عه‌بدوڵڵای  حه‌سه‌ن زاده

عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌ن زاده

دەرسەکانی شەوی یەڵدا و 17ی خەرمانان

لە دوو کردەوەی جینایەتکارانە و تێرۆریستی‌دا کە شەوی یەڵدا، 30ی سەرماوەزی ساڵی 1395 و 17ی خەرمانانی ساڵی 1397ی هەتاوی (20ی دیسامبری 2016 و 8ی سێپتامبری 2018ی زایینی) کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دژی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نیزیک شارۆچکەی «کۆیە» بەڕێوەی بردن، 19 تێکۆشەری دێموکرات و دوو خەباتگێڕی ئاسایشی هەرێمی کوردستان شەهید و بەدەیان کەسی دیکەش -لەنێویاندا ژن و منداڵ- بریندار بوون. کارەساتەکان ئەوەندە گەورە بوون و خەسارەکە هێندە دڵتەزێن بوو کە ئێستاش هەموو ساڵێ و هەموو مانگێک و تەنانەت هەموو ڕۆژێ یاد دەکرێنەوە و تا ئێستا بە دەیان و سەدان و بگرە هەزاران پەیام و وتار و شێعر و پەخشانی حەماسی¬یان لەسەر نووسراوە. هێشتا کانیاوی پڕئاوی فرمێسکی ئازیزانی شەهیدەکان وشکی نەکردوە و جێگای ئەو سەرمایە بەنرخانەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان پڕ نەبۆتەوە و کەلێنیان لە نێو ڕیزەکانی بزووتنەوەدا هەر دیارە و هەتا دنیاش دنیایە هەر دیار دەبێ.

رەنگە بۆ هەمووان و بەتایبەتی بۆ کەسانێک کە لەنیزیکەوە من دەناسن جێی پرسیار بێ کە چۆنە ئەو ماوە دوورودرێژە بەرانبەر بەو دوو کارەساتە جەرگبڕە بێدەنگ بووم و متەقم لەبەر بڕاوە. بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، -بێ ئەوەی بمەوێ بێدەنگییەکەم پاساو بدەم- پێ لەو ڕاستییە دەنێم کە گێڕانەوەی هەر دوو رووداوەکە و بەتایبەتی کارەساتی 17ی خەرمانان لە توانای قەڵەم و دەربڕینی من بەدەر بووە و چەند جار کە ویستوومە باسیان بکەم نەمزانیوە چۆن و لە کوێوە دەست پێ ‌بکەم و بەناچاری وازم هێناوە و قەڵەمم داناوە. «یا سخن دانستە گو ای مرد عاقل یا خموش».

ئەوەی لەو چەند ساڵەدا لەسەر ئەو دوو رووداوە نووسراوە، ئەگەریش بایی خوێنی بەناهەق‌ رژاوی تاقە یەکێک لەو شەهیدانەش نەبێ -کە نیە-، بەڵام هەم قووڵایی کارەساتەکە و هەم رادەی وەحشیگەریی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و هەم لەوانەش زیاتر هەستی برینداری رێبوارانی ڕێگای رزگاری و بەگشتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی بەڕادەی پێویست نیشان داوە و شتێکی بۆ من کە هەر لە سەرەتاوەش تاقەتم پێی نەشکاوە، نەهێشتووەتەوە. بۆیە بە ئیزن وەرگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ئەو دوو کارەساتە و دەگەڵ داوای لێبووردن لە هاوسەنگەرە خەباتگێڕەکانیان کە بە لێوەشاوەیی ئەرکەکانی ئەو شەهیدانەیان خستووەتە سەر شانیان و ئاڵاکەیانیان بە شەکاوەیی راگرتوە، دەمەوێ لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە لەو بیرەوەرییە تاڵە بدوێم.

دەربڕینی داخ‌وکەسەر و رێز و وەفا بۆ شەهیدان و نیشاندانی سامناکیی کارەساتەکان و دەرخستنی روخساری دزێوی کۆماری ئیسلامی نەک هەر بەجێیە، بەڵکوو پێویست و پیرۆزیشە، بەڵام گرنگتر لەوانە خەسارناسی و پەندوەرگرتن لە دەرسەکانی ئەو جۆرە رووداوانەیە، چونکە ئەمەیە کە ئەزموونمان دەداتێ و کۆمەگ دەکا کە لە درێژەی خەباتەکەمان‌دا تێبکۆشین چەندی بکرێ وشیاری پیلانەکانی دوژمن بین و رێ لە دووپاتەبوونەوەی ئەو جۆرە کارەساتانە بگرین.

بەڕاشکاوی دەبێ بڵێین لە هەردووکی ئەو رووداوانەدا کەمتەرخەمیی خۆمان نەخشی گەورەی لە سەرگرتنی پلانی دژی ئینسانیی پیاوکوژانی کۆماری ئیسلامیدا هەبووە. شتێکی زۆر سروشتییە دەوڵەتێکی دژی کوردی پیلانی زەبروەشاندن لە هەموو هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە پتر لە چل ساڵە بووەتە چەقڵی چاوی و بەهاوکاریی هەموو هێزە کوردستانییەکان و بەگشتی کۆمەڵانی خەباتگێڕی گەلی کورد نەیهێشتوە دەسەڵاتی دژی گەلیی ئەو رێژیمە لە کوردستان هەناسەی رەحەت هەڵکێشێ، دابڕێژێ. لەڕاستیدا ئەگەر وا نەبێ جێی سەرسوڕمانە، بەڵام ئێمە بۆ دەبێ دوژمن بەکەم بگرین و بەرانبەر بە نەخشە و پیلانەکانی خەمسارد بین؟

جارێکی دیکەشم ئەو رستەیەی گەورەپیاوێکی دنیای سیاسەت هێناوەتەوە کە دەڵێ «ئەوەندە رەخنە لە خۆتان بگرن کە دوژمن لە خۆشییان بکەوێتە سەما.» چ نەهامەتییەکی گەورەیە کە بەڕێوەبەری تەقینەوەکەی شەوی یەڵدای ١٣٩٥ بۆمبەکەی دەگەڵ خۆی هێنابوو، له شوێنی به‌رنامه‌بۆداڕێژراوی دانابوو و بۆخۆی بە خەیاڵی ئاسوودە پاڵ بە پاڵی تێکۆشەرانی حیزب تا تەواوبوونی ڕێوڕەسمی یادی لەدایکبوونی دوکتۆر قاسملوو دانیشتبوو، بێ ئەوەی کەسێک لێی بپرسێ چیت پێیە، چونکە بە گیانی ناخێری لایه‌نگری خۆمان بوو. ئەوەش لە حاڵێکدا ماوەیەکی زۆر پێش ئەوە لەنێوخۆی وڵاتەوە هۆشدار درابوو کە کەسێکی «لەوحاڵەولەوڕەنگە» که لە فڵانه شوێن دادەنیشێ، بۆتە پیاوی ئیتتیلاعات و پیلانی بەدەستەوەیە. سەیر ئەوەیە ئەو تێڕۆریستە پاش تەقاندنەوەی بۆمبەکەش بە ماشێنی خۆی برینداری بردبوونە نەخۆشخانە و دوایە به‌حورمه‌ته‌وه ماڵئاوایی خواستبوو و کەس نەیگوتبوو بۆ بەو شەوە دەڕۆیەوە. سەیرتر ئەوەیە کابرا بە خۆی و ماشێنێکی ونجڕونجڕەوە بە بەردەم چەند پرسگەی ئاسایش‌دا تێپەڕیبوو کە زۆریشیان خەبەری تەقینەوەکەیان بیستبوو، کە‌چی لێی وه‌شک نه‌که‌وتبوون و رایان‌نه‌گرتبوو تا ڕوون دەبێتەوە ڕووداوەکە چۆن‌چۆنی بووە.

دەبێ قبووڵ بکەین کە ئه‌گه‌ر له 17ی خه‌رمانانیشدا کۆماری ئیسلامی توانی ئه‌و زه‌بره گه‌وره‌یه‌مان لێ بوه‌شێنێ، که‌مته‌رخه‌می و بێ‌موبالاتیی خۆمانیشی تێدا بوو. نیزیک بە ده ساڵ دەبوو کە هەموو کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی ناوەندی لەو ساڵۆنە و لە هه‌مان رۆژانی هه‌فته‌دا‌ پێک‌دەهاتن. ئەو پلینۆمەش کە 17ی خەرمانانی 1397 کەوتە بەر پەلاماری مووشەکیی کۆماری ئیسلامی، مانگێک زیاتر بوو بڕیاری بۆ درابوو کە لەو ڕۆژەدا بگیرێ. بەداخەوە نەک هەر ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بەڵکوو خەڵکێکی زۆری دیکەش لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان دەیانزانی کە ئەو ڕۆژە پلینۆمە. له‌ حاڵه‌تێکی وادا شتێکی چاوه‌ڕوانکراوه که بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی ئەو کەلێنە بقۆزنەوە و بۆ ئافەرینێک و پارووەنانێکی سەرشۆڕانە ڕاپۆرت بدەنەوە و لە ئاکام‌دا زەبرێکی هێندە بەژان وەپەیکەری حیزبی دێموکڕات و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان بکەوێ.

بیرەوەرییەکی تاڵی من لەو ڕووداوە کە قەتم لەبیر ناچێتەوە ئەوەیە کە لە چەند تێکۆشەری حیزبیم بیست دەیانگوت قەت بە بیرم‌دا نەدەهات کۆماری ئیسلامی چەکێکی وا ستڕاتژیک بەدژی حیزبی دێموکڕات بەکار بەرێ. ئەمە لەکاتێک‌دا بوو کە ڕێژیمی ئیسلامی ٣٠ ساڵ پێشتر لە ٢٥ی گەلاوێژی 1365دا چەکی شیمیایی بەدژی حیزبی دێموکڕات بەکار هێنابوو، 23 ساڵ پێشتر هەر ئەو قەڵای دێموکڕاتەی بۆمباران کردبوو، و 20 ساڵ پێشتریش لە ڕێگای زەمینییەوە بە مەبەستی قەڵاچۆ و ڕیشەکێشکردن، ئەو شوێنەی بە تۆپخانەی قورس و مووشەکی کاتیۆشا لە نزیکەوە بۆردومان کردبوو.

سەیر ئەوەیە ئەو مووشەکبارانە لە حاڵێک‌دا ڕووی دا کە کۆماری غەدر و خەیانەت ماوەیەکی زۆر بوو فریوکارانە بە نهێنی پێشنیاری وتووێژی بە حیزبی دێموکڕات و ئەندامانی دیکەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دابوو. چەند تاڵ و جێگای مخابنە ئەگەر بەشێکی کەمتەرخەمییەکە بگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە پێمان وا بووبێ ڕێژیم لە هەلومەرجێکی وادا پەلاماری بنکە و بارەگاکانی ئۆپۆزیسیۆن نادا و لەبیرمان چووبێ کە ئەو ڕێژیمە ڕاست بەناوی وتووێژ دوکتۆر قاسملووی دەداو خست و تێڕۆری کرد. ئەزموون نیشانی داوە کە گەورەترین هەڵە بۆ هێزێکی سیاسی ئەوەیە باوەڕ بە بزەی دوژمن، بەتایبەت دوژمنێکی وەک کۆماری ئیسلامی بکا، لە غەدر و خەیانەتەکانی غافڵ بێ، یان چاوەڕوانیی بەزەیی و پابەندبوون بە قانون ورێوشوێنە ئینسانییەکانی لێی هەبێ!

بەداخەوە مێژووی کورد بەتایبەتی لە ئێران نموونەی ئەو چەشنە خەسارانەی زۆر تێدان. بەو ئاواتە کە هەموو لایەک پەند لەو ڕووداوانە وەربگرن و کارێک بکەن کارەساتی لەو جۆرە دووپاتە نەبنەوە.

ئێستا کە لە بەرەبەری دووەمین ساڵوەگەڕی کارەساتی 17ی خەرمانان‌داین هەر ئەوەندەم لە دەست دێ کە وێڕای سڵاو لە گیانی نەمری هەموو شەهیدانی کوردستان لە دوورەوە دەستی دایک و باب و هاوسەرانیان و چاوی منداڵە نازلێشێواوەکانیان ماچ بکەم و سەری رێزلێنانیان بۆ دانوێنم.

وتارەکانی تری نووسەر

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan