کوردستانی
وەزارەتی ناوخۆ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێکدا وردەكاریی هاتنی دالیا موسلیم بۆ هەرێمی كوردستان و بە قاچاخ رۆیشتنی بۆ توركیا و گەیشتنی بە خانەوادەی سەلامی رەمەزان محەمەد (سەلامی یەڵماز) بڵاودەكاتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێکدا وردەكاریی هاتنی دالیا موسلیم بۆ هەرێمی كوردستان و بە قاچاخ رۆیشتنی بۆ توركیا و گەیشتنی بە خانەوادەی سەلامی رەمەزان محەمەد (سەلامی یەڵماز) بڵاودەكاتەوە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە "دوای بەدواداچوونی دامودەزگا ئەمنییەکان لە سەر چۆنێتی ڕۆیشتنی دالیا مەحمود موسلیم بۆ تورکیا ، توانرا لە ڕێگەی کەفیلی ناوبراو لە هەرێمی کوردستان بە ناوی بەیار ئەحمەد سەعید کە بازرگانێکی دانیشتووی دهۆکە، زانیاریی زیاتر بەدەستبخەین و ڕاستییەکانی پەڕینەوەی دالیا مەحمود موسلیم بۆ ناو خاکی تورکیا بخەینەڕوو".
ئاماژە بەوەشکراوە "بەیار ئەحمەد سەعید، کە دانیشتووی شاری دهۆكە و كاری بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دەكات، چۆنیەتی گەڕانەوەی سەلامی یەڵماز و دواتر بە قاچاخ ڕۆیشتنی دالیا مەحمود موسلیم بۆ توركیا باس دەكات، بەیار، نزیكایەتی و پەیوەندی لەگەڵ ماڵباتی سەلامی یەڵماز هەبووە، لەكاتی هاتنی دالیا موسلیم بۆ هەرێمی كوردستان، بەیار لەسەر داوای ماڵباتی سەلامی یەڵماز دەبێتە كەفیلی و لەگەڵ سەلامی یەڵماز، لە ماڵەكەی خۆی دەیانحەوێنێتەوە".
باس لەوەشکراوە "دوای گەڕانەوەی سەلامی یەڵماز بۆ توركیا، دالیا لە ماڵی بەیار دەمێنێتەوە و دواتر لە سەر داوای ماڵباتی سەلامی یەڵماز بە رێگەی قاچاخ دەینێرێتە توركیا. بەیار، دالیا دەداتە دەست ئەو قاچاخچییەی كە ماڵباتی سەلامی یەڵماز بۆیان دەستنیشان كردووە و لەگەڵی رێككەوتوون".
ئەوەش هاتووە "دوای گەیشتنی دالیا بە ماڵباتی سەلامی یەڵماز، وەك لە وێنەكان دەردەكەوێت، پەیوەندی بەیار لەگەڵ ئەوان بەردەوام دەبێ و ماڵباتی سەلامی بە (بەیار)یان راگەیاندووە کە سەلام و دالیا بە سەلامەتی بەیەکەوە گەیشتن و خۆیان ڕادەستی پۆلیسی شاری مێرسینی توركیا كردووەتەوە و دەشیانەوێت دوای خۆناساندن بە پۆلیس ژیانی هاوسەرگیری پێكبهێنن و بەیەکەوە بژین".
لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە "وەک لە پەیوەندییە ڤیدیۆکەشدا دیارە ، سەلامی یەڵماز بە ئاشکرا بە بەیار ئەحمەد ڕادەگەیەنێت کە دالیا لە ڕێگەی قاچاخ دەرباز بووە و و هاتووەتە لای پیاوەکەی و پەیوەندیی بە هیچ کەسەوە نییە و خۆی رادەستی پۆلیسی تورکیا کردووە لە مێرسین و تەنیا خۆی و دالیا ئەو کارەیان ئەنجام داوە".
ئەوەشخراوەتەڕوو "بەداخەوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا خەڵکانێک ویستیان ڕاستییەکان بشێوێنن و بازرگانی بەم بابەتەوە بکەن . ئێمە لە کاتێکدا ئەو زانیارییانە دەیخەینەڕوو ، دووبارە ئامادەیی خۆمان بۆ هەر لێکۆڵینەوەیەکی زیاتر لەمبارەیەوە دەردەبڕین. هیوادارین چیتر ئەم بابەتە بۆ مەرامی سیاسی بەکارنەهێنرێت و واز لە ژیانی کۆمەڵایەتی و تایبەتی دالیا مەحمود و سەلامی یەڵماز بهێنرێت".
س.س
س.س