کوردستانی

پارتی: دۆخی كەركوك بەو شێوەیە بێت بەشداری هەڵبژاردن ناكەین

مەودا میدیا - سلێمانی |


پارتی: دۆخی كەركوك بەو شێوەیە بێت بەشداری هەڵبژاردن ناكەین
مەودا میدیا-

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركوك و گەرمیان رایدەگەیەنێت، تا ئەو كاتەی دڵنیا نەبینەوە لە باشبوونی دۆخی كەركوك و لابردنی دەسەڵاتی سەربازی و ئازدی بۆ كوردی دەنگدەر لە ناوچەكە، بڕیاری بەشداریكردنی پارتی بۆ هەڵبژاردنەكان لە كەركوك نادەین و هەڵوێستی خۆمان لە كاتی خۆی دەخەینەڕوو.

عەدنان كەركوكی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی بە مەودا میدیای راگەیاند "تا ئێستا لە عیراق وادەی هەڵبژاردنەكان دیارینەكراوە، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزبێكی سیاسی كە مۆڵەتی هەیە، بەشداری هەموو هەڵبژاردنەكان دەكات، بەڵام میكانیزم و شێوازی بەشداریكردن دەكەوێتە سەر ئەو كاتەی كە بڕیاری هەڵبژاردن دەدرێت".

ئەوەشی خستەڕوو " پارتی و لایەنەكانی تر بە تایبەت لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان شێوازی بەشداریكردنیان چۆن دەبێت، ئایا بە لیستی هاوبەش یان جیاجیا دەبێت، ئەوكات دەكەوێتە سەر ئەو پەیوەندییانەی كە لە نێوان لایەنە سیاسییەكان و بەرژەوەندی كورد لەو ناوچانە، بە دڵنیاییەوە پارتی ئەو كارە دەكات كە لە بەرژەوەندی كوردی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمە".

هەروەها وتی "پرسی بەشداریكردنی پارتی بۆ هەڵبژاردنەكان لە كەركوك ئەگەر بەو شێوەیەی ئێستا كەركوك دەسەڵاتی سەربازی تێدابێت و كوردەكان ئازاد نەبن بۆ هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران پاكنەكرێنەوە و نەزانین دۆخەكە چۆنه، بڕیار نادەین و لە كاتی خۆیدا هەڵوێست دەخەینەڕوو".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی وتیشی "تا ئێستا رێككەوتن لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان نەكراوە بە تایبەت دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن، ئێستا تەنیا كوتلەی هێز و سائیرون لەگەڵ ئەو یاسایانەی ئێستان بۆ بازنەكان، باقی كوتلەكانی تر بە كوردیشەوە لەگەڵ ئەوەن عیراق بكرێتە 18 بازنە، بازنەكان لەسەر ئەساسی پارێزگا بێت، ئەگەر ئەوە یەكلانەكرێتەوە، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق چەندە بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی پێشەوەختە بدات، ناكرێت".

باسی لەوەشكرد "ئەو لێدوانانەی كە باس لە هەڵبژاردنی پێشەوەخت دەكرێن بۆ رازیكردن شەقام و خۆڵكردنە چاوی هاوڵاتییانە، پێم وایە ئەمسال هیچ، ساڵی 2021 هەڵبژاردنی عیراق ناكرێت و ساڵی 2022 هەڵبژاردن دەكرێت كاتێك ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وادەكەی خۆی تەواو كرد".

ه،ع

Qaiwan
Qaiwan