چاوپێكەوتن

"جگە لە شینگێڕان وەک عاشورا، ئێران هیچی تری پێناکرێت"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"جگە لە شینگێڕان وەک عاشورا، ئێران هیچی تری پێناکرێت"
مەودا میدیا- 

کۆمارى ئیسلامى ئێران هەڕەشەى تۆڵەکردنەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا دەکات لە بەرانبەر کوشتنى قاسم سولەیمانی و توێژەرێکى سیاسى بۆ کاروبارى عیراق لە واشنتۆن دەڵێت ئێران تواناى تۆڵەکردنەوەى نییە و مەگەر هەروەکو عاشورا شین بگێڕێت.
هێرش عەبدولڕەحمان، توێژەرى سیاسى بۆ کاروبارى عیراق لە واشنتۆن لە وەڵامى چەند پرسیارێکى مەودا میدیا دەڵێت "کوشتنی قاسمی سولەیمانی وەک دەرھێنانی دڵی ئێرانە لە عیراقدا".
روونیشیدەکاتەوە "بۆ ئێران مانەوەی گرنگترە لە کاردانەوە، تاران ھەرچی بکات زیانەکەی گەورەترە، جگە لە شینگێڕانێک وەک عاشورا بۆ مردنەکەی ھیچی تری پێ ناکرێت".

سەردەمی دوای قاسم سولەیمانی ناو بنێین چی؟
هێرش عەبدولڕەحمان: تازە ئەو بوو بە مێژوو، کوشتنی قاسمی سولەیمانی وەک دەرھێنانی دڵی ئێرانە لە عیراقدا، کوژرانی ئەو پیاوە کۆتایی بە زۆربەی یاری و پلانەکانی ئێران ھێنا و عیراقیش دەچێتە قۆناغێکی تازە و جیاوازەوە.
بێگومان ھەندێ شتی وردە روودەدات، بەس دواتر بە ئاراستەی باشتربوون، سەختە بۆ ئێرانیش کەسێکی وەک سولەیمانی نییە ئەرکەکەی ئەو بگرێتە دەست و ھەرچی بێت وەک ئەوەی پێ ناکرێت.

ئێران زۆر ھەڕەشە دەکات، ئایا توانای جێبەجێکردنی ئەو ھەڕەشانەی ھەیە؟
هێرش عەبدولڕەحمان: بۆ ئێران مانەوەی گرنگترە لە کاردانەوە، بەرانبەر کوشتنی کەسێکی وەک سولەیمانی. تاران ھەرچی بکات زیانەکەی گەورەترە، جگە لە شینگێڕانێک وەک عاشورا بۆ مردنەکەی ھیچی تری پێ ناکرێت. 
رووبەڕووبونەوەی ئەو دوو ھێزە روونادات، چونکە ترەمپ لە بۆسەدایە و پێویستی بە جوڵەی ئیرانە تا کاردانەوەی ھەبێت، بەس دەکرێت ئێران لەڕیگای ھێزە پرۆکسیەکانییەوە جوڵە بکات، بەڵام ھەرچی بکات ناگاتە تۆڵەی کەسێکی وەک قاسمی سولەیمانی.

ئەنجومەنى نوێنەرانی عیراق پرۆژە یاسایەکى بۆ دەرکردنی ھێزەکانی ئەمەریکا لە عیراق پەسەندکرد، پێتانوایە ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێ، چۆن و بۆچی؟
هێرش عەبدولڕەحمان: کاتێک ئەمریکا باسی پاشەکشە دەکات یان داوای پاشەکشەی لێ دەکرێت پێیەکانی بە میل داکوتاوە لەو شوێنەدا، ئەمریکا 800 بنکەی سەربازی لە جیھاندا هەیە و ساڵانە ملیاران دۆلار تێچووی ئەو بنکانەیە، تەنیا لە عیرقدا 505 بنکەی ھەبوو کاتی خۆی ئێستا کەمی کردووەتەوە بۆ 58 بنکە.
ئەمریکا چووبێتە ھەر وڵاتیک لەڕووی سەربازییەوە کۆتایی بە کارەکانی ھێنابێت لەڕێگای کەناڵی ترەوە چووەتەوە ئەو وڵاتە و چۆڵی نەکردووە بە یەکجاری. لە جەنگی جیهانی دووەمەوە ئەمریکا بنکەی سەربازیی لە ئەڵمانیا و ژاپۆن هەیە، ئەمەریکا بە پرسی کەس نەھاتووە و بە پرسی کەسیش لە عیراق ناڕوات! ئێستا پەنتاگۆن لەڕێگای ماڵپەڕەکانی ھەلی کارەوە بە دوای دەیان وەرگێڕێ سۆرانی و بادینیدا دەگەڕێت بنکەی سەربازی ئەمریکی بە ھەموو پشتێوانیکی زانیاری و سەربازی بە ئاشکرا و نادیار بوونی ھەیە لە عیراقدا ھەیە. بۆیە لە ناوچەکە ناڕوات و دەمێنیتەوە.

نوێنەرانی کوردستان لە کۆبوونەوەکەى ئەنجومەنى نوێنەرانی عیراق بۆ پەسەندکردنى ئەو یاسایە بەشدار نەبوون، ئێران و ئەمەریکا چۆن نرخ دەدەنە ئەو ھەڵوێستە؟ مەترسییەکانی بۆ سەر کوردستان چین؟ کورد ھیچ دەستکەوتی دەبێ؟
هێرش عەبدولڕەحمان: کارێکی باش بوو ئەم جارە خۆیان دوورگرتووە و لایەنگرییان ھەڵنەبژاردووە، ئەم گرژییانە بەردەوام دەبێت وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا
، ناگاتە شەڕی رووبەڕووبوونەوە و کورد بەشێک نییە لە ململانێی نێوان ئێران و ئەمەریکا تا خۆی بۆ یەکیکیان یەکلایی بکاتەوە. ئەمریکاش تێدەگات کەوا کورد سنووری بە ئێرانەوەیە و ناتوانێت بە یەکجاری دۆستایەتی نەکات، بەڵام پێشی ناخۆشە و پێیوایە ھێزە عیراقییەکان بە گشتی و کورد بە تایبەت راستگۆ نین لەگەڵ ئەمریکادا لە بەرانبەر ئەوەی ئەمەریکا بۆ ھەموویانی کردووە. دواجار دەستکەوتی کورد ئەوەیە لەگەڵ ھەردووکیان پەیوەندی باشی ھەبێت.

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن