کوردستانی

"لەم کاتەدا گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ کەرکوک گونجاو نییە"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"لەم کاتەدا گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ کەرکوک گونجاو نییە"
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

راوێژکارێکی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت لە کەرکوک کورد پارێزگاری ناوێت، ئاماژەی بەوەشکرد لە پێش 16ی ئۆکتۆبەرەوە پەرلەمانی عیراق بڕیاری لابردنی نەجمەدین کەریمی دەرکرد، ئەو کاتە هەلی باشمان لەبەردەست بوو، بەڵام کورد نەچووە ژێر باری ئەو بڕیارە و پارێزگارێکی نوێ دیاری بکات، ئەوەشی خستەڕوو لەم کاتەدا گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ کەرکوک گونجاو نییە.

شوان داودی، راوێژکاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق  لەبارەی پرسی دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک بۆ مەودا میدیا دواو وتی "لە کەرکوک کورد پارێزگاری ناوێت، لەبەر ئەوەی کورد خۆی بەربەستێکی گەورەبووە لە دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک".

ئاماژەی بەوەشکرد "لە پێش 16ی ئۆکتۆبەرەوە پەرلەمانی عیراق بڕیاری لابردنی نەجمەدین کەریمی دەرکرد، ئەو کاتە هەلی باشمان لەبەردەست بوو، بەڵام کورد نەچووە ژێر باری ئەو بڕیارە و پارێزگارێکی نوێ دیاری بکات، هەروەها تا چەند مانگی پێشووش ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا زۆرینەیان کورد بوون دەیان توانی لە کۆبوونەوەیەکدا پارێزگاری نوێ دیاری بکەن، بەڵام لیستە کوردییەکان کۆنەبوونەوە".

لەبارەی ئەوەی کام لایەنی سیاسی کورد رێگرە لە دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک داودی رایگەیاند "سەرجەم لایەنە سیاسییەکان هەڵەیان کردووە بەشێوەیەک لە شێوەکان، لەبەر ئەوەی کە لایەنێک نایەتە پێشەوە دەبێت لایەنێکی دیکە بەدوای چارەسەردا بگەڕێت".

لەبارەی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناکۆکان ئەوەی خستەڕوو "لەم کاتەدا گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ کەرکوک گونجاو نییە، لەبەرەی ئەوەی دوو پێکهاتەی سەرەکی شارەکە رەتیدەکاتەوە و حکومەتی عیراق ناتوانێت ئەو بڕیارە دەربکات، ئەبێت ئێمە بەدوای بەدیلی پێشمەرگەدا بگەڕێین و چەند هێزێک هەیە لە عیراقدا کەسەر بە وەزارەتی بەرگرین ئەمانە هەمووی کوردن و خەڵکی ئەو ناوچانەن دەتوانرێت داوا بکرێت ئەو هێزانە بێنە کەرکوک".

س.س
Qaiwan
Qaiwan