کوردستانی

"وەزارەتی ناوخۆ لەماوەی كەرەنتینەدا زۆرترین پێشێلكاری ئەنجامداوە"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"وەزارەتی ناوخۆ لەماوەی كەرەنتینەدا زۆرترین پێشێلكاری ئەنجامداوە"
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

ناوەندنی نیشتیمانی بۆ مافەكانی مرۆڤ، لە راپۆرتێكدا ئەو پیشێلكار یاساییانەی خستەڕوو ، كە وەزارەت و دەسەڵاتەكانی دیكە ئەنجامیان داوە، لە بەرامبەردا دەسەڵاتی یاسادانان نەیتوانیوە هیچ بڕیارێك دەربكات، یاخود یاسایەك هەموار بكاتەوە، یەكێك لەو دەسەڵاتانەی كە زۆرترین پێشێلكاری یاسایی ئەنجامداوە وەزارەتی ناوخۆیە.

ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی، ناوەندی نیشتیمانی بۆ مافی مرۆڤ بە هاوكاری سندوقی نیشتیمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی (NED) راپۆرتێكی دەربارەی پێشێلكارە یاساییەكانی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە، بەپێی ئەو راپۆرتە "زۆرینەی وەزارەت و لایەنەكان كۆمەڵێك بڕیاریان دەركردووە كە پێشلكاری یاساییە و لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە".

لە راپۆرتەكەدا هاتووە "وەزارەتی ناوخۆ  42بڕیاری لە ماوەی كەرەنتینەدا دەركردووە، كە زیاتر لە حەوت بڕیاری لە دەسەڵاتی ئەودا نییە، بەپێچەوانەی یاسایە، لەوانە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ، سەپاندنی سزا بەسەر ئەو كەسانەی كە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ جێبەجێ ناكەن، راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان و داخستنی دەروازە سنوورییەكان".

هەر بەپێی راپۆرتی ئەو رێكخراوە " دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی كورستان چەند پێشێلكارییەكی ئەنجام داوە، وەك درێژكردنەوەی ماوەی تەمەنی خانەنیشینی بۆ چەند دادوەرێك، راگرتنی كاركردن بە یاسا، پێكهێنانی لیژنە بۆ ئەو كەسانەی كە حكوم دراون، بڕیاردان بۆ پشوو لە ڕۆژانی پێنجشەمەدا لە دادگاكانی تێهەڵچوونەوە و سەرجەم دادگاكانی دیكە و ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان".

"لەسەرو هەموو ئەمانەشەوە بڕیاردان بە لێبڕینی ٪21 مووچەی مووچەخۆران بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران،ئەمانە و چەندین خاڵی دیكەش لە راپۆرتەكەدا هاتووە، كە لە دەسەڵاتی ئەو لایەنەدا نییە كە بڕیاری لەسەر داوە، زۆرینەیان كاری پەرلەمان و حكومەت و دەسەڵاتی ناوەندی عیراقە، كە بەبێ گەڕاندنەوە بۆ یاسا جێبەجێكراون، لەو چوارچێوەیەشدا وەك رێكخراوەكە ئاماژەی پێكردووە  وەزارەتی ناوخۆ وەك  حكومەتێكی بچوك لەناو حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بڕیاری دەركردووە و جێبەجێی كردووە".

Qaiwan
Qaiwan