕیی نەبوون، دەڵێم؛ بەو هاوکارییانە توانیومە بەرگە بگرم. هەمیشە پێزانینم هەیە بۆیان.
زۆر سوپاسی ئێوەش دەکەم بۆ ئەم چاوپێکەوتنە کە گەلێک هەست و نەستی خۆش و سەربڵندیی لەلا وروژاندم و ئازارە کۆن و نوێیەکانیشمی هێنایەوە پێش چاوم. هیوادارم بە هاوکاریی کەسانی خاوەن فکر و دیدگا و پرۆژەی مرۆڤانە، ئەوەندەی لە تەمەنم ماوە بەردەوام بم.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن


News

ئیتر براکان دەستی یەکتر ناگرن

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە