کوردستانی

چەند پێشنیازێک بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن دەخرێتەڕوو

مەودا میدیا - سلێمانی |


چەند پێشنیازێک بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن دەخرێتەڕوو
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت  هەفتەی داهاتوو بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت كەی دەوامی زانكۆ‌و پەیمانگەكان بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەستپێدەكاتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد بەدڵنیاییەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا باشترین بژاردە بۆ كارنامەی ساڵی نوێی جێبەجێ دەكات.

عەباس ئەكرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای رایگەیاند "بە لەبارچاوگرتنی رەوشی تەندروستی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لیژنەیەکی باڵای لەسەر ئاستی وەزارەت و زانکۆکان بەمەبەستی دانانی پلان بۆ چۆنیەتی دەستپێکردنەوەی دەوامی ساڵی نوێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان".

ئاماژەی بەوەشکرد "کاری لیژنەکە تەواو بووە و راپۆرت ئامادەکراوە لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا پێشنیازەکان دەخرێتەڕوو، دواتر بڕیار لەسەر رۆژێك دەدرێت بۆ دەستپێكردنی خوێندنی ساڵی نوێ‌ لە زانكۆ ‌و پەیمانگا  ئەهلی ‌و حكومییەکان".

باسی لەوەشکرد "لیژنەكە چەند پێشنیازێكی جیاوازی كردووە یەكێك لە پێشنیازەكان ئەوەیە لە 1-9وە دەوام بەشێوازی ئەلیكترۆنی دەستپێبكات، دیارە پێشنیازی دیكەش كراوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا باشترین بژاردە بۆ كارنامەی ساڵی نوێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکان پەیڕەو دەکات".

س.س
Qaiwan
Qaiwan