راپۆرت

پەیوەندییەكانی توركیا و یۆنان.. بەهێواشی دەكوڵێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


پەیوەندییەكانی توركیا و یۆنان.. بەهێواشی دەكوڵێت
هێمن سەعید - ئینستتیوتی نارین - مەودا میدیا

رۆژی چوارشەممەی رابردوو پێكدادانێكی سوك لە نێوان یەكێك لە كەشتیە جەنگیە بچوكەكانی یۆنان و توركیادا لە رۆژئاوای دەریای ناوەڕاست روویدا، كە ناوچەی جێناكۆكی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە، یۆنان لای خۆیەوە پێكدادانەكەی بە تەنها رووداوێك ناوبرد، بەڵام توركیا بە زیاتر لە رووداو و بە شەڕفرۆشتن ناویبرد.

رووداوەكە چۆن روویدا؟
رووداوەكە كاتێك روویدا، كە توركیا كەشتیەكی دۆزەرەوەی نەوت و غازی بەیاوەری چەند كەشتیگەلێكی بچوكی جەنگی ناردە ئاوەكانی ناوچەی جێناكۆكی نێوان وڵاتەكەی و وڵاتی یۆنان بۆ دۆزینەوەی نەوت و غاز، لەكاتی نزیكبوونەوەی كەشتیە جەنگییە بچوكەكانی توركیا و یۆنان پێكدادانێكی سوك لە  نێوان دوو كەشتی جەنگی بچوكی نێوان هەردوولادا روویدا.
سەرچاوەیەكی یۆنانی بە رۆیتەرزی راگەیاندووە"كەشتی دۆزەرەوەی توركی لە نێوان قوبرس و دوورگەی كریت هاتووچۆی كردووە و دواتر نزیك بووەتەوە لە كەشتییە جەنگییە بچوكەكانی یۆنان، یەكێك لە كەشتیە جەنگییە بچوكەكانی یۆنان لەگەڵ یەكێك لە كەشتیە جەنگییە پاسەوانەكانی كەشتیە دۆزەرەوەكەی توركیا بە سووكی بەریەككەوتوون".

گرژییەكانی نێوان توركیا و یۆنانی زیاتر كرد

ئەو رووداوە هێندەی تر گرژیەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی بەرزتر كردەوە، كە لەساڵی 1995 وە ئەو دوو وڵاتە بەردەوام لە ناكۆكیدان لەسەر دوورگەیەكی بچوكی ئاوی لە دەریای ئیجە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا رایگەیاند" هەر هێرشێك بۆسەر كەشتی كەشماڵی توركی لە دەریای ناوەراست، بەبێ وەڵام تێ ناپەرێت، وتیشی "پێمان وتوون ئەگەر هێرش بكەنە سەر كەشتی (عروجی سەرۆك) باجێكی قورس دەدەن و ئەمە یەكەم نامەیە پێتان بگات".
لەبەرانبەردا نیكۆس دندیاس، وەزیری دەرەوەی یۆنان، لە ڤییەنا لەكاتی چاوپێكەوتنی لەگەڵ هاوتا ئەمەریكییەكەی مایك پۆمپیو، وتی" هیوادارام هەموو رەفتارێكی هەردوولا لە ژێر یاسای نێودەوڵەتیدا بێت، هەروەها وتیش هەموشتێك چارەسەر دەبێت، بەڵام پێویستە ئەو پرسیارە لە توركەكان بكرێت".

یەكێتی ئەوروپا پشتگیری یۆنان دەكات

یەكێتی ئەوروپا لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە كۆبوونەوە بۆ تاوتوێكردنی ئەو بابەتە، بەگوێرەی وتەی یەكێك لە بەرپرسانی یەكێتی ئەوروپا بۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز " شارڵ میشاڵ، سەرۆكی ئەنجومەنی ئەوروپی، رۆژی پێنجشەممە، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەردۆغان ئەنجامداوە  و پێی راگەیاندوە" یەكیتی ئەوروپا بەتەواوی پشتگیری یۆنان دەكات".
سەرچاوەكە راشیگەیاندووە "میشاڵ داوای وەستاندنی بەرزكردنەوەی گرژییەكانی كردووەو ئەردۆغانی هانداوە بۆ خۆلادان لە بەرزركردنەوەی گرژییەكان و بانگكركردنی بۆ گفتوگۆ وە بڕیاریشە لەكۆتایی ئەم مانگە یەكێتیەكە كۆببێتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو پرسە".

فەرەنسا ئاگرەكە خۆش دەكات

وەزاەرتی سوپای فەرەنسا رایگەیاند "چەكدارەكانیان لەجۆری رافاڵ و دوو كەشتی سەربازی  بەشێوەیەكی كاتی بڵاوەپیكردەوە لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەهۆی كێشەی نێوان توركیا و یۆنان بۆ دەرهێنانی غاز لە ئاوەكانی دەریای ناوەڕاست".
پێشتریش فەرەنسا رایگەیاندبوو"دوو فڕۆكەی سەربازی و لەگەڵ دوو كەشتی سەربازی ناردووەتە ئاوەكانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بۆ پشتگیریكردنی یۆنان لەهەر مەترسی و هێرشێكی توركیا".
لەبەرانبەردا "مەولود چاوش ئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا ئەو كارەی فەرەنسای بە ئاژوەگێڕی ناوبرد و داوای لە فەرنسا كرد دور بكەوێتەوە لەو هەنگاوانەی كە دەینێت بۆ زیادكردنی گرژیەكانی ناوچەكە".
شایەنی باسە، چاوەڕی دەكرێت، ئەمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا، هەفتەی داهاتوو، لەگەل ئەنگێلا مێركل، راویژكاری ئەڵمانیا چاویان بەیەكتری بكەوێت بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بە بەرزبوونەوەی گرژیەكانی نێوان یۆنان و توركیا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمریكا پشتیوانی نەیارانی توركیایە و رووسیاش پشتیوانی توركیایە


ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، پشتیوانی هەوڵەکانی هەریەک لە ئیسرائیل و قوبرس و یۆنان دەکات بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتییەک لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، جگە لە رێکەوتننامە ئەمنییەکان، واشنتۆن نیازی وایە کاربکات لەسەر دروستکردنی ڕێڕەوێکی وزە، لەپێناو گواستنەوەی ئەو گازەی کە لەم دواییەدا لە ناوچەکە دۆزراوەتەوە بۆ ئەوروپا، ئەمەش رەنگە کار بکاتە سەر کەمکردنەوەی زاڵێتی روسیا وەک دابینکەری وزە بۆ بازاڕی ئەوروپا و ئاستەنگێکیش بێت بەرانبەر بە بەرزەفڕییەکانی ئێران بۆ بەکارهێنانی سوریا وەک دەروازەی دەریای ناوڕاست كە لەساڵی 2011 رێكەوتنی لەگەڵ واژۆكرد بۆ گواستنەوەی بۆری غاز لەئێرانەوە بەناوخاكی عیراقدا بۆ سوریا.

ئەو هاوپەیمانێتییەی کە بەنیازە درووست بکرێت، دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئەو هێڵەی کە ئیسرائیل و قوبرس و یۆنان بە بازاڕەکانی ئەوروپا دەبەستێتەوە، کە لە بنەڕەتدا وا بەرنامە بوو کە ئەو هێلە بەناو تورکیادا بڕوات، بەڵام دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و تەلئەبیب، ئیسرائیل بیری لە بەدیلی ئەو پرۆژەیە کردەوە، کە ئەویش گواستنەوەیەتی بەناو وڵاتی یۆناندا کە لە رووی تێچوونەوە زیاتری تێدەچێت.
لەبەرانبەردا، توركیا رووی لەرووسیایە و ئەمەریكا بە پشتیوانیكردنی بێبنەمای وڵاتانی نەیاری خۆی ناودەبات، ئیسماعیل حەقی پەكین، سەرۆكی هەواڵگری پێشوی توركیا، رایگەیاند"میسر و یۆنان داشی شەترەنجن بەدەست ئەمەریكاوە، بەگڵۆپی سەوزی ئەمەریكی رێككەوتوون بۆ ناچاركردنی توركیا تا ریككەوتنی دەریایی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ بكات". وتیشی" پێویستە توركیا وەڵامی هەبێت لەجەزیرەی میس، وە دەبێت توركیا هەستێت بە سەپاندنی ئەمری واقع لە دەریای ناوەڕاستدا، وە ململانێ لەگەڵ یۆنان بوەتە ئەمری واقع".

سویسرا ناوەندگیری دەكات


ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، مەولود چاوش ئۆغلۆ، وەزیری دەرەوە تورکیا لەكاتی سەردانەكەی بۆ سویسرا، داوای لەو وڵاتە كردووە هەستێت بە ناوەندگیری لە نێوان وڵاتەكەی و وڵاتی یۆنان و رایگەیاند" توریکا بەشێوەیەكی بنچینەیی ئامادەیە كە سویسرا ناوەندگیری نێوان ئەنقەرە و ئەسینا بكات لە سەر بەرزبوونەوەی گرژیەكانی ئەم دواییەی نێوان توركیا و یۆنان لە ئاوەكانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست".

رێككەوتنی توركیا و لیبیا


پێش رووخانی رژێمەكەی عومەر حەسەن بەشیری سودان، توركیا رێكەوتنێكی لەگەل مۆركرد بۆ بەكرێدانی دورگەی سەواكن و جێگیركردنی بنكەیەكی سەربازی لێی تا لەو ریگەیەوە جێگەیەك بۆخۆی لە دەریای سوردا دابینبكات و بگاتە ئەفریقا، بەڵام بەرووخانی رژێمەكەی بەشیر كۆتای بەو رێكەوتنەش هات.

بۆ جێگرتنەوەی ئەو رێكەوتنە توركیا لەگەڵ حكومەتەكەی سەراج لەكۆتای ساڵی 2019 رێكەوتنی لەگەڵ مۆركرد تا بگاتە لیبیا، بەهەمان شێوەی رێكەوتنەكەی لەگەڵ بەشیر دەوڵەتانی ناوچەكە نارەزایەتیان دەربری لەوانە ئیسرائیل، قوبرس، یۆنان، میسر، فەرەنسا، یەكێتیی ئەوروپا و ئەمەریكا.

مانگی 11ی رابردوو توركیا و حكومەتەكە سەراج(حكومەتی دانپێدانراوی لیبیا لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە) رێكەوتنێكیان واژۆ كرد بۆ دیاریكردنی سنوری ئاوی دەریای ناوەراست، رێكەوتنەكە ناوی لێنرا یاداشتنامەی لە یەكگەیشتن بۆ دیاریكردنی ناوچە دەریاییەكانی نێوان هەردوولا.
ئەو رێكەوتنە بوویە هۆی توڕەكردنی چەند وڵاتێكی ناوچەكە بەتایبەت یۆنان و ئیسرائیل و قوبرس و میسر و فەرەنسا، ئەمەریكا و یەكێتی ئەوورپا، هەر یەكە لە میسر و یۆنان بەتووندی رەتیانكردەوە(بەرهەلستیان كرد)، بابەتەكە دوو دیوی هەیە كە بۆ نەیارانی توركیا مایەی نیگەرانین. یەكەم، رێكەوتنەكە بەوەی كە نزیكەی نیوەی ئاوی دەریای ناوەڕاستی بە توركیا داوە، دەرگای بە رووی هەر پرۆژەیەكی گواستنەوەی گازی لە ئیسرائیل و میسرەوە بۆ ئەوروپا، بەبێ رەزامەندیی توركیا، داخستووە.

دووەم، توركیا تاكلایەنە سنووری دەریایی خۆی لەگەڵ قوبرس و یۆنان دیاری كردووە، كە ئەمەش بۆتە مایەی نیگەرانیی یەكێتیی ئەوروپا.
جگە لەرێكەوتنی ئاوی، توركیا و لیبیا رێكەوتنێكی ئەمنیشیان واژۆكردووە كە هەردوولای كردۆتە هاوپەیمانی یەكتری و دەرفەتی بە توركیا داوە، لە كاتی پێویستدا، تەنانەت بەبێ ئاگاداركردنەوەی حكومەتی سەراجیش، سوود لە كایەی ئاسمانی و سنووری دەریایی لیبیا وەرگرێ، هەر ئەوەش بویە هۆی ئەوەی هێزەكانی حەفتەر بكەونە ژێر رەحمەتی بۆردومانی درۆنەكانی توركیا.

رێكەوتنی میسر و یۆنان


لە رۆژی شەشی ئابدا، میسر و یۆنان واژۆی رێكەوتنێكیان كرد بۆ دیاریكردنی سنوری ئاوی نێوانیان، سامح شوكری، وەزیری دەرەوەی میسر، لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا یۆنانییەكەی لە قاهیرە، رایگەیاند "وڵاتەكەی لەگەڵ یۆنان ئیمزای رێككەوتنێكیان كردووە بۆ دیاریكردنی ناوچەی ئابوری لەنێوانیاندا لە رۆژهەڵاتی دەریاری ناوەڕاست كە ناوچەیەكە ئومێدی لەخۆگرتنی یەدەگێكی زۆریی نەوت و غازی لێدەكرێت. 
لەراستیدا رێكەوتنەكە وەك پەرچەكردارێك بوو لەبەرانبەر رێكەوتنەكەی توركیا و لیبیا لە ساڵی رابردوو، یۆنان رایگەیاند "رێككەوتنەكەیان لەگەڵ میسر، بەكردەوە ئەو رێككەوتنەی نێوان توركیاو حكومەتی لیبیا پوچەڵدەكاتەوە كە ساڵی رابردو ئەنجامیانداوە، ئەگەرچی رێكەوتنەكەی نێوان توركیا و لیبیا خۆسەری بوو وە هیچ لایەنێك پێی رازی نەبوو، بەڵام رێكەوتنەكەی نێوان میسر و یۆنان جگە لە توركیا وڵاتانی ناوچەكە نارەزاییان دەرنەبڕی.

جێگەی ئاماژەیە، لەئێستادا دەریای ناوەڕاست بووە بەچەقی ستراتیژی وزە و وڵاتانی ناوچەكە دابەشكردووە بەسەر چەند بەرەیەكدا، توركیا و باكوری قوبرس و حكومەتەكەی سەرراج بەرەی نەیارن لەبەرانبەر یۆنان و ئیسرائیل و قوبرس و میسر و حەفتەر، وە سوریا و لوبنان و فەلەستین بەرەی لاوازن، ئەمەریكا و فەرەنسا و یەكێتی ئەوروپا پشتیوانی بەرەی دووەم دەكەن و رووسیاش پشتیوانی بەرەی یەكەم دەكات، دۆخەكە بەهێواشی دەكوڵێت و هەردوو بەرەكە لەرووی هێزی سەربازی دەریاییەوە بەهێزن، پێكدادانی ئاوی یەكێكە لە گریمانەكانی دەرئەنجامی ئەو ئاڵۆزیانەی ناوچەكە.
س.ج
Qaiwan
Qaiwan