راپۆرت

خوێندكاران سەریان لێ شێواوە- رەنگە هەڵەكانی تاقیكردنەوەی پۆلی 12 زیاتربن

مەودا میدیا - سلێمانی |


خوێندكاران سەریان لێ شێواوە- رەنگە هەڵەكانی تاقیكردنەوەی پۆلی 12 زیاتربن
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

وەزارەتی پەروەردە دانی بەوەدانا كە لە لە پێنج تاقیكردنەوەی پۆلی 12 ی ئامادەییدا 17 هەڵە هەبووە ، راشیگەیاند كە قەرەبووی خوێندكاران دەكاتەوە، بەڵام ژمارەیەك لە خوێندكاران ناڕەزاییان دەربڕی و دەڵێن بەوهۆیەوە سەریان لێ شێواوە، سەرپەرشتیارێكی پەروەردەییش دەڵێت" رەنگە ئەگەر پێداچوونەوە بكرێت هەڵەكان زیاتر بن".

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم دوای ئەوەی لە چەند پرسیارێكی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12 ی ئامادەیی هەڵە دەكات، بە بڕیارێك قەرەبووی ئەو خوێندكارانە دەكاتەوە و وەڵامی ئەو پرسیارانەی هەڵە بوون بە راست بۆیان هەژمار دەكات.

لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە"بەهۆی ئەو هەڵانەی لە تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەییدا هەبوون، بڕیاردرا نمرەی ئەو پرسیارانە بە خوێندكاران بدرێت و وەڵامەكانیان بە گوێرەی ئەو بژاردانەی دیاریكراون بە راست هەژمار بكرێن.

قەرەبووەكەی وەزارەتی پەروەردە ناڕەزایی دروستكردووە
دوێنێ ژمارەیەك لە خوێندكارانی پۆلی 12 ی ئامادەیی لە سلێمانی، ناڕەزاییان بەرامبەر وەزارەتی پەروەردە نیشاندا، بەهۆی بوونی ئەو هەڵانە لە تاقیكردنەوەكاندا، ئەوان "دەیان وت كە بەهۆی هەڵەكانەوە سەریان لێ شێواوە".

خوێندكارێك بەناوی  شاهان بە مەودا میدیای وت" بەهۆی ئەو هەڵانەی لە تاقیكردنەوەی پۆلی 12 بینیمان متمانەمان بە پرسیارەكان نەماوە، وای لێكردووین گومان لە هەموو پرسیارەكان بكەین، وتیشی قەرەبووكردنەوە هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێ چونكە رەنگە هەڵەی زیاتریش هەبن و خوێندكار وەڵامە راستەكەی دابێتەوە و نمرەی لێ شكێندرا بێت".

"مامۆستا هەیە هەڵەی بۆ وەزارەت راست كردووەتەوە وەزیر سزای داوە"
سەردار محەمەد سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، لە لێدوانێكدا بە مەودا میدیای وت" یەكەمجار نییە هەڵە روودەدات لە پرسیاری تاقیكردنەوەكان، بەڵام چەند ساڵێكە بەوشێوەیە هەڵەی بەرچاو روودەدات، ئاگاشم لێیە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی هەبووە هەڵەی بۆ وەزارەت راست كردووەتەوە، وەزیری پەروەردە سزای داوە".

ئەو سەرپەرشتیارە پەروەردەییە وتیشی" وەزارەتی پەروەردە لەكاتی دانانی پرسیاری تاقیكردنەوەكان كۆمەڵێك پرسیار وەردەگرن بە نمونە، جاری وا هەیە هەڵەكان لە گواستنەوە یاخود تایپكردنی پرسیارەكاندایە، لە هەموو حاڵەتێكدا ئەگەر هەڵە دروست ببێت خوێندكار سەری لێ تێكدەچێت هەرچەندە قەرەبووش بكرێتەوە، بەڵام دەبێتە هۆی بێ متمانەبوون بە پرۆسەكە".

سەردار محەمەد دەشڵێت" دەبێت لیژنەیەكی تایبەت هەڵبستێت بەدواداچوون بۆ مەسەلەی هەڵەی تاقیكردنەوەكان بكات، خوێندكاریش هەیە بە توانایە لە دۆزینەوەی هەڵەو كەموكوڕیەكاندا، بەڵام بەرپرسیاریەتی لەسەر ئەو كەسانەیە كە پرسیارەكان دادەنێن، هەرچەندە ئەگەر وەزارەت دانی بە هەڵەكەدا نا مانای وایە لیژنەی لێكۆڵینەوەی پێكهێناوە بۆ كەموڕییەكان".

رەنگە هەڵەكان زیاتر بن
ئەو سەرپەرشتیارە پەروەردەییە ئاماژە بەوەشدەكات" ئەگەر پێداچوونەوە بكرێت بۆ تاقیكردنەوەكانی ئەمساڵ رەنگە هەڵەی زیاتریشی تێدا بێت لەوەی پێی زانراوە".

وەزارەت لەوبارەیەوە چی دەڵێت؟
رێكان كەمال وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە لەوبارەیەوە لە لێدوانێكدا بە مەودای راگەیاند" ئەو هەڵانەی هەبووە چارەسەرمان كردووە و بڵاومان كردووەتەوە، لەوەندەی رامانگەیاندووە هەبووە هەڵەكان زیاتر نەبووە، ئێمە لیژنەی ئەزمونەكانمان هەیە وەك وەزارەت بەدواداچوونیان كردووە ئەگەر مافی هەر خوێندكارێكیش لەلای وەزارەتی پەروەردە هەبێت دەیان دەینەوە".

Qaiwan
Qaiwan