کوردستانی

کەسوکاری محەمەد لە چاوەڕوانیدان بۆ دۆزینەوەی تەرمی کوڕەکەیان

مەودا میدیا - سلێمانی |


کەسوکاری محەمەد لە چاوەڕوانیدان بۆ دۆزینەوەی تەرمی کوڕەکەیان
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ماوەی سێ رۆژە محەمەد جەلالی تەمەن 20 ساڵان کە دانیشتووی قەزای کەلارە لە رووباری سیرواندا خنکاوە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە هەرچەندە تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەرمیان بەردەوامن لە گەڕان بە دوایدا.

عەمید مفید عەلی شکور، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی گەرمیان بۆ مەودا میدیا وتی "هەرچەندە ماوەی سێ رۆژە بەدوای تەرمی ئەو گەنجەدا دەگەڕێین، بەڵام تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "تیمەکانمان کردووەتە سێ بەش لە کاتژمێر 7ی بەیانی تاوەکو 5 ئێوارە بەدوای تەرمی ئەو گەنجە دەگەڕێن، هەروەها ئەمڕۆش بە بڕیاری بریکاری وەزارەتی ناوخۆ تیمی فڕۆکەوانی سلێمانی هاتە گەرمیان بەمەبەستی دۆزینەوەی تەرمی ئەو گەنجە، بەڵام وەک دەزانرێت رووباری سیروان زۆر گەورەیە، بۆیە دۆزینەوەی تەرمەکە کارێکی ئاسان نییە".

عەمید مفید وتی "بەهەمان شێوەی ئەم سێ رۆژە سبەی لە کاتژمێر 7 سەر لە بەیانییەوە دەست دەکەین بە گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو گەنجە".

جێگای ئاماژەیە، ئێوارەی رۆژی هەینی محەمەد جەلال کە تەمەنی 20 ساڵە لەکاتی مەلەکردندا لە رووباری سیروان خنکا، بەڵام تاوەکو ئێستا نەتوانراوە تەرمەکەی بدۆزرێتەوە.

س.س
Qaiwan
Qaiwan