عه‌بدوڵڵای  حه‌سه‌ن زاده

عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌ن زاده

کەلێنێکی گەورە

چوارەمین ڕۆژی کۆستی گەورەی حیزبی دێموکڕاتە، چوار ڕۆژە گەورە خەباتگێڕی کورد جەلیلی گادانی بە دنیایەک تاسە و ئاواتەوە سەری ناوەتەوە و پاشماوەی ئەرکەکانی بەهاوڕێیانی سپاردوە. ناڵێم هێشتا باوەڕم نەکردوە، چونکی ڕاستی هەرچەندیش تاڵ بێ هیچی دەگەڵ ناکرێ و دەبێ قبووڵی بکەین. بەڵام بەڕاستی هێشتا ژانی ئەو زەبرە بەسامە کە لە کۆشکی ئاواتەکانم دراوە بەری نەداوم. دەمەوێ بەشێک -هەرنەبێ بەشێک- لە غەمەکانم دەربڕم، کەچی ئەو مۆتە سامناکە بەرم نادا. مردنی کاک جەلیل یان بە قەولی هاوڕێ گەنجەکان «مامە گیان» بۆ هەموو ئەوانەی لە دوورونیزیک ناسیویانە خەسارێکی گەورەیە. ئەو، کە لە بەرەبەری جێژنی ٧٥ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان‌دا بەجێی هێشتین تەمەنی خەبات و تێکۆشانی - نەک تەمەنی ئەندامەتی- ڕاست بەقەد تەمەنی حیزبەکەی بوو. ڕۆژنامەی «کوردستان»ی سەردەمی کۆماری کوردستان بەڵگەی ڕاستی و دروستیی ئەم قسەیەمانە. کەوایە سەیر نیە هەموو دڵسۆزانی کورد و بەتایبەتی هاوحیزبییەکانی بۆی بەپەرۆش بن.

بەڵام بۆ من و کەسانی وەک من کە دەیان ساڵ لە نیزیکەوە هاوکاری بووین، دەیان بیرەوەریی خۆش و ناخۆشمان دەگەڵی هەیە و سەدان ڕووداوی تاڵ و شیرینمان پێکەوە تێپەڕاندوە، خەساری لەدەستچوونی ئەو تێکۆشەرە مانایەکی قووڵتری هەیە. باسی خەسڵەتە شۆرشگێڕانە و ئینسانی و کۆمەڵایەتییەکانی کاک جەلیل لە وتارێک و دوو وتاردا جێی نابێتەوە. ڕابردووی خەبات و تێکۆشانیشی لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە تا دواهەناسەی ژیانی هەرچەند هەقی خۆی نەدراوەتێ و زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێ، بەڵام هەر ئەم ڕۆژانە زۆری لەسەر نووسراوە و گوتراوە.  بۆیە لێرەدا تەنیا لە دوو لایەنی ژیانی حیزبی و کۆمەڵایەتیی ئەو سەرمایە لەدەستچووەمان دەدوێم:

یەکەم، شێلگیری و پشوودرێژی و مکوڕی لەسەر بەڕێوەبردنی هەرچی زووتر و چاکتری کاروباری حیزبی -جا لە هەر بوارێک‌دا- لە تایبەتمەندییە هەرە بەرچاوەکانی کاک جەلیل بوو کە بەڕاستی شیاوی ئەوەیە هەموو تێکۆشەرانی حیزبی دێموکڕات دەرسی لێ‌وەربگرن و لێیەوە فێر بن. ئەو نەک هەر بۆخۆی نەی‌دەزانی و نەی‌دەتوانی چووکترین دەرفەتەکان بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبار بەفیڕۆ بدا، بەڵکوو لە هاوڕێ و هاوکارەکانییشی قبووڵ نەدەکرد کات بە فیڕۆ بدەن و کارەکان وەدرەنگ بخەن. شاهیدم زۆرن کە دەگەڵ ئەو هەموو ڕێز و خۆشەویستییەی لەلای هەموو تێکۆشەرانی حیزب هەیبوو، زۆرجار کادرەکان بۆیان ئاسان نەبوو کاری دەگەڵ بکەن چونکە بەپانەوە دەیانگوت دەگەڵی دەرنابەین. ئەمن بێجگە لە هاوڕێیەتیمان لە دەفتەری سیاسی، دەوری ساڵێکیش لە دەفتەری سیاسیی ژمارە ١ لە ناوەندی کوردستان لە خزمەتی‌دا بووم و بەخۆشییەوە نەشم‌هێشتوە گلەییم بێتەوە سەر، بەڵام هەقە پێی لێ‌بنێم کە دوو جارم بەبیر دێن بۆخۆشم لەبەری بەزیوم:

1- ساڵی 1358 لە ماوەی سێ مانگ‌دا دوو جار بۆ چارەسەری هێندێ گیروگرفتی نێو کۆمیتەی شاستانی بۆکان لەلایەن دەفتەری سیاسییەوە چووینە بۆکان و چونکە ڕۆژانە هاتوچۆکەر زۆر بوون کارەکەمان دەخستە دوای شێوخواردن. هەردوو جارەکە سەعات 4ی بەیانی دەبەزیم و دەمگوت کاک جەلیل ئیزن دەخوازم بڕۆم. ئەمن دەڕۆیشتم و ئەو درێژەی بە کۆبوونەوەکە دەدا کە نازانم بۆ سەعات چەند تەواو دەبوو. با ئەوەش بڵێم کە ئەوکاتە -دوور لە ئێستا- گوڕوتینێکیشم لەبەردا بوو.

2- ساڵی 1362 لە دەفتەری سیاسیی ژمارە ١ لە ناوچەی مەنگوڕی مەهابادەوە بە پێیان دەچووینە دەفتەری سیاسیی ژمارە 2 لە ناوچەی ئالانی سەردەشت. چونکە ناوچەی نەڵێن بە بنکە و پێگەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم تەنرابوو ناچار بووین لە چیای «پانەسەر و دووسەر»ەوە هەتا پشتی گوندی «ئەحمەدبریو» کە لە دەست پێشمەرگەدا بوو، بە شەو بڕۆین. مەودایەکە بەکەمەوە سێ بۆ چوار سەعاتە ڕێیە و لە جادەی پیرانشار-سەردەشتیشەوە تا پشتی گوندی «ئەحمەدبریو» هەورازێکی کووڕە بە ناوی «هەوارسوێسن». هاوین و گەرما و ڕێگاش کە «کاروانەڕێ» بوو هەتا گوێزینگی بنیادەم تۆزوخۆڵ بوو و ئاویش بۆ خواردنەوە نەبوو، پرزەم لێ‌بڕابوو، چەندجار داوام کرد چەند دەقیقەیەک دانیشین. بە عادەتی خۆی هەر دەیگوت نا کاکە، ورە بەرمەدە هێندەمان نەماوە. ئاخرەکەی گوتم ئەرێ کاک جەلیل منت هەر بۆ ئەم سەفەرە دەوێ یان پێت وایە بۆ وەختی دیکەش بەکەلک دێم؟ دیسان سوودی نەبوو، هەتا خواوڕاستان لە پێگەی «شێلمان» ڕا «نورافگن»ێکان هەڵدا کە دنیای کردە ڕۆژی ڕووناک و کاک جەلیل لەبەر باری ئەمنیەتی دووسێ دەقیقە دانیشت. ماڵیان -لەقەدەر ئەوەندە- ئاوەدان بێ، هەر هەستاین بڕۆین وەڕێ کەوینەوە دیکەشیان دەحەوا کرد و بە هەمووی شه‌ش حه‌وت دەقیقە دانیشتین و هەناسەیەکم هاتەوە بەر.

دووەم لایەن، پتر باری ئینسانی و دەهەندەیی و کۆمەڵایەتیی هەیە. وا دیار بوو بەتەنیا نانی بە گیانی ناکەوێ. هەمیشە میوانی هەبوو، نەک هەر ئەوانە کە سەریان دەدا. بەڵکوو -بەموناسەبەت و بێ‌موناسەبەت- خەڵکی بانگهێشتن دەکرد، زۆرجار لە جێژنەکان‌دا ژمارەیەکی زۆر لە کادر و پێشمەرگەکانی بانگهێشتن دەکرد. بە کورتی لە غەمی هەمووان‌دا بوو،و ماڵەکەی «پەنای بێ-پەنایان» و «ئەنوای بێ‌ئەنوایان» بوو.

زۆر جارم گوتوە کەلێنی کەسمان پڕ نابێتەوە، چونکە خەباتەکەمان پێویستیی بە هەوڵ و هیممەتی هەمووانە، بەڵام بەڕاستی کاک جەلیل کەلێنێکی گەورەی بەجێ هێشتوە کە پڕکردنەوەی زۆری دەوێ.
لە پەسنی ئەو پیاوەدا چەندی بگوترێ تەواو نابێ. بۆیە بۆ ئەمجارە بەوەندە واز دێنم و ئاواتەخوازم کۆڕۆنای نەفرەتی، بە زوویی جارەسەری بنەڕەتیی بۆ پەیدا بێ  و موخلیسانی ئەو گەورەپیاوە بتوانن ڕێوڕەسمێکی شیاوی بۆ پێک بێنن تا لەوێ‌دا زۆرتر یادی سەروەرییەکانی بکرێتەوە چونکە بەڕاستی زۆر بە غەریبی و بێ‌نازی بەڕێ کرا کە ئەمە غەمی هەموو هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانیەتی. ڕووحی شاد و یادی پایەدار.

وتارەکانی تری نووسەر

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan