سۆزان حەمەتاتە
سەردەمی رژێمەکەی بەشار ئەسەد و سەردەمی ئێستای ئەحمەد شەرع لە سوریا، بە بەرنامە ناوچە کوردییەکان تەتریک و تەعریب کراون و دەکرێن، ئاسەواری ئەوەی سەردەمی ئەسەدەکان نەخشەی رۆژئاوای کوردستانیان دابڕاو لە یەکتر کردووە، دەیان گوند و شوینی نیشتەجێبوونیان بە خەڵکی عەرەب و تورک لە ناوچە کوردییەکان درووستکردووە و بەتەواوی بوونە مایەی شێواندنی دیمۆگرافیای کوردستان.
سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی لە سوریا، دەرفەتی زیاتری رەخساند بۆ تورکیا دەستتێوەردان لەو وڵاتە بکات و لە ساڵانی دواتریشدا دەستیکرد بە داگیرکردنی عەفرین و چەندین ناوچەی دیکە و عەرەبی نزیک لە خۆی و تورکمانی زۆری لێ نیشتەجێ کردن، ئەوە ئێستا بۆمبێکی تەوقیتکراوە.
هەروەها سەرهەڵدانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی ٢٠١٤، دیسانەوە بووە مەترسییەکی دیکەی گەورە بۆ سەر کورد و ناوچە کوردییەکان، چونکە تورکیا بە تەواوی پاڵپشتی دەکردن و خودی تیرۆریستانی داعشیش بوونی کوردیان وەکوو نەتەوە رەتکردەوە و بە کافر و لە دین دەرچوو ناویان دەبردن.
سەردەمی ئەحمەد شەرع سەرەتاکەی بە تەعریبی ناوی سوریا دەستیپێکرد و ناوی نا (کۆماری عەرەبیی سوریا)، روون و رەوان واتای ئەوەیە خاکی سوریا خاکێکی عەرەبییە، بەڵام لەبەرئەوەی هێشتا تەواو بەهێز نین و ناتوانن بە یەکجاری کورد رەتبکەنەوە، ئەوا بەناوی یەکسانی و هاوڵاتیبوون هەندێک وردە مافیان داونەتێ.
مەترسیی گەورەتر لەوانە ئەوەیە، چەند رابردوو بینیمان ژمارەیەک کوردی ئاوارە گەڕانەوە بۆ سەرێ کانی و عەفرین و گوند و ناوچەی تر، کەچی لەلایەن عەرەبی بردراو بۆ ناوچە کوردییەکان، هێرشیان کرایە سەر و ئاژاوەی گەورەی لێ کەوتەوە.
ئەو عەرەبانەی لەوێ نیشتەجێ کراون نزیکن لە سیاسەتی تورکیا، هەروەها بەشێک لە هۆزەکانیشیان دۆستی ئەحمەد شەرع و دەسەڵاتەکەین، لەو نێوەدا کورد بێ پشتیوانی ماوەتەوە و بۆ رێگەدان بە ژیانکردن لەناو گوند و سەر خاکەکەی خۆی دەبێت فەرمان لە عەرەب و تورک وەربگرێ.
دەسەڵاتەکانی سوریا و تورکیا بۆیان رەخساوە کورد وەکوو نەتەوە نەبینن، بەڵکوو بەناوی برایەتی و ئایینەوە تەتریک و تەعریبی خاکی کورد دەکەن و وردە وردە هەژموونی خۆیان لە ناوچە کوردییەکان دەسەپێنن و زۆری دەکەن، ئەمەیش مەترسییەکی هێندە گەورەیە ناکرێت فەرامۆش بکرێت و بەهەند وەرنەگیرێت.
خ.غ