کوردستانی

هەڵوێستی كەجەكە لەسەر رێككەوتنی نەوتی رۆژئاوای كوردستان و ئەمەریكا

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەڵوێستی كەجەكە لەسەر رێككەوتنی نەوتی رۆژئاوای كوردستان و ئەمەریكا
مەودا میدیا – سەركۆ جەمال

 جەمیل بایك، هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان – كەجەكە لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی  ستێرك تیڤی، كە سەر بە پەكەكەیە،  لەبارەی رێككەوتنە نەوتییەكەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ كۆمپانیای "دەلتا كرێسینت ئینێرجی" ی ئەمەریكی قسەیكرد و  رایگەیاند "ئاگاداری ئەو رێككەوتنە نەبووین و ئێمەش  لە میدیاكانەوە بەدواداچوون بۆ هەندێك بابەت دەكەین، بۆیە بە تەواوەتی نازانم راستییەكەی چییە،باس لەوە دەكرێت لە رێگەی كۆمپانیایەكی نەوتەوە رێككەوتنێك واژۆ كراوە، تەنانەت ئاماژە بەوەش دەدرێت حكومەتی سووریا ئەم رێككەوتنەی قبووڵ نییە و بە نایاسایی لە قەڵەمی دەدات و دەڵێ نەوتەكەمان دەدزن".

لەبارەی هەڵوێستی كۆما جڤاكێن كوردستان سەبارەت بەو رێككەوتنە، جەمیل بایك وتی"سوریا دەوڵەتێكە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراوە،بۆیە سەرجەم  سەرچاوە سرووشتییەكانی سەر زەوی و ژێرزەوی سووریا موڵكی خەڵكی ئەو وڵاتەن و هی كەسانی دیكە نین، كەس بۆ نییە بیكاتە موڵكی خۆی ئێمە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری سووریاش دەڵێین، نەوت و سەرجەم دەوڵەمەندییەكانی ژێر زەوی و سەر زەوی سوریا موڵكی خەڵكی ئەو وڵاتەن  ئەوەی راستە ئەمەیە".

 هاوسەرۆكی كەجەكە وتیشی "نازانم ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكەدا واژۆكراوە لە چ چوارچێوەیەكدایە، ئەگەر رێككەوتنەكە بە لەبەرچاوگرتنی كێشە ئابوورییەكانی سوریا و باكوور-رۆژهەڵاتی سووریا واژۆ كرابێت و لەسەر ئەوە رێككەوتن كرابێت، ئێمە لەوبارەیەوە هیچمان پێ ناوترێ، بەڵام ئەگەر وا نەبێت، پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بكرێت".
 
لەبارەی لێك نزیكبوونەوەی لایەنەكانی رۆژئاوای كوردستان و رێككەوتنیان جەمیل بایك دەڵێت "لەبارەی یەكێتی نەتەوەیی هەندێك هەنگاو دەنرێ و لێدوان دەدرێن، بێگومان ئێمە نازانین ئەمانە لەسەر چ بنەمایەك دەكرێن".  
جێی ئاماژەیە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لە دوایین هەفتەی مانگی تەمموزی 2020 رێككەوتنی نەوتی لەگەڵ كۆمپانیای "دەلتا كرێسینت ئینێرجی"ی ئەمریكی واژۆكرد، بەگوێرەی رێككەوتنەكە كۆمپانیا ئەمەریكیەكە توانای بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی رۆژئاوای كوردستان و ناوچەكانی دیكەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر زیاددەكات و نەوتەكەش دەفرۆشێت.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی واژۆكردنی رێككەوتنی نەوت لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكیەكە، یەكەم وڵات توركیا هەڵوێستی خۆی راگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی توركیا ئاماژەی بەوەدا "واژۆكردن و پاڵپشتیكردن لە رێككەوتنی نەوت لەنێوان كۆمپانیایەكی ئەمەریكی و هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) پەسەندكراو نییە ". 

پێش دەستپێكردنی شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی 2011دا حكومەتی سوریا نزیكەی 380 هەزار بەرمیلی لە رۆژێكدا بەرهەم دەهێنا، بەشی زۆری نەوتی ئەو وڵاتە لە ناوچەی رومێلان لە رۆژئاوای كوردستان و دێرەزووری ژێر دەستی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردایە، بەرپرسانی ئەمەریكاش چەندین جار رایانگەیاندووە "سوپای وڵاتەكەیان لە نزیك كێڵگە نەوتییەكانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەبن و رێگەنادەن ئەو بیرە نەوتانە بكەونەوە دەستی داعش یان ئەسەد یان هێزی دیكە".

تا ئێستا هەریەك لە حكومەتی سوریا، ئێران، توركیا و رووسیا رێككەوتنی نەوتیی نێوان رۆژئاوای كوردستان و ئەمەریكایان رەتكردووەتەوە.

Qaiwan
Qaiwan