خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

سەردانەکە ئاساییە، بەڵام دەرئەنجامەکە پرسیاری لەسەرە

سەردانی ھێژا نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا کارێکی ئاساییە، بەڵام کاتەکەی و بابەتەکانی ئامادەکراو بۆ گفتوگۆکردن لەسەری جێگەی پرسیار دەبن.

پێگەی تورکیا لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی گەمارۆ دراوە بە کاردانەوەی بەھێز دژی، لە لیبیا تووشی جۆرێک لە شکست بووە، یۆنان گفتوگۆکردنی لەگەڵی رەتکردەوە، یەکێتیی ئەوروپا خۆی بۆ سزادانی تورکیا ئامادەساز کردووە، میسر و ئیسرائیل و ئیتالیا رێککەوتنی دەریاییان کردووە و بەرانبەر سەرەڕۆییەکانی ئەردۆغان تەیارن. ھەرچی دۆخی ناوخۆیی تورکیایە وای لێھاتووە جگە لە مەھەپە، کەس لەگەڵ ئەردۆغان نەماوە، بگرە خۆیان بۆ شکستپێھێنانی ساز دەدەن.

کارەکتەری دووەم کە ھەرێمی کوردستانە دۆخێکی خراپی ھەیە، بەغدا فشاری لێدەکات، حزبەکانی کوردستان، بەشێک لە یەکێتی و گۆڕان دژی سیاسەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستانن، زۆرینەی خەڵکی برسیکراو داوای چاکسازیی راستەقینە و باشکردنی گوزەرانیان دەکەن، حکومەت توانای پاراستنی سنوورەکانی نییە و لەژێر داگیرکاریی تورکیا و ئێراندایە، کازمی دەیەوێ ھەرێم وابەستەی سیاسەتی تورکیا نەبێت و بگەڕێتەوە ناوەند.

تورکیا چی لە ھەرێم دەوێت و ئایا ھێژا نێچیرڤان بارزانی رازی دەبێت؟

رێککەوتنی نەوتیی پەنجا ساڵەی بارزانی- ئەردۆغان خاڵی سەرەکیی گفتوگۆی ئەوڕۆ دەبێت لە تورکیا، بۆ ئابووریی تورکیا گرنگە، کەچی کوردستانی خستووەتە سەر ساجی عەلی، دەرچوون لێی ئاسان نییە، تورکیا فشاری زۆر بۆ مانەوەی دەکات، کوردستان متمانەی بە عیراق نییە کەوا ئەگەر بکشێتەوە، عیراق رێککەوتنی تەواوەتی دوورمەودای لەگەڵ دەکات و لە ھەردوولاوە دەستی دەرناچێ؟

لێرە کارەکتەری مەسرور بارزانی ھەیە، ئەو وەکو نێچیرڤان بارزانی نزیک لە تورکیا نییە، ھەروەھا حکومەتەکەی لەژێر فشاری خەڵک و بەغدادایە، ئەو دوو ئاراستەیە مەترسیی زۆر گەورەیان بۆ ئێستای کوردستان ھەیە.

بەھەمان شێوە ئێران، فەرەنسا و زۆرێک لە وڵاتانی کاریگەریی دیکەی وەکو ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات، میسر، رووسیا، ھێزی کاریگەریی وەکو پەکەکە ئەو نزیکییە زۆرەی ھەرێمی کوردستان و تورکیا خۆشحاڵیان ناکات.

دیمەنی سەردانەکە روونە، تورکیا کوردستانی بۆ نەوت و وەکو بازاڕ دەوێ، نزیکبوونەوەی زۆری بەغدا و ھەولێر دڵخۆشی ناکات، بەڵام مەرج نییە بارزانی وەکو ئەوەی تورکیا دەیەوێ بەتەواوی خۆی رادەست بکات.

لەڕووی دیپلۆماسییەوە بارزانی مەودای زۆری بۆ یاریکردن ھەیە، بگرە کارت و پشتیوانیی بەھێزیشی ھەیە و لە دەستە، ناتوانێ پەیوەندیی لەگەڵ تورکیا بپچڕێنێ، بەڵام دەتوانێ داوای شێوازێکی تازە بۆ ئەو پەیوەندییە بکات.

رێگەکە بۆ بارزانی سەختە، بەشێک لەو پەیوەندییە ناھاوسەنگەی ھەرێم و تورکیا بارزانی کردە، رێکخستنەوەیشی لە ئەستۆی ئەوە، ھەرچی بووە دەبێت بارزانی فشار لە تورکیا شێوازی مامەڵە بگۆڕێ، واز لە داگیرکاریی خاکی کوردستان و شەڕی پەکەکە بھێنێت.

ئەوەی ھەیە، گێمی دووەمی یارییەکەیە، پێشتر و ئێستاش نێچیرڤان بارزانی لە دروستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ تورکیا خۆی راھێنەر و یاریزان بوو و لە گێمی یەکەمدا دۆڕا، دەبێت لەم گێمەدا ھەوڵی ئەنجامێکی باش بدات.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan