کوردستانی

مەسرور بارزانی: پارتی و بارزانی بوون بە رەمزی داکۆکیکردن لە مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەسرور بارزانی: پارتی و بارزانی بوون بە رەمزی داکۆکیکردن لە مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان
مەودا  میدیا-

مەسرور بارزنی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان  بەبۆنەی 74ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەو حزبە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە، ئاماژە بەوەدەکات پارتی و بارزانی بوون بە ڕەمزی داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان.

لە پەیامەکەدا هاتووە "پیروزبایی حەفتاو چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی رێبەری نەتەوەیی و نیشتیمانیمان جەنابی سەرۆک بارزانی لە هەموو کوردستانییەکی تێکۆشەر و دڵسۆز و بە تایبەتی هەموو لایەنگر و ئەندام و سەرکردایەتی پارتی دەکەم".

ئاماژە بەوەشکراوە "دامەزراندنی پارتی وەک گەورەترین و سەردەمیانەترین حزبی دیموکرات و جەماوەری، لە فراوانترین پانتایی جوگرافی لە سەرتاسەری کوردستان، وەرچەرخانێک بوو لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا، کە هەمو ئازادیخوازێکی لە ژێر چەتر و ڕێبەرایێتی باوکی نەتەوەییمان بارزانی نەمر کۆکردەوە و رووحی بەرگریکردن و خۆڕاگری لە ناخی هەموو نیشتمانپەروەرێکدا زیندوو کردەوە".

ئەوەش خراوەتەڕوو "بە درێژایی مێژووی پڕ سەروەریی ڕووبەڕووبوونەوەی زوڵم و ستەم و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی گەلەکەمان، پارتی خاوەنی سەدان داستان و سەرکەوتنە و چەندین دەستکەوتی مێژوویی بۆ گەلی کوردستان بەدەستهێناوە و قەڵایەکی پۆڵایین بووە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان لە هەموو پارچەکاندا و هەموو ئازادیخوازێک لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".

راشیدەگەیەنێت "پارتی و بارزانی بوون بە ڕەمزی داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان، هەر بۆیەش پەلاماری دوژمنان پێش هەموو لایەک بۆ سەر پارتییە. بڕوای نەگۆڕی پارتی لە خەباتی بەردەوام و خۆنەچەماندن، وایکرد لەگەڵ لایەن و پارتە تێکوشەرەکانی دیکە، کیانی کوردستانی بێتە سەر نەخشەی سیاسەتی جیهانی".

لە کۆتایشدا هاتووە "ئەمڕۆ لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە کە ھەرێمەکەمان و ناوچەکە، گیرۆدەی قەیرانی سەختی تەندروستی و ئابووری بووەتەوە، باشترین رێکار بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، بەر لە ھەر شتێک یەکڕیزی و تەبایی ناوخۆی کوردستانە، هیوادارم گشت لایەکـ، بەرپرسیارانە تواناکانمان یەک بخەین بۆ ئەوەی وەک ھەمیشە، بە سەر کۆسپ وسەختییەکان زاڵ بین و هەموو کێشەکانی دەڤەرەکەش لە ڕێگەی ئاشتی و گفتوگۆوە چارەسەر بکەین".

س.س
Qaiwan
Qaiwan