کوردستانی

قایمقامی هەولێر باس لە ئاسایی بوونەوەی رەوشی شارەكە دەكات

مەودا میدیا - سلێمانی |


قایمقامی هەولێر باس لە ئاسایی بوونەوەی رەوشی شارەكە دەكات
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

 قایمقامی هەولێر رایگەیاند " ئەو شوێنانەی پێشتر بڕیاردرابوو دابخرێن هەر بە داخراوی ماونەتەوە، شوێنەكانی دیكەش بەپێی بەیاننامەی ژمارە 46 ی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت".
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای هەولێر لە لێدوانێكدا بۆ مەودا میدیا وتی" بارودۆخەكە بڕیاردەدات كە ئایا كەی دۆخەكە ئاساییی دەبێتەوە، ئێمە ئەوەی بە پێویستی بزانین جێبەجێی دەكەین، ئەگەر بزانین دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە ئەوا بێگومان رەوشەكە ئاسایی دەكەینەوە".

قایمقامی هەولێر دەشڵێت "تا ئێستاش هاتووچۆی نێوان هەولێر و پارێزگاكانی دیكەی هەرێم پێویستە بە رێگەپێدانی وەزارەتی ناوخۆ هەیە".

بڕیارەكانی پێشووی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر كە تا ئێستاش بەردەوامن بەمشێوەیەن:

1- لە سنووری سەنتەری شار و سەرجەم قەزاكانی دیكەی سنووری پارێزگای هەولێر، لەكاتژمێر (8)ی ئێوارە تاوەكو (5) بەیانی، سەرجەم بازاڕ و دوكان و هەموو ئەو شوێنانەی بۆ خزمەتی هاوڵاتییان كراوەن دادەخرێن، جگە لە دەرمانخانەكان.

2-هاتووچۆ لەنێوان پارێزگای هەولێر و پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان و عێراق، بەداخراوی دەمێنێتەوە و ڕێگە بە هیچ كەس نادرێت بێتە ژوورەوە، جگە لەو حاڵەتانە نەبێت كە لە بەیانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دیاریكراون، بۆیە تكامان وایە كەس خۆی لە رێگا نەدات بۆ بازگەكان، چونكە رێگەیان پێنادرێت.

3-سەبارەت بە دابەشكردنی مووچە، بەپێی ڕێكار و ڕێنماییە تەندروستییەكان و ئەو میكانیزم و شێوازەی لەلایەن وەزارەتەكانیانەوە بۆیان دیاریكراوە، فەرمانگەكان مووچەی فەرمانبەرانیان دابەشدەكەن، هەرلێرەشەوە داوا لە وەزارەتەكان و فەرمانگەكان دەكەین میكانزمی گونجاو دابنێن بۆئەوەی لەكاتی دابەشكردنی مووچە كەمترین بەریەككەوتن هەبێت.

4-كردنەوەی نۆڕینگە و سەنتەر و كۆمەڵگە پزیشكییەكان ئارەزومەندانە دەبێت و ئەوانەشی كراوە دەبن دەبێت ئەو مەرجانەی خوارەوە یان تێدابێت:
ـ كردنەوەی نۆڕینگەكان لە كاتژمێر (3)ی دوای نیوەڕۆ بۆ (7)ی ئێوارە دەبێت.

ـ لە هۆڵی چاوەڕوانی لە چوار نەخۆش زیاتری لێ نەبێت و نێوانی هەر یەكەیان دوومەتر كەمتر نەبێت.
ـ پزیشك دەستكێشی لەدەست بێ و (دەمامك) ببەستبێ.
ـ نەخۆش یەك هەواڵی زیاتر لەگەڵ نەبێت و هەردوكیان (دەمامك)یان بەستابێ.
ـ ڕۆژانە نۆڕینگە و سەنتەر و كۆمەڵگاكان (تعقیم) بكرێن.
ـ لەو ماوەیەدا لە(كاتژمێر 3 بۆ 7) لە (10) نەخۆش زیاتر نەبینرێت.

5- سەرجەم شۆفێرانی (تەكسی، پاس، مینی پاس) دەبێت پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن و بۆ تەكسی لەدوو سەرنشین زیاتری نەبێ و پاسەكانیش لە نیوەی سەرنشینەكان زیاتر نە بێ، خۆیان و سەرنشینەكانییان (دەمامك) ببەستن و هەر كەسێك سەرپێچی لەم بڕیارە بكات، لەلایەن پۆلیسی هاتوو چۆوە، ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەبێتەوە و بە بڕی(50) هەزار دینار غەرامە دەكرێت.

6-چێشتخانەكان، بە پابەندبوون بەڕێنماییە تەندروستییەكان، تەنها بۆیان هەیە خواردن بە سەفەری یان بە دلیڤەری بفرۆشن.

7- بەهۆی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە شێوەیەكی فراوان لە شاری هەولێر و مەترسی داری دۆخەكە (مزگەوت، كڵێسا، شوێنە ئاینییە پیرۆزەكان، هۆڵی بۆنە ئاینییەكان) بەداخراوی دەمێننەوە و پرسە دانان لە ماڵ و هۆڵ و هەموو شوێنێك و چوونە سەرقەبران قەدەغەیە.

8-ئەم شوێنانەش بەداخراوی دەمێننەوە (سەنتەرەكانی فێركردنی زمان،پاركە گشتی و تایبەتیەكان، شوێنەكانی یاری منداڵان لە ناو مۆڵ و گەرەكەكان، هۆڵەكانی سینەما، هۆڵەكانی ئاهەنگ گێران، هۆڵەكانی بووك گواستنەوە، یانەی شەوانە، نێرگەلەكێشان، هۆڵ و سەنتەرەكانی لەشجوانی، هۆڵەكانی وەرزشی، مەلەوانگە، هۆڵەكەكانی ئاهەنگی شەوانە، یانەكانی مەی خواردنەوە (بار)، گەرماو (حەمام)، سەنتەرەكانی مەساج).

9- ساردەمەنی، چایەخانە، ڕیستۆرانتی باخچەكان، سەرجەم شوێنەكانی هاوشێوەیان، تەنها بۆیان هەیە بە سەفەری و لە رێگەی ئەو كەل و پەلانەی بۆ یەك جار بەكاردێت كار بكەن و مێز و كورسی دانانرێت.

10-لە تەواوی سنووری پارێزگای هەولێر لە ڕۆژانی هەینی، هەموو بازاڕ و دوكان و شوێنە گەشتیاری و سەرجەم شوێنە گشتییەكان بەتەواوی داخراو دەبن، جگە لە نانەواخانە و دەرمانخانەكان، هەركەسێك پابەند نەبێت رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.

11-لە ڕۆژی یەك شەممە 2020.7.5، تەنها دەوامی فەرمانگە پێویستییەكانی تایبەت بەكاروباری هاوڵاتییان، جگە لە (تەندروستی، پۆلیس، ئاسایش، فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان)، بەسیستەمی شەفتات و بەڕێژەی لە 30% دەبێت لەڕۆژانی (یەك شەممە تاوەكو چوارشەممە)، لە كاتژمێر 9 بە یانی تاكو 1 ی دوای نیوەرۆ، سەرجەم فەرمانبەرانی فەرمانگەكان دەبێت (دەمامك) ببەستن، هەر فەرمانبەرێك لە كاتی دەوام (دەمامك)ی نەبەستابێت رێكاری كارگێری بەرامبەری دەگیرێتە بەر، هیچ هاوڵاتییەك و موراجعێك بەبێ بەستنی (دەمامك) بۆی نیە بچێتە ناو هیچ فەرمانگەیەك، هەر فەرمانگەیەك قەرەبالغی تێدا دروستبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندیدار دەوام لەو فەرمانگەیە ڕادەگرین، ئەو فەرمانبەرانەشی جێنشینی دەرەوەی شاری هەولێرن یان لە پارێزگایەكی دیكەن و دەوامییان لەناوی سەنتەری شاری هەولێرە، پێویست ناكات دەوام بكەن.

12- لە هەر شوێنێكی بازرگانی و بازار و دوكان و ماركێت و مۆڵ و چێشتخانەیەك رێنماییە تەندروستیەكان جێبەجێ نەكرێن، دەست بەجێ ئەم شوێنە دادەخرێت، بۆ ماوەیەك كە لە یەك هەفتە كەمتر نەبێت.

13- دەسەڵاتی تەواو دەدرێت بە سەرجەم قایمقامەكان بۆ خۆپارێزی لە كۆرۆنا و جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی لەو ڤایرۆسە، هەر بڕیارێك لە سنووری قەزاكەیان بدەن و لە كاتی پێویستیش بۆیان هەیە لەسنووری قەزاكەیان كەرەنتین و قەدەغەی تەواوەتی ڕابگەیەنن.

14- ئەم بڕیارانە لەكاتژمێر 12ی شەوی 4 لەسەر5ی 2020.7 دەچێتە واری جێبە جێكردنەوە تاوەكو كاتژمێر 12ی شەوی 11 لەسەر 12ی 7/2020.

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
2020.7.4


Qaiwan
Qaiwan