کوردستانی

لە كەمپێكی ئاوارەكانی ناو هەرێم، كۆرۆنا بڵاودەبێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


 لە كەمپێكی ئاوارەكانی ناو هەرێم، كۆرۆنا بڵاودەبێتەوە
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق رایگەیاند، لە كەمپێكی ئاوارەكان كە دەكەوێتە پارێزگای دهۆك، 13تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستنیشانكران، بەوهۆیەوە كەمپەكە كەرەنتین كراوە و تووشبووەكانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەكانی دهۆك.

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە " 13 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كەمپی كبرتۆ-1، لە پارێزگای دهۆك تۆماركراوە".

لەوبارەیەوە ئەسكەندەر محەمەد ئەمین، بەرپرسی نوسینگەی وەزارەتەكە لە پارێزگای دهۆك رایگەیاندووە"ئەمڕۆ هەینی ئەو 13 كەسە دەستنیشانكراون لەناو كەمپەكەدا و دەستبەجێ نێردراون بۆ نەخۆشخانە تایبەتەكان لە پارێزگای دهۆك".

وتیشی "تیمەكانی تەندروستی لەناو كەمپەكەدا بەدوای ئەو كەسانەدا دەگەڕێن كە پەیوەندییان لەگەڵ تووشبووەكاندا هەبووە، لەئێستادا توشبوەكان كەرەنتین كراون".

ئەسكەندەر محەمەد ئەوەشی خستەڕوو "نمونە لە سەرجەم ئەو كەسانە وەرگیراوە كە پەیوەندی و بەریەككەوتنیان لەگەڵ توشبووەكان هەبووە لە رۆژانی رابردوودا، پرۆسەی كەرەنتینیش بەسەر تەواوی كەمپەكەدا جێبەجێدەكرێت".

بەرپرسی نوسینگەی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لە كەمپی كبرتۆ-1 راشیگەیاندووە "لەسەر فەرمانی ئیڤان فائق جابرۆ، وەزیری كۆچ و كۆچبەران رێكارەكان گیراونەتەبەر بۆ رێگرتن لە هاتنە ناو و چونەدەرەوە لە كەمپەكە، بەمەبەستی سنورداركردنی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا".

Qaiwan
Qaiwan